لەمساڵدا 339 حاڵەتی گازلێگرتن و پەلاماردان تۆمارکراون

هێرشی سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتیان لە راپەڕین

09:47 - 2024-07-10
ڕاپۆرت
214 جار خوێندراوەتەوە
بوونی سەگی بێلانە لەسەر شەقامەکان مەترسییە

راپۆرتی/ جێگر خدر

 

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین:
پێویستە سەگە بێلانەکان لە شێڵتەرێکدا کۆبکرێنەوە و بە رێگەی زانستی نەزۆک بکرێن 


بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 339 حاڵەتی گازلێگرتن و پەلاماردانی هاووڵاتیان لەلایەن سەگی بێلانەوە لە ئیدارەی راپەڕین تۆمار کراوە.
لە ئیدارەی راپەڕین، ناوەندی شارەکانی رانیە و قەڵادزێ، رێژەی سەگی بێلانە تادێت روو لە هەڵکشان دەکات، ئەوەی خەمی ئەو سەگانەی هەڵگرتووە ئاژەڵ دۆستانن، پەروا جەبار ئاژەڵ دۆستە و خاوەندارێتێ لە سەگێک و پشیلەیەک دەکات، دڵتەنگ و نیگەرانە بەو شێوەیە ژمارەیەکی زۆر سەگی بێ خاوەن دەبینێت لەسەر شەقامەکانی رانیە، داوای بەهاناوەهاتن دەکات لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە، چارەیەکی ریشەیی بدۆزرێتەوە بۆ ئەو دیاردەیە، کە بەردەوام بوونی بەم شێوەیە هەم بۆ سەگەکان و هەمیش بۆ هاووڵاتیان بە زیان دەشکێتەوە، چونکە دواجار ئەوانیش لەسەر شەقام و شوێنە ناتەندروستەکان دەبنە هەڵگری ڤایرۆس، بەوەش ژیانی هاووڵاتیان و بە تایبەت منداڵان دەکەوێتە بەردەم مەترسی توشبوونی ئەو نەخۆشییانەی کە سەگەکان دەیگوازنەوە.

هەزاران سەگی بێلانە 
عوسمان محەمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەپێی ئامارێکی نافەرمی کە بەردەستمان کەوتووە، زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە لە سنوورەکەماندا هەن، ئەوە ئامارێکی مەترسیدارە بۆ تەندروستی گشتی، بەتایبەت کە ئەو سەگانە لە ئەنجامی خواردنی ژەهراویی و میکرۆباوییەوە نەخۆشی بۆ ئەو منداڵ یان هەر کەسێکی دیکە دەگوازنەوە کە پەلاماریان دەدەن یاخود گازیان لێ دەگرن، چونگە بێگومان نەخۆشی هاوبەش لەنێوان سەگ و مرۆڤ هەن، لە نموونەی نەخۆشییەکانی جگەر کە لە رێگەی پیسایی و سەوزەواتەوە دەگوازرێتەوە.
وتیشی: بەپێی ئامارێک، کە لە فریاکەوتنەکانی سنوورەکە دەستمان کەوتووە، تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 339 حاڵەتی گازلێگرتن و پەلاماردانی مرۆڤ لەلایەن سەگی بێلانەوە تۆمارکراون، ئەوەش ئامارێکی مەترسیدارە، رێژەیەکی زۆر بەرزە، لەو ژمارەیە ئەگەر تەنها دوو کەسیان تووشی گرفتی درێژخایەنی تەندروستی ببنەوە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەسەر شانی حکومەتی هەرێم، پێویستە رێگەچارەی تەندروست بدۆزرێتەوە، دەکرێت شەڵتەرێکی تایبەت بە سەگی بێلانە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بکرێتەوە کە تیایدا مافی ئاژەڵان لەبەرچاو بگیرێت.

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین:
زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە لە سنوورەکەماندا هەن کە ئامارێکی مەترسیدارە بۆ تەندروستی گشتی

رێگە لە زۆربوونیان بگیرێت
دکتۆر سەعدی تەییب بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری راپەڕین تایبەت بەو پرسە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: سەگ و مرۆڤ هاوڕێی لە مێژینەن، لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە سەگ لەگەڵی ژیاوە، بۆ پاسەوانی، بۆ راو، بۆ هاوڕێیەتی و هاوسۆزی بەکارهێنراون، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەخێوکردنی سەگ و هاوڕێیەتی لەگەڵیدا شتێکی ئاساییە و ماف بە سەگ دراوە، بەڵام هێشتا لە کەلتووری ئێمەدا حاڵەتە و نەبووەتە دیاردە، لە ئەنجامدا دیاردەی سەگی بێلانە سەرهەڵدەدات، ئەوە لە تەواوی کوردستان و وڵاتانی دیکەی هاوشێوە هەیە، رێگەچارەی ئەمە دەبێت یان وەک وڵاتە پێشکەوتووەکان بەخێوبکرێت و ڤاکسینی بۆ بکرێت، یان رێگە لە زۆربوونی بگیرێت و نەزۆک بکرێن، بەڵام بەبڕوای ئێمە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک خۆمان وا باشترە لە شێڵتەرێکدا جێیان بکرێتەوە، شوێنێکی شیاو کە هەموو سێکتەرەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن، شارەوانی و ژینگە و تەندروستی بە هەماهەنگی شێڵتەرێکی تەندروست بکەنەوە و بەها دیینی و مرۆییەکان بپارێزرێن.
 پێشنیازیشی کرد کە سەگە بێلانەکان لە شێڵتەرێکدا کۆبکرێنەوە و  نەزۆک بکرێن، ئیدی وردە وردە ژمارەیان کەم دەکرێتەوە، ئەو ژمارەیەشی لە شەقام و کۆڵانەکان دەمێننەوە پێویستە خزمەت بکرێن و هەڵسوکەوتی مرۆڤانەیان لەگەڵدا بکرێت، ڤاکسینیان بۆ بکرێت و خواردنیان پێ بدرێت. ئەو پێشنیازەی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری کردی، پەروا جەباری ئاژەڵدۆستیش بە باشی دەبینێت و دەڵێت: کارێکی مرۆڤانەیە و ئەو ژمارە زۆرە کەم دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی بێ ویژدانییان بەرامبەر بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان