گۆڤاری ئارۆ-ی زانکۆی کۆیە، بەرزترین ئیمپاکت فاکتەری لەسەرئاستی عیراق بەدەستهێنا

10:56 - 2024-07-10
کوردستان
424 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی عەلی کاشان

بەپێی دواين هەڵسەنگاندنی (The Web of Science Core CollectionTM- Clarivate Analytics) بۆ گۆڤارە جیهانییەکان،گۆڤاری ئارۆ ئیمپاکت فاکتەری (IF=1.2)ی بەدەستهێنا.

گۆڤاری ئارۆ، لە ماوەی نێوان ساڵی 2016-2020 لەژێر چاودێری چڕی (Clarivate Analytics)دا بوو، لەو ماوەیەدا ژمارەی توێژینەوەکانی بەرزبووەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئامادە بێت بۆ بەدەستهێنانی ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) و ئەوە بوو لە مانگی حوزەیرانی 2023 لە وەشاندنی (JCR .2022) بوو بە یەکەم گۆڤار لەهەرێمی کوردستان کە ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) بە دەست بهێنیت و یەکەمی سەر ئەو شەش گۆڤارەی عێراق کە توانییان ئەوئیندێکسە وەربگرن.
بەپێی دواين وەشانی (Clarivate Analytics) لە مانگی حوزەیرانی 2024 (JCR 2023) ئیمپاکت فاکتەری گۆڤاری ئارۆ بۆ (IF=1.2) و(IF=1.0) بەبێ خۆئاماژەپێکردن بەرزبۆوە و بەمشێوەیە گۆڤاری ئارۆ پێگەی خۆی وەکو یەکەم گۆڤاری هەرێمی کوردستان و یەکەمین گۆڤارە ئیمپاکت کراوەکانی عێراق پاراست.
گۆڤاری ئارۆ، گۆڤارێکی ئەکادیمیی زانکۆی کۆیەیە و تایبەتە بەزانستەکانی ئەندازیاری و زانست و ساڵی دوو ژمارە بڵاو دەکاتەوە. یەکەم ژمارەی گۆڤاری ئارۆ کە شەش توێژینەوەی لەخۆ دەگرت لەساڵی 2013 بڵاو کراوەتەوە.
گۆڤاری ئارۆ، تاکو ئێستا 22 ژمارەی بڵاوکراوەتەوە کە 267 توێژینەوەی زانستیی ئاست بەرزی توێژەرە ناوخۆیی و بیانییەکانی لە خۆگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان