د. ئەحمەد فاتیح: بەبێ یەکێتی هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیاری سیاسی لەبارەی کەرکوکەوە بدات

06:29 - 2024-07-13
کوردستان
390 جار خوێندراوەتەوە

بەو پێیەی فراکسیۆنی یەکێتی زۆرترین ئەندامی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیە، یەکێتی پۆستی پارێزگار بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت. هەروەها نیەتێک هەبوو یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەبێ فراکسیۆنی یەکێتی ئەنجام بدرێت، نەتوانرا بەبێ یەکێتی هیچ هەنگاوێک بنرێت.
لەوبارەیەوە د. ئەحمەد فاتیح ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وێبسایتی رەسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: گرنگە پرسی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکوک بە گفتوگۆ و رێککەوتن لەنێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق لە کەرکوک پێکبهێندرێت و هەر بڕیارێکیش پێچەوانەی یاسا بێت بۆ پێکهێنانی ئیدارەی شارەکە، وەک فراکسیۆنی یەکێتی رەتیدەکەینەوە.
هەروەها وتیشی: نیەتێک هەبوو یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، بەبێ یەکێتی بکرێت، بەڵام ئەو لایەنانەی ئەو پیلانەیان داڕشتبوو نەیانتوانی پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن و رێژەی یاسایی تەواونەکرا.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی یاسا لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەوە، ماوەی 30 رۆژ دەدرێتە لایەنەکان بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی شارەکە بدەن، هەروەها کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر باشترکردنی ژیانی خەڵك، لەڕووی سیاسیشەوە پارێزگاکە هەنگاوی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت.
د. ئەحمەد فاتێح باسی لەوەشکرد: وەک یەکێتی بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن کە براوەی یەکەمین لە شارەکە و زۆرترین ئەنداممان لە ئەنجومەنی پارێزگاکە هەیە، وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری شارەکە بە مافی خۆمان دەزانین و پێمان وایە بەبێ یەکێتی هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیاری سیاسی بدات.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان