پاشەكشەی ئابووریی ئۆكرانیا

10:03 - 2024-07-09
ئابووری
194 جار خوێندراوەتەوە
#دامەزراوە پیشەسازییەكانی ئۆكرانیا پێویستیان بە بنیاتنانەوەیە

پ.د.خالید ئەلعزی-بەیروت

تایبەت بە كوردستانی نوێ


لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیادا، راپۆرتە ناوخۆیی جیهانییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە دۆخی ئابووری لە ئۆكرانیا تووشی چەقبەستوویی وەستانی گەشە بووە، بەڵام داتاكان ئاماژە بە خاوبوونەوەی هەڵاوسان دەكەن لەو وڵاتە بۆ رێژەی %2 لە ماوەی كانونی دووەم تا ئایاری 2024دا، ئەوەش كەمترین ئاستە لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی شمەك لە ئایندەیەكی نزیكدا لە ئارادایە، ئەمەش لە پێداچوونەوەی وەزارەتی دارایی ئۆكرانیادا دەركەوتووە.

زیادەی خستنەڕووی كاتی، تەنیا بەشێك لە هەڵاوسان كۆنترۆڵ دەكات، ئەویش لە چەند مانگێكی دیاریكراودا، چونكە هۆكاری دیكەش سەرهەڵدەدەن، بە تایبەتی هۆكارە وەرزییەكان

ئاماژەكان روون و ئاشكران و جەخت لەوە دەكەنەوە، كە پاشەكشەی ئێستای نرخەكان رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لە كاتی جەنگدا لە هەیكەلی ئابووریدا كراوە و دابەزینی خواستی بەكاربردن یارمەتیدەر نەبووە بۆ بوژانەوەی خستنەڕووی ناوخۆیی، بە ئاستی بەرزی كۆكردنەوەی 2023شەوە، كە بازاڕی تێر كرد و دەرفەتی هەناردەشی هێشتبۆوە. لە هەمان كاتدا زیادەی خستنەڕووی كاتی، تەنیا بەشێك لە هەڵاوسان كۆنترۆڵ دەكات، ئەویش لە چەند مانگێكی دیاریكراودا، چونكە رەنگە هۆكاری دیكەش لە بازاڕی خۆراكدا سەر هەڵبدات، بۆ نموونە هۆكارە وەرزییەكان، كە بەردەوام ئاستی گشتیی زیادبوونی نرخی كۆنترۆڵ كردووە. جگە لەوە گوشارێكی زۆری هۆكارەكانی تێچوون لە ئارادایە، كە بریتین لە:
1. گونجاندنی ناچاریی كارە بازرگانییەكان لە دۆخێكدا كە كارەبا سنووردارە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوون.
2. بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییە لۆجستییەكان، زیادبوونی نرخی كەرەستەی خاو.
3. بەرزبوونەوەی تێچووی چاكردنەوە و چارەسەری مەسەلەی سەلامەتی كرێكاران.
هەموو ئەو كاریگەرییانە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی ئەو شمەكانەی كە خۆیان لە بنەڕەتدا نرخیان بەرز بوو و بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەكان، چاوەڕوانیش دەكرێت كاریگەریی ئەم هۆكارانەی هەڵاوسان لە ئایندەی نزیكدا بەردەوام بێت، چونكە نرخە ناوخۆییەكان پەیوەستن بە نرخی جیهانییەوە، بە هەندێك دەستكارییەوە، هەروەها كاریگەرییان دەبێت لەسەر تێچوونی بەرهەمی ناوخۆیی، بە تایبەتیش كە بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئەو وڵاتەوە كێشەكان هێندەی دیكە قورس بوون و ئۆكرانیا پێویستی بە بنیاتنانەوەی دامەزراوە زیانلێكەوتووەكانی وزە و رێكخستنەوەی هەیكەلی بەرهەمهێنانە. 
لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی دڵنیایی سەبارەت بە رەوتی جەنگ و ئەگەری دروستبوونی هەڵاوسان، رەنگە كەمیی هێزی كاری لێ بكەوێتەوە، كە ئەویش دیسان دەبێتەوە هاندەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخ.
لەگەڵ پەرەسەندنی چاوەڕوانكراوی جەنگ لەم هاوینەدا، ئەگەری هەیە ئابووریی ئۆكرانیا بگاتە قۆناغی بنبەست و داڕمانی زیاتر بە دوای خۆیدا بهێنێت، بە واتایەكی دیكە، سەرباری پاشەكشەی ئابووری، مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی قورستر رووبەڕووی ئابووریی نیشتمانیی ئۆكرانیا بێتەوە.

لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

بابەتە پەیوەندیدارەکان