ماكرۆن دووچاری ئاستەنگی سیاسی دەبێتەوە

09:32 - 2022-06-22
ڕاپۆرت
253 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر
خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا كۆتاییهات ‌و حزبەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە زۆرینەی رەهای كورسییەكانی پەرلەمانی لەدەستدا ‌و هەریەك لە حزبەكانی راستڕەوی توندڕەو و چەپەكان ژمارەی كورسییەكانیان زیادیكردووە، ئەوەش دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بڕیارەكانی ماكرۆندا.
بەپێی ئەنجامی پڕۆسەكە، ماكرۆن كە لە مانگی نیسانی رابردوو بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرایەوە، پێویستی بە هاوپەیمانییە لەگەڵ حزبەكانی دیكە بۆ ئەوەی بەرنامەی ریفۆرمەكەی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، جێبەجێ بكات.
بەپێی ئەنجامەكان، ئیئتلافی (پێكەوە) بە سەرۆكایەتیی سەرۆك كۆمار 245 كورسی بەدەستهێناوە، كە دەكاتە زۆرینەی رێژەیی نەك زۆرینەی رەها، بەوهۆیەوە ناتوانێت بە تەنیا دەسەڵات بگرێتە دەست، چونكە دەبێت لە كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی فەرەنسا كە 577 كورسییە، هەر حزبێک 289 كورسی بەدەستبهێنێت بۆ گەیشتن بە زۆرینەی رەها. 
هەروەها ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانی یەكێتیی میللی ژینگەیی ‌و كۆمەڵایەتیی نوێ كە بە سەرۆكایەتیی جان لوك میلانشۆن ژمارەیەك لە حزبە چەپ و سۆسیالیستەكان لەخۆدەگرێت، 149 كورسیی بەدەستهێناوە،  بەوەش دەبێتە گەورەترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی فەرەنسادا.
هەروەها حزبی گردبوونەوەی نیشتمانیی راستڕەوی توندڕەو بە سەرۆكایەتیی مارین لۆپان ژمارەی كورسییەكانی گەیشتۆتە 89 كورسی پەرلەمان لەكاتێكدا خۆیان پێشبینی بەدەستهێنانی 60 كورسییان دەكرد، بۆیە ئەوە بە سەركەوتنێكی گەورەی خۆیان دەزانن.
هەرچی حزبی كۆمارییەكانیشە، نزیكەی 70 كورسییان بەدەستهێناوە، هەرچەندە وەك گەورەترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن پێگەی خۆی لەدەستداوە، بەڵام دەتوانێت رۆڵی كاریگەر ‌و یەكلاكەرەوە ببینێت لە پەرلەماندا.
هەروەك ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە لە چەند حزبێكی دیكە یان سەربەخۆ سەركەوتوون ‌و هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە كە لە پەرلەمان لەگەڵ كام فراكسیۆندا دەبنە هاوپەیمان.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان