تەها عەبدوڵڵا
دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی گۆڕانكاری لەپۆستی ئیدارەی پارێزگاكە و كاردانەوەی بەشێك لە لایەنەكانی ناو ئەنجومەن، جارێكی تر تەئكید لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دەكرێتەوە و داوا لە لایەنی ناڕازی دەكرێت پابەندی ئەو گۆڕانكاریانە بن كە بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن پۆستەكان دابەشكراوە. لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی-ش رایدەگەیەنێت: ناكرێت لایەنێك بە چوار كورسییەوە داوای 20 پۆستی ئیداری بكات، «گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكاندا لە بەرژەوەندیی خەڵكی سنوورەكەیە و جگە لە پەرلەمان و دادگای فیدراڵ، هیچ لایەنێكی تر دەسەڵاتی رەتكردنەوەی نییە».
20 ساڵە ئیدارەی دەدەن
ئاراس محەمەد ئاغا لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای ی.ن.ك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی گۆڕانكاری لە پۆستی یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگاكە، یاساییە و هەر لایەنێك بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن و كورسیی ئەنجومەن، ئەو پۆستانەی پێدراوە. وتیشی: ئەوانەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا رەتدەكەنەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدەدەن، ئەوانەن ماوەی نزیكەی 20 ساڵە بەهۆی بارودۆخی تایبەتی پارێزگاكە و عیراق بەگشتی ئیدارەی قەزا و ناحیە و ناوەندی پارێزگاکەیان كردووە، كەچی ئەمڕۆ لەئەنجامی گۆڕانكاری لە ژمارەی دەنگەكانیان و كەمبوونەوەی كورسییان دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن، لەكاتێكدا لەو پۆستانە پشكی ئەوان دیاریكراوە و مافەكانیان دیارە.
ئاراس محەمەد ئاغا: ناكرێت بە چوار كورسییەوە داوای 20 پۆست بكەیت
گۆڕانكارییەكان بەردەوام بێت
راشیگەیاند: حزبی باڵادەستی كورد لە موسڵ، رێگریی دەكرد یەكێتی هیچ پۆستێك وەربگرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەمافی خۆمانی دەزانین قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەمان هەبێت، وەك چۆن لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ بەدەستهێنانی قائیمقامی (مەخمور، هەردوو بەڕێوەبەری ناحیەی خانكێ و سنونێ) دەنگی پێویستمان هێناوە و ئەوەشی باسدەكرێت گوایە ئەو بڕیارە لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵ رەتكراوەتەوە، راست نییە و بەگوێرەی یاسا ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی گۆڕانكاری لە یەكە ئیدارییەكانی ناوشاردا هەیە، هەروەك بەهۆی نەبوونی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەكانیش ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە گۆڕانكاری لە قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانیشدا بكات.
ناكرێت هەمان ئەو پۆستانە وەربگرنەوە
ئاماژەی بەوەشكرد كە پێویستە هەموولایەك لە ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامی هەڵبژاردنیان قبووڵبێت و ناكرێت پێشتر زیاتر لە 20 یەكەی ئیداری بەدەستەوەبێت، ئەمڕۆ بە چوار كورسییەوە داوای هەمان ئەو پۆستانە بكاتەوە، ئەوان بەركەوتەی خۆیان وەرگرتووە و پێویستە لەبەردەم لایەنەكانی تردا رێگرنەبن. وتیشی: تەنیا رێگا بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا لەبارەی ئەو گۆڕانكاریانە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە، ئەویش بەدەنگدان لە دانیشتنێكی ئاسایی یان بڕیاری دادگای فیدراڵ، ئەوەش بەدوور دەزانین، چونكە بڕیارەكە هیچ لایەنێكی نایاسایی تێدا نییە، بۆیە پێویستە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت و هەمولایەك پێیەوە پابەندبن و بۆ دەستبەكاربوونی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانیش پێویستە پارێزگاری نەینەوا بڕیاری بۆ دەربكات و دەستاودەستی ئەو یەكە ئیداریانە بكرێت، بۆ ئەمەش پارێزگار كە لەلایەنی ناڕازییە، ناتوانێت بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا رەتبكاتەوە، چونكە خۆی لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە متمانەی وەرگرتووە.
نەبنە رێگر لەبەردەم گۆڕانكارییەكان
دووپاتیشیكردەوە: گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان كەماوەیەكی زۆرە وەك خۆی ماوەتەوە، لە بەرژەوەندیی خەڵكی سنوورەكەیە، بۆئەوەی بە عەقڵیەتێكی تازە خزمەت بە هاووڵاتیان بكرێت، ئەو گۆڕانكارییەش تەنیا لە نەینەوا نەبووە، بەڵكو لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەكرێت، بۆیە پێویستە ئەوانەی بڕوایان بە هەڵبژاردن هەیە، بەلایانەوە ئاسایی بێت و نەبنە رێگر لەبەردەم پڕۆسەی دیموكراسی و گۆڕانكاریی ئیداری.