روخسەت

11:52 - 2024-07-11
ئەدەب و هونەر
864 جار خوێندراوەتەوە

کەژاڵ نوری
روخسەتم بە با، کەمێک لەم دڵتەنگیەت بەشبدەم.
بۆشاییەکم لە نێو دڵی خۆتا بەرێ
تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی،
با کەمێک لەم سەلوای ئازارەی خۆمی تێدا هەڵگرم.
شەقامێکم لەو رێگەیەی خۆت بۆ چۆڵ کە
هەندێ هەنگاوی تیادا بەجێبهێڵم
لە نیگاتا یەک گۆشەی بەتاڵم بەرێ
تریفەیەکی شکاوی تێدا دانێم.
من ئەوەندە پڕم لە خار 
شوێنێکم تیادا نەماوە
ئەستێرەیەکم تێ بکشێ.

کێ دڵێکم دەداتێ بەکرێ؟
دڵی خۆم  ئەوەندە پڕە،
بەشی هیچی ترم ناکات.
کێ چاوێکی هەیە بۆ رەهن؟
چاوەکانی خۆم بە دوا دڵۆپەوە تکان و
کەوتنە بنکۆڵی رۆحمەوە.
کێ شوێن پێیەکی زیادەی هەیە بۆ بەخشین؟
هەنگاوەکانی خۆم گەیشتنە کۆتایی و
کەچی من هێشتا نەگەیشتووم بە ئەنجام!

پێویستم بە رووناکییەکە بۆ بەردەوامی
پێویستم بە دڵێکە، ئەم جەستە سڕەم بخاتەوە کار
پێویستم بە ئاسمانێکە، هەلێکی دیکە باتەوە بەختم و
ئەستێرەیەکی دیکەی پێوە بلکێنم
من پێویستم تەنیا بە یەک؛ روخسەتی دیکەیە
تا بە دوای "رۆژی دەستپێکردنەوە"دا،
بگەرێم
کێ روخسەتێکی زیادەی هەیە بۆ ژیان؟
کێ هەلێکی هەیە و خۆی پێویستی پێی نیە؟
کێ دڵێکی هەیە و خۆی بەکاری ناهێنێ؟
کێ هەنگاوی زۆری هەیە و ئەبێ زەکاتی لێبدات؟ 
کێ دەستپێکی زۆری لایە و نازانێ لە کوێ هەڵی گرێت؟
کێ ئاسمانێکی چۆڵی هەیە و بەشێکی دەبەخشێ؟
کێ دڵێکی گەورەی هەیەو هاوکاریم دەکات؟ 
بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت تیای دانیشم؟
سڕ بووم بە سەر ئەم شەقامە رەقەی گیانمەوە
تەزیم لە ژێر ئەم ژیانە ساردەدا
ئەوەندە لە زووەوە بە دەرەوەم، هەڵدەلەرزێم
ئەوەندە دەمێکە هەنگاوم لێبڕاوە،
 قاچەکانم وشک بوونەتەوە
ئەوەندە دەمێکە ماتی گرتوومی، 
روخسارم بەستوویەتی. 
بۆ پێکەنینێکی گەرم دەگەڕێم بیکەمە بەرم
بۆ روویەکی خۆش دەگەڕێم، ژەمێکی لێ بخۆم و
 وزەیەکم بخاتەوە بەر
بۆ روخسەتێکی هاوڕێیانە دەگەڕێم، دەستم بگرێ و
بمباتەوە ماڵەکەی خۆی
فەوتام بەم دەشت و دەرەوە
شێت بووم بەژێر ئەم هەموو تاوە رۆندکەوە
شەقار شەقاربووم، بەم چۆڵەوانیە نەبڕاوەیەوە.
پوکامەوە لەناو ئەو هەموو هەلانەی 
 بەبەری منیان نەکرد.
رژام لە نێو ئەم پەردە کۆن و کون کونەی رۆحدا
خەسار بووم خەسار!! 
بە دەست ئەم هەموو بێ هەلییەوە
روخسەتێکم دەوێ دەست پێبکەمەوە
کێ لایەتی؟
قەینا با کۆن و ماوە بەسەرچووش بێت
بەس ئیش بکات،
 بۆ من سەروو زیادیشە.

مەقەستێکم بەنە دەست با هەلێکی تر بقرتێنم
دەرگایەکی دیکە بکەمەوە.
ژیانێکی دیکەی رووخاو نۆژەن کەمەوە
ئارامیەکی دیکە بناسمەوە
هەلێکی ترم بەنەوە، هەلێک؛
جارێکی دی ناوم لێبنێنەوە
دیسان ناسنامەم بۆ دەرکەنەوە و
بیدەنەوە دەستم
با سەیرێکی بکەم و بڵێم :
ئـــــــــــاهـ ؛ دەیناسمەوە
ئەوە خۆمم، خۆم
بە هەلێکی نوێوە 
دیسانەوە بۆ (ژیـــــــــان)


2023/09/30
هۆڵەندا

بابەتە پەیوەندیدارەکان