یادەوەریی وەرزشی

دوا یارییمان لە قۆناغی گروپەكاندا بەرامبەر یانەی سەورە بوو

12:31 - 2024-07-09
وەرزش
238 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون

114

لە ژمارەكانی پێشووی باسەكانمدا باسی  ئەو  بڕیارەی یەكێتیی تۆپی پێی عیراقم كردبوو كە دەبێت  خولەكانی عیراق دەستپێبكنەوە، ئەمەش پاش ئەوەی بەهۆی پرۆسەی هێرشی هاوپەیمانان بۆسەر سوپای عیراق لەكوێت و رزگار كردنەوەی كوێت، بارودۆخی عیراق تێكچو بوو، یەكەم یاریمان پاش ئەو بڕیارە، رۆژی 24/7/1991 لەیاریگای زانكۆی موسڵ بەرامبەر یانەی موسڵ بوو .
یارییەكەش كرا و بە بردنەوەی موسڵ 3-1 كۆتاییهات، بەم ئەنجامەش ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی گروپەكەدا وەستاین و موسڵ بە 13 خاڵ یەكەمی گروپەكە بوو، بەوەش سەركەوتنمان بۆ قۆناغی دووەمی یارییەكانی ئەم خولە مسۆگەر كرد.

لەم یارییەدا گۆڵپارێزمان نەبوو، لە هۆتێل كاتێك پێكهاتەكەمان دانرا، ئامانجی سەید برایم -مان كرد بە گۆڵپارێز، بەڵام دواتر یانەی برایەتی گۆڵپارێزی سێیەمی خۆیان بۆ ناردین و كردمان بە گۆڵپارێز

یەك یاریی تریشمان مابوو بكرێت، ئەو یارییەش لەگەڵ یانەی سەورەی كەركوك بوو، ئەم یارییە هیچ سودێكی بۆئێمە نەبوو بكرێت یان نەکرێت، بەڵام بۆ سەورە زۆر گرنگ بوو چونکە بەبردنەوەی ئەم یارییەیان لە ئێمە، لە خولی پلە دووی یانەکانی عیراقدا دەمانەوە.
ئەم یارییەشمان هەر لە یاریگای زانكۆی موسڵ كرد، یارییەكە رۆژی 29/7/1991 كرا، خوالێخۆشبوو عومەر محەممەد كەریم سەرۆكی وەفدی ئێمەبوو، عومەر خەتاب و حەمە بچكۆلیش راهێنەرانی ئێمە بوون، بەپلانی 4-4-2 یارییمان كرد، تیمێكی ناوبژیوانی لە بەغداوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، تیپی سەورەی شاری كەركوك بە درێسی سوور و ئێمەش بەدرێسی سپییەوە یاریمان كرد، پێش یارییەكە گۆڵپارێزمان نەبوو، لە هۆتێل كە پێكهاتەمان دانا، ئامانجی سەید برایم-مان دانابوو ببێتە گۆڵپارێزی تیپەکەمان.
لە هۆتێلەکەمانەوە لە شاری موسڵ، بەتەكسی چووین بۆ یاریگا، پاسمان نەبوو، كە گەیشتینە یاریگا، یانەی برایەتی لەهەستی كوردانەی خۆیانەوە گۆڵپارێزی سێیەمی خۆیان بۆ ناردین، چونکە زانیبوویان گۆڵپارێزمان نییە، بۆیە ئامانجمان لابردو گۆڵپارێزەكەی برایەتیمان كرد بە گۆڵپارێز، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: خۆشی بوو لە یانەی برایەتی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، كاژاو كەمال، هادی كەریم، یاسین.
*ناوەند: خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، جەعفەر تۆفیق، ئاسۆ قەلە، ئامانجی سەید برایم.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* ئالان قادر بۆ شوێنی شاهۆ.
* نەوزاد مستەفا بۆ شوێنی یاسین.
*داخل جەبار و فەرەیدون ساڵح –نێرە، بەهۆی نەخۆشییەوە نەهاتبوون بۆ یارییەكە، یارییەكەش بە بردنەوەی یانەی سەورە 2-1 كۆتاییهات.
گۆڵەکانی تیپی یانەی سەورە لە دەقیقەکانی 61 و 80 دا کران، تاکە گۆڵەکەی ئێمەش حەمەی کەریم لە دەقیقەی 73 دا کردی.
بەم شێوەیە یارییەکانمان لە قۆناغی گروپەکاندا کۆتاییان هات و پاشان یارییەکانی قۆناغی دووەم دەستیان پێکرد، لە ژمارەکانی داهاتوودا باسی ئەو یارییانەش دەکەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان