نەیارەكانی هێندەی ئێستا شڵەژاو و لاواز نەبوون

وتەبێژی یەكێتی: یەكێتی، ئامادە و بەهێز و یەكگرتووە

11:45 - 2024-07-10
کوردستان
100 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت: یەكێتیی ئێستا، بەهێز و یەكگرتووە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، بەپێچەوانەشەوە نەیارەكانی هیچ كاتێك هێندەی ئێستا شڵەژاو و لاواز نەبوون.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی ی.ن.ك، بەئامادەبوونی فەیسەڵ كەریم خان ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، لوقمان وەردی لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و ژمارەیەك پەرلەمانتار و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە، دوێنێ لە مەڵبەندی راپەڕین، كۆڕێكی بۆ رێكخرا و هەڵوەستەی لەسەر قۆناغ و شێوازە جیاكانی خەباتی یەكێتی، كرد و رایگەیاند: دەمێك ساڵە نە یەكێتی بە هێندەی ئەمڕۆ ئامادە و یەكگرتوو و بەهێز بووە، نە نەیارەكانیشی بەهێندەی ئێستا شڵەژاو و لاواز بوون.
لە كۆڕەكەدا كە بەناونیشانی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدوای كۆنگرەی پێنج) لەلایەن بەشی گەشەپێدانی بیروهۆشیاریی مەڵبەندی راپەڕین رێكخرابوو، وتەبێژی یەكێتی وتیشی: كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، كۆنگرەی یەكخستنەوەی تواناكان و بەهێزكردنەوەی یەكێتی بوو و ئەوەشی خستەڕوو كە پرسە گرنگەكانی گەنجان، ژنان، بوژانەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزارییەكان، راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێم، لەڕاسپاردە جەوهەرییەكانی كۆنگرەی پێنجن و یەكێتی كاریان لەسەردەكات.
تەئكیدیشیكردەوە كە یەكێتی، پاڵپشت بەمێژوو، بە رێبازی سەرۆك مام جەلال و لەچوارچێوەی راسپاردەكانی كۆنگرەی پێنجدا، باوەڕی تەواوی بەپێكەوەژیان و پێكەوەكاركردنی هێز و لایەنەكان و قوڵكردنەوەی بنەماكانی دیموكراسی هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان