هاووڵاتیانی بنەسڵاوە، داوای خزمەتگوزاری دەكەن

09:51 - 2024-07-11
ڕاپۆرت
315 جار خوێندراوەتەوە
بنەسڵاوە قەزا فەرامۆشکراوەکەی هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


چەند دەیەیەك لەمەوبەر بنەسڵاوە یەكێك بوو لە گوندەكانی سنووری شاری هەولێر، بەڵام بەهۆی گەورەبوونی بوو بە گەڕەك و پاشان ناحیە و دواتر بەهۆی فراوانییەكەیەوە بووە یەكێك لە قەزاكانی هەولێر، بەڵام بەوتەی بەشێك لە دانیشتوانەكەی لە رووی خزمەتگوزارییەوە بەپێی پێویست بایەخی پێ نەدراوە و فەرامۆشكراوە، ئاوی خواردنەوەی کەمە و گۆڕەپانەكەی زبڵ و خاشاكێكی زۆری لێ کۆبووەتەوە، جگە لەوەی چەندین پڕۆژەی وەستاوی هەیە.
سەعید جەمال دانیشتویەکی بنەسڵاوەیە وتی: دوو رۆژ جارێك ئاوی بیرمان بۆ بەردەدرێتەوە، بەڵام بڕەکەی بەپێی پێویست نییە، دەبێت هێڵێكی ئاو لە پڕۆژەی ئیفرازی هەولێر بهێنرێتە قەزاکە، بەڵام لایەنی بەرپرس کەمتەرخەمە، لە کاتێکدا زۆربەی گەڕەك و كۆڵانەكانی بنەسڵاوە كێشەی ئاویان هەیە کە بۆ سکاڵا دەچینە لای بەڕێوەبەری ئاو خۆی دەشارێتەوە.

هاووڵاتییەک: شەش رۆژ جارێك ئۆتۆمبێلی خۆڵ كۆكردنەوە دێتە كۆڵانەكانمان، بنەسڵاوە بەگشتیی بێ خزمەتگوزارییە و لەلایەن دەسەڵاتی خۆجێییەوە خزمەت ناكرێت

کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک
وتیشی: كێشەی كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاكمان هەیە لە كۆڵانەكاندا شەش رۆژ جارێك ئۆتۆمبێلی خۆڵ كۆكردنەوە دێتە كۆڵانەكانمان كە نازانین هۆكارەكەی چییە؟ لەلایەكی تر كێشەی خراپی ئاوەڕۆی ماڵانمان هەیە بە تایبەت ئەوەی نزیك ناوچە حزبییەكە كە ئاوێكی زۆر لەناوی وەستاوە و چاك نەكراوە.
كاتێك دەچیتە ناو بنەسڵاوە هەست ناكەیت لەناو قەزایەكی سەر بە هەولێری پایتەختی، بەڵكو هەست دەكەیت گوندێکە، بەڵام بەهۆی نزیكی لە شار و زۆربوونی دانیشتوانەكەی بە ناچاری كراوەتەوە قەزا، كە ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی دانیشتوانەكەی هەیە كە زۆربەیان لە چینی هەژارن.
سەعید باسی لەوەشكرد، بنەسڵاوە بەگشتیی بێ خزمەتگوزارییە و لەلایەن دەسەڵاتی خۆجێییەوە خزمەت ناكرێت و پشتگوێخراوە و بەشێکی زۆر لە کۆڵانەکانی قیرتاو نەکراون، بەشێک لەو پڕۆژانەشی بۆ قەزاکە دەرچووە بە تەواونەکراوی ماونەتەوە وەک بینای كاری وەرزش و لاوانی بنەسڵاوە یاخود چەندین زەوی هەیە بۆ باخچە بەجێ هێڵراوە، بەڵام تائێستا زەوییەکی وشکە و دروست نەکراوە.

پڕۆژە گرنگە جێبەجێ نەکراوەکە
یەكێك لەو پڕۆژانەی كە زۆر گرنگە بۆ بنەسڵاوە پڕۆژەی دوو سایدكردنی رێگەی گشتیی بنەسڵاوە بۆ شەقامی لاوانە لە نزیك رێگەی كەسنەزان – هەولێر، کە چەندین ساڵە بڕیاری لێدراوە، چەند مانگێک لەمەوبەر دەست بە کارکردن کرا تیایدا، بەڵام بەبیانووی نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاو بە نیوەیی بەجێهێڵراوە، کە بەهۆیەوە تەپوتۆزێكی زۆر بۆ دانیشتوانی نزیك لەو دوو سایدە دروستبووە و چەندین ماركێت و دوكانیش زیانیان بەركەوتووە و هەندێكیان بە ناچاری دایانخستووە و ئاستەنگی هاتوچۆشی بۆ شوفێرانی ئەو رێگەیە و قەزاكەش دروستكردووە.
مەریوان هادی بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند، تەنیا خۆڵ و خاشاك پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لە هەر شوێنێكی بنەسڵاوە كێشەی هەبێت وادەكەین كۆمپانیای تایبەتمەند خاوێنی بکاتەوە، ئێمە تیممان هەیە بەردەوام سەردانی شوێنەكان دەكات و لە هەر شوێنێك كەموكوڕی هەبێت كۆمپانیاکە سزا دەدەین، هەروەها جیاوازی لە نێوان گەڕەكەكانی هەولێر لەگەڵ بنەسڵاوە بۆ فڕێدانی زبڵ ناكەین و هەمان كۆمپانیا ئەو كارە لە هەموو شوێنەكان دەکات.     
كوردستانی نوێ بۆ بەدواداچوونی گلەییەکانی هاووڵاتیان پەیوەندیی بە جوان رەفیق قایمقامی بنەسڵاوە و زریان سەباح سەرۆكی شارەوانی بنەسڵاوەوە کرد، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان