خوێندكار و كتێبی دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن

09:37 - 2024-07-09
ڕاپۆرت
270 جار خوێندراوەتەوە
خوێندنەوەی كتێب هۆكارێكە بۆ پێگەیاندنی ئاوەزی رۆشنبیریی خوێندكار

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد



جاران خوێندنگەكان كتێبخانەی گەورە و كتێبی هەمەچەشنی تێدا بوو، بەڵام ئێستا بەشێک لە خوێندنگەکان کتێبخانەیان نییە و ئەوانەشی هەیانە چەند رەفەیەکی بچووکی پشتگوێ خراوە.
عەبدوڵڵا رەشید مامۆستای خانەنشینە، لەسەر بوونی كتێبخانە لە خوێندنگەكاندا وتی: خوێندنی سەرەتایم لە خوێندنگەی نالی تەواو كردووە لە شاری کەرکوک، بیرم دێت كتێبخانەیەكی گەورەی هەبوو كە نزیكەی حەوت هەزار كتێبی تێدا بوو مامۆستاكانی خوێندنگەكەش بە بەردەوامی رێنمایی خوێندكارانیان دەكرد بۆ خوێندنەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابووین كتێبی تازە بەدەست بهێنین.
وتیشی: مامۆستایەكمان هەبوو بەناوی ئیسماعیل رۆژبەیانی بەردەوام هەوڵی لەگەڵ دەداین بۆ خوێندنەوە، کتێبی پێدەداین بۆ خوێندنەوە و رۆژی دواتر لەناو پۆل لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە پرسیاری لێ دەکردین ئێمەش بەپێی تێگەیشتنی خۆمان لە کتێبەکە وەڵاممان دەدایەوە، ئەوە هاندانێکی باش بوو بۆ خوێندنەوە.

خوێندنەوە پێویستیی رۆژانەیە
ئەوەی ئێستا دەبینرێت بەگشتیی لە قوتابخانەکاندا خوێندکاران گرنگی بە خوێندنەوەی کتێبی دەرەوەی پرۆگرام نادەن و مامۆستایانیش وەک پێویست هانی خوێندکاران نادەن بۆ خوێندنەوە.
تیشك محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی دەربارەی گرنگی كتێب و كتێبخانە لە خوێندنگەكاندا بەكوردستانی نوێی وت: خوێندنەوەی كتێبی دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن پێویستییەكی گرنگی رۆژانەی خوێندكارە، لەبەرئەوەی هۆكارێكە بۆ پێگەیاندنی ئاوەزی رۆشنبیریی خوێندكار و زانیارییەكانی لە هەموو بوارەكاندا پەرە دەسێنێت.
لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا تا ناوەڕاستی هەشتاكان، خوێندنگەكانی كەركوك و عیراق پانتاییەكی فراوانیان لە هەموو روویەكەوە هەبوو، هەموو پێداویستییەكانی خوێندنگە ژووری تایبەتی خۆی هەبوو، كتێبخانە لە خوێندنگەكانی جاراندا ژووری تایبەتی هەبوو مامۆستا و چەند خوێندکارێکی بۆ دانرابوو كە كاروبارەكانی كتێبخانەکەیان بەڕێوەدەبرد و خوێندكارانیان هاندەدا بۆ خوێندنەوە، تەنانەت هەندێك لە خوێندنگەكان گۆڤار و رۆژنامەی تایبەت بە خۆیان دەردەکرد.

کەمیی بینای خوێندنگە هۆکارە
كامەران عەلی بەڕێوەبەری پەروەردەی خوێندنی كوردی لە كەركوك بە کوردستانی نوێی راگەیاند: گرفتی کەمی بینای خوێندنگە كاریگەریی كردۆتە سەر زۆری لایەنی خوێندنگەكان و كتێبخانە وەك پێویست نەماوە كە ژووری تایبەت بە خۆی هەبێت،  لەبەرئەوەی هەندێك لە خوێندنگەكانی كەركوك سێ دەوامیان تێدا دەکرێت، بەرپرسیارێتی كتێبخانەی خوێندنگەكان پاراستنی لە ئەستۆی قوتابخانەیەكی دیاریكراودا نییە، بۆیە بەردەوام كتێبەكان تووشی پەرتەوازەیی و لەناوچوون دەبن و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هیچ كەسێكدا نابێت.
وتیشی: لە سەردەمی ئێستادا خوێندنكار و مامۆستا كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی سۆشیال میدیا و پێویستییەكانی رۆژانەیان لە خوێندن لە چواچێوەی هۆكارەكانی راگەیاندنەوە بەرجەستە دەكەن، ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ لە دەستدانی پێویستی خوێندكار بۆ كتێب و كتێبخانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان