رێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا بەردەوامە

09:55 - 2022-06-22
ڕاپۆرت
500 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/  رێزە حسێن

دوای داخڵبوونی ژمارەیەكی زۆری حاڵەتی سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی  تەندروستی هەرێم باری نائاسایی راگەیاند، هاوكات وەزیری تەندروستیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیدا پلانی گشتییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆلێرا هەیە و لە نزیكەوە چاودێری رەوشەكە دەكەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەكان لە وەزارەتی تەندروستی عیراق، دوای  سەردانیكردنی بۆ شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی « چەندین رێوشوێنی گەورە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی بۆ حاڵەتەكانی سكچوونی قورس جێبەجێكراوە.
دەرمانی پێویست دابیندەكرێت
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەجۆرێك لە شاری سلێمانی تا ئێستا سێ حاڵەتی مردن و لە كەركوك یەك حاڵەت تۆماركراوە، لە شار و ناوچەكانی تریش سەدان هاووڵاتی روویان لە نەخۆشخانەكان كردووە. 
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم دوای سەردانیكردنی شاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەرتاسەری هەرێم رێوشوێنی پێویستمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە گرتووەتەبەر، وتیشی: لەوچوارچێوەیەدا  حكومەتی هەرێم بڕی 800 ملیۆن دیناری تەرخانكردووە بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان.
هاوکات سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەکی  رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەزیری تەندروستی هەرێم بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی داوە و پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكانی  سنوورەكەی دابینكردووە، لەو چوارچێوەیدا چوار نەخۆشخانەی تایبەت بۆ تووشبووانی نەخۆشییەكە تەرخانكراوە كە رۆژانە چارەسەی تەواوەتی نەخۆشی تێدا دەکرێت، زۆرینەی نەخۆشەكان دوای چارەسەركردنی پێویست رەوانەی ماڵەكانیان كراونەتەوە، هەروەها تۆماركردنی حاڵەتەكانی مردنیش دوای بەدواداچوون دەركەوتووە ئەو كەسانە پێشتر نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە، جگە لەوەی تەمەنیان لە سەرو 70 ساڵانەوە بووە.
هەولێر كەوتە ئامادەباشییەوە 
لە هەولێرش پاش راگەیاندنی چەند حاڵەتیكی توشبوون بە کۆلێرا رێوشوێنەکان گیرانەبەر و لە راگەیەندراوێكدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆلێرا ئاماژەی بەوە کردووە،  دوای پشتڕاستكردنەوەی تووشبوونی چوار هاووڵاتی بە پەتاكە بڕیار درا بە دروستكردنی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای شارەكە، زیادكردن و بەهێزكردنی تیمەكانی تەندروستی و ئامادەكردنی نەخۆشخانەكان و پێداویستییە تەندروستییەكان، دابینكردنی  دەرمانی پێویست وەك یەدەگ بۆ هەر ئەگەرێك، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی هاووڵاتیان، راسپاردنی تیمەكانی قائیمقامیەت بۆ چاودێركردن و وەرگرتنی ئیجرائات و داخستنی شوێنی سەرپێچیكار،  راسپاردنی ناوەندی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر بۆ دیراسەكردن و هەڵسەنگاندنی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە  نێودەوڵەتییەكاندا، هاوكات كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی  ئاو، هەروەك  جەختكردنەوە لەسەر پاراستنی پاك و خاوێنی ئاوی بیر و ئیفرازەكان و قەندیل، لەگەڵ زیادكردنی تیمەكانی  نەخۆشییە گواستراوەكان بۆ پشكنین و بەدواداچوون،  قەدەغەكردنی  خواردنەوەی ئاو بە بەڕاد لە شوێنە گشتییەكانی وەك مزگەوت و فەرمانگە و گرتووخانەكاندا و چاودێریكردنی زیاتری مەلەوانگە و هۆڵە وەرزشییەكان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی بوتڵی ئاو، هەروەها قەدەغەكردنی سەوزە لە سەرجەم خواردنگە و چێشخانەكاندا و  بەكارهێنانی پیاڵە و ئیسكان لە چایخانەكان و قەدەغەكردنی خواردنەوەی  شەربەت لە گڵاسی شوشەدا، لەبەرامبەردا  بەكارهێنانی پەرداخی سەفەری، بڕیاردراوە شارەكانی وەبەرهێنان كە خۆیان سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی ماڵانن بەرپرسیارن لە پاك و خاوێنی ئاوەكان.
 ئاماژە بەوەشكراوە لە هەبوونی هەر حاڵەتێكی  سكچوون و رشانەوەدا پێویستە هاووڵاتی سەردانی نزیكترین بنكەی تەندروستی بكات.
پەتای كۆلێرا 
کۆلێرا نەخۆشییەكی بەكتریایی توندی ریخۆڵەكانە، بەهۆی بەكتریای فیبریۆ كۆلێرا روو دەدات لە رێگەی خواردن و خواردنەوەی پیس بوو بە بەكتریا بڵاودەبێتەوە، زۆربەی حاڵەتەكان بێ نیشانەن  یان سووكن، بەڵام تا دوو هەفتە تووشبوو  میكرۆبەكە  لەگەڵ پیسایی فڕێدەدەن و بڵاویدەكەنەوە و خەڵكی تر تووشدەكەن، بەشێك لە نەخۆشەكان بەتوندی و قورسی توشیدەبن و لە ماوەیەكی كەمدا وشكدەبنەوە بەهۆی سكچوونی توندو رشانەوە، ئەوانە مەترسیان لەسەر و پێویستە خێرا چارەسەربكرێن و شلەمەنی و ژیناویان(موغەزی) پێبدرێت، هاوكات بەپێی زانستی تەندروستی ترشی ناو گەدە بەرگرییەكی سروشتی باشە بۆ رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەكە، چونكە بەكتریاكە بەرگەی ترشی ناو گەدە ناگرێت و لە نێو دەچێت، بۆیە ئەوانەی ترشی نێو گەدەیان كەمە وەك منداڵ و بەساڵاچووان، ئەوانەشی دەرمانی دژە ترشەكان وەردەگرن، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
بۆ بەدواداچوونی نەخۆشییەکە وەفدێكی وەزارەتی تەندروستی عیراق بە فەرمانی وەزیری تەندروستی عراق  سەردانی شاری سلێمانیان كرد،بەمەبەستی بەدواداچوون  و رێكارە تایبەتەكانی بە خۆپارستن  و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان بەتایبەت سكچوون و رشانەوە كە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی هەیە لە شارەكەدا، لە لێدواێنكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن سنان غازی بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەكان لە وەزارەتی تەندروستی وتی، چەندین رێوشوێنی گەورە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بۆ حاڵەتەكانی سكچوونی قورس جێبەجێكراوە  لەلایەن  كارمەندی تەندروستی بەتوانا و راهێنراوەوە پێشوازی لە نەخۆشەكان دەكرێت. 
هۆكاری نەخۆشییەكە 
زانستی پزیشكی ئەوەی پشتڕاتكردووەتەوە كە سەرچاوەی نەخۆشی كۆلێرا بەهۆی پیسبوونی ئاوەوەیە، هەربۆیە بڵاوبوونەوەی كۆلێرا پەیامێكە بۆ خراپی و نا تەندوستی سیستمی ئاو ئاوەڕۆ و لاوازی سیستمی چاودێری و بەواداچوون و كەمی هۆشیاری خەڵک، لە هەمان کاتدا فەرمانگەی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، پشکنینیان بۆ سەرچاوەکانی ئاوی شارەکە کردووە پاکە و ئەوان سەرچاوە نین بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
 ئەوە لە کاتێكدایە سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوای لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی کرد، وەزیرانی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، شارەوانی و  ناوخۆ  راسپێرێت،  چۆن وەزارەتی تەندروستی هاتووەتە سەر خەت، ئەوانەش لەمەیدانەكەدا كاروچالاكیان هەبێت لە چوارچێوەی كاركردن و بەدواداچوون، چونكە بڵاوبوونەوی كۆلێرا، تەنها دەرئەنجامەكەی بۆ وەزارەتی تەندروستی دێت و ئەركی وەزارەتیش تەنها چارەسەركردنی نەخۆشە، بۆیە هۆكاری بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە كەمترخەمی وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵكو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ  كەمتەرخەمی وەزارەتی شارەوانی كە ئاوی خواردنەوە  تێكەڵاوی زێراب دەبێت و بەپاكی ناگاتە خەڵك و ماڵان، هەروەك ئەمە كێشەی ئەوانە و دەبێت بە زووترین كات ئەركی خۆیان جێبەجێبكەن بە  كۆنتڕۆڵكردنی پاكی ئاوی خواردنەوە.

# کۆلێرا

بابەتە پەیوەندیدارەکان