چەند دەقێكی نادیاری برێخت

كە لە تەمەنی پانزە ساڵیدا بڵاویكردوونەتەوە

11:37 - 2024-07-11
ئەدەب و هونەر
165 جار خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
محەمەد كەساس



دوای چیرۆكی ئەكتەری شارەزا كە (برتۆلد برێخت) لە كاتی ئاوارەیی لە ئەمریكا نووسیویەتی، لەكۆتایی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی بیست (دێر شبیگل) بڵاویكردەوە و نووسەری عێراقی (ماجد الخطیب) ئەوكاتە وەریگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویكردەوە .

 

ئەو كاتە نەدەزانرا كام لە بەرهەمەكانی نادیارە، دەكرا ئەرشیفی بەرهەمەكانی ئەم نووسەرە گەورەیە تەواو بكرایە، بەڵام دەستكەوتنی بڵاوكراوەی قوتابخانە بەناوی (دروێنە) كە برێخت لە قوتابخانەی( ئۆكسبۆرغ ) لەتەمەنی (15) ساڵیدا دەریدەكرد، بۆشاییەكی گەورەی لە ژیاننامەی تایبەتیی و ئەدەبیی برێختدا پڕكردەوە . 
وەرگێڕانی تەواوی ئەم دەقانە لە نێوان دووبەرگی كتێبێكی قەبارە مامناوەند، كە لەلایەن دەستەی گشتی كۆشكەكانی رۆشنبیری لە قاهیرە چاپ وبڵاوكراوەتەوە و بۆ یەكەمجار لە پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ كتێب لە قاهیرە خرایەڕوو.
لەخوێندنەوەی دەقەكان دەردەكەوێت كە بەهرەی برێخت لەتەمەنێكی زووەوە سەری هەڵداوە، واتە پێش بڵاوكردنەوەی یەكەم كۆمەڵە شیعری لە رۆژنامەی (ئۆكسبۆرغ نویستە ناخرشتن)ی ئەڵمانی لە مانگی ئابی ساڵی1914.
چیرۆكەكان و شیعرەكان و پارچە پەخشانەكان و شانۆیی (الانجیل) كە بڵاوكراوەی (دروێنە) بڵاوی كردوونەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 1913، لەسەر بنەمای ئەم دەقانە،شانۆیی (الانجیل) جێگەی شانۆیی (بعل) ی گرتەوە كە بە نۆبەرەی كارەكانی برێخت دەژمێردرێت .
ئەو دەقانەی لە بڵاوكراوەی (دروێنە)  دا بڵاوی كردوونەتەوە، كە چیرۆك و شانۆیی و پەخشان و شیعریان لەخۆگرتبوو، ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كەسایەتی سەرنووسەرەكەی بەتوانایە لە دەركردن و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەیەكی رۆشنبیریی قوتابخانە، بەجۆرێ كە وێنەی نەبێت لە ئەڵمانیا، گرنگیدانەكانی خوێندكارانی قۆناغی ناوەندی قوتابخانەكان لەو سەردەمەدا، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە وەرزش و رووداوە كۆمەڵایەتیەكان و سەركێشیەكانی خوێندكاران و مامۆستایان و ... هتد دا بوو . بابەتەكانی ناو ژمارەكانی بڵاوكراوەی (دروێنە) بە مەرەكەبی رەنگاوڕەنگ و بە دەست دەنووسران، خوێندكارێكی دیكەش دیزاینێكی سەرنجڕاكێش و رەنگاو رەنگی بۆ دەكرد، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا یەكێ لە ژمارەكانی ئەو بڵاوكراوەیە نادیارە، پارادۆكسی بەسەرهاتی دۆزینەوەی بڵاوكراوەی ( دروێنە) ئەوەیە، لە(لەندەن ) ی پایتەختی ( بەریتانیا ) و لەلای ژنێكی بەساڵاچوو كە كچی برێخت بوو دۆزرایەوە، كە پێشتر بەهاوڕێیەتی برێخت چووە بۆ لەندەن و ئەو ژمارانەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و كاتی خۆی لە بنمیچی ژوورەكەی باوكیدا لەلەندەن شاردبوویەوە .
ئەم دەقانە بۆ یەكەم جار ئەوە ئاشكرا دەكەن برتۆلد برێخت سەرسام بووە بە نووسەری شانۆیی ئاهەنگ ئامێز(گێرهارد هاوبتمان) 


كە لە ساڵی (1912) خەڵاتی (نۆبڵ)ی وەرگرتووە، كاریگەریی ئەوی لەسەر بووە، كە لە یەكێك لە ژمارەكانی بڵاوكراوەی (دروێنە)دا وتارێكی دوورودرێژی لەسەر نووسیوە و بەگرنگترین نووسەری شانۆیی ئەڵمانی زانیوە لەو كاتەدا، لەوانەیەبرێخت لە شانۆییەكانی (هاوبتمان)ەوە ئیلهامی نووسینی شانۆیی ئاهەنگ ئامێزی (بۆنتێلاو ماتی)و (ئۆپراو سێ نەهەنگەكە) و هەندێكی دیكەی وەرگرتبێت .
برێخت لە ژیاننامەكەیدا باسی بڵاوكراوەی (دروێنە) ی كردووە و دەربارەی هەندێك لەشیعرەكانی كە تیایدا بڵاوكردووەتەوە ئاشكرایكردووە كە ون بوون، پاش چەند مانگێك شانۆیی (الانجیل) ی بڵاوكردەوە كە سەراپای ژمارە شەشی بڵاوكراوەكەی گرتبووەوە، ئەم شانۆییە كە لە یەك بەش پێكهاتبوو، باس لە بلیمەتیی پێشوەختە دەكاتكە لەوانەیە خودی خۆی لەو تەمەنەدا دركی بەمە نەكردبێت،كە تیایدا سەرەڕای نەرمیی پەنجەكانی لەنووسیندا، ململانێی نیشتیمانی و تایفی و گرێی كۆمەڵایەتی ئەخلاقی خستووەتەڕوو كە شایستەی نووسەرێكی مەزن بێت.
ژمارە شەشی بڵاوكراوەی (دروێنە) هەمووی تایبەت كرابوو بەو شانۆییە و شیعرێكیشی تایبەت كردبوو بەو شانۆییە بە ناونیشانی (شەوی سەری ساڵ) كە تیایدا زەنگ لێدانی لە كاتێكی وروژێنەردا تێدایە لەگەڵ زەنگی جەنگ لە شانۆیی (الانجیل)دا. 
برێخت كە لە ساڵی (1898) لەدایك بووە، دەقە سەرەتاییەكانی و نۆبەرەی نووسینەكانی لە بڵاوكراوەی (دروێنە) دا لە نێوان ئابی (1913) و كانوونی دووەمی ( 2014 ) بڵاوكردووەتەوە، پسپۆران ئەمە بە ئەدەبی ئەمڕۆی پێناسە دەكەن، لەبەر ئەوەی بەرهەمە نادیارەكانی لە بڵاوكراوەی (دروێنە) دالە ساڵی1913 بڵاوكردووەتەوە بەڵام رێکەوتی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ دووساڵ پێشتر، ئەمەش مانای وایە چالاكییە پڕ لە داهێنانەكانی، لەوانەیە ئەو كاتانە سەریان هەڵدابێت كە تەمەنی (13) ساڵ یان (14) ساڵان بووبێت . 

سەرچاوە:
ڕۆژنامەی(الشرق الاوسط)، لاپەڕەی رۆشــــنبیری، سێشەممە 6/2/2024
ژمارە 16506
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان