راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
ئەگەر سەیری كەركوك بكەین هەر لە سەردەمانێكی زووەوە تایبەتمەندی خۆی هەبووە، چونكە كۆمەڵگەیەكی فرە نەتەوە و فرە ئایینە، بۆیە مامەڵەكردن تێدا دەبێت وەك چەپكە گوڵەكەی سەرۆك مام جەلال بێت بۆئەوەی هەموو لایەك رازیبێت لە ژیان و گوزەرانی.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە بارێكی نامۆ بەسەر کەرکوکدا هاتووە كە جۆرێک لە بە عەرەبكردن و ناحەقی كردنە بەرامبەر کورد لە دامەزراندن و دابەشكردنی زەویدا، بەئاشكرا درك بە دەرماگیریی نەتەوەیی دەكرێت كۆمەڵێك پێوەریان بۆ بەشێك لە نەتەوەكان داناوە کە ئەستەمە، ئەوە دەریدەخات لایەنە سیاسییەكان باوەڕیان بەو پێكەوەژیانەی ئێستای كەركوك نییە و هەوڵدەدەن شیرازەی پەیوەندییەكان بەرەولێكترازان بەرن بۆئەوەی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆیان یەكلایی ببێتەوە.
گرفت دروستکردن بۆ ئامارەکان
مەدیحە عەلی مامۆستای زانكۆی كەركوكە، لەسەر دابەشكردنی زەوی و ئەو ناحەقییەی بەرامبەر بە كورد دەكرێت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێت پارێزگاری كەركوك هەڵمەتێكی چڕیان لە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كەركوكدا دەستپێكردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لەڕووكەشدا ناوێكی زۆریان بۆ وەرگرتنی زەوی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام لە دوایدا كۆمەڵێك پێوەری نابەجێ دەدۆزنەوە بۆئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی كوردی لێ بێبەش بكەن.
وتیشی: ئەوەی جێی سەرنجە بەشێكی زۆری ئەو فەرمانبەرە كوردانەی لە كەركوك دەوام دەكەن دانیشتووی كەركوكن و باری شارستانییان كەركوكە، بەڵام لە بەرامبەردا داوای ئاماری ساڵی 1957 یان لێدەكەن بۆ پێوەری دابەشكردنی زەوی.
باسی لەوەشكرد، بەپێی ئاماری ساڵی 1957 هەریەك لە ناحیە و قەزاكانی وەك ئاغجەلەر، سەنگاو، خورماتوو، چەمچەماڵ، كەلار..هتد سەر بە كەركوك بوون و دواتر رژێمی بەعس ئەو قەزا و ناحیانەی دابڕی و خستنیە سەر پارێزگاكانی سلێمانی، سەڵاحەدین و ناوچەكانی تر، بۆیە ئێستا كێشەیان بۆ دروست دەكەن تا بێبەش بن لە وەرگرتنی زەوی، لە بەرامبەریشدا عەرەبێكی زۆر بە لێشاو دەهێننە شارەكە كە هیچیان لە دایكبووی ئەم شارە نین و زەویشیان پێدەدەن بەوەش ناحەقییەكی گەورە بەرامبەر فەرمانبەرە كوردەكان دەكەن.
ناحەقییەكان بەردەوامن
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە ناحەقی لە دامەزراندن و زەوی دابەشكردن لەم شارە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی كەركوكدا دەكرێت و بەردەوام كێشە بۆ دەرچوانی شارەكە دەدۆزنەوە بەتایبەتی بەرامبەر بە كورد، كە كۆمەڵێك پێوەری نابەجێیان داناوە بۆ ئەوەی كورد بێبەش بكەن لە دامەزراندن و پێدانی زەوی، بەشێك لە مامەڵەكانیش راستەوخۆ و ژێراو ژێر لە بەغداوە كاری پێدەكەن بەبێ ئەوەی لایەنەكانی كەركوك ئاگاداربن.
وتیشی: لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2017ەوە پارێزگاری بەوەكالەتی ئێستای كەركوك ئەنجومەنێكی راوێژكاری دامەزراند و دەسەڵاتێكی فراوانی هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە بە بڕیاری سەرۆكی وەزیران هەڵوەشێنراوەتەوە و لێكوڵینەوەشیان بەرامبەر دەكرێت، بەڵام ئەو ئەنجومەنە لە رابردوودا كاری نابەجێی زۆریان لە دامەزراندن و زەوی دابەشكردندا کردووە و دەسەڵاتێكی بەرفراوانیان لەلایەن پارێزگاری بەوەكالەتەوە پێدرا كە ناحەقی گەورە بەرامبەر بە كورد بكەن، راستە ئێستا ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی نەماوە، بەڵام گەندەڵییەكانی لە شارەكەدا زۆر بوو.
راگرتنی پرۆسەی زەوی دابەشكردن
ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە لیژنەیەك بە سەرپەرشتی هەموو پەرلەمانتارە كەركوكییەكان پێكهێنراوە و لەسەر بڕیاری ئەوان پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە كەركوك راگیراوە، چونكە هەڵە و كەموكورتی زۆر هەبوو لە ناوی ئەو فەرمانبەرانەی كە لەڕێی فەرمانگەكانیانەوە دەنێردرا، دواتر فەرمانبەرەكان سكاڵایان تۆماركرد و وەك خۆیان رایانگەیاندووە، یەكسانی لەناو لیستی ناوەكاندا نییە، ئێمەش وەك شارەوانی كەركوك بەپێی بڕیارەكان كار لەسەر دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەین.
وتیشی: ئێستا پەرلەمانتارەكان خۆیان وردبینی و بەدواداچوون لە لیست و ئەو ناوانەدا دەكەن كە لەڕێگەی فەرمانگەكانی كەركوكەوە دەنێردرێن بۆ شارەوانی، بۆئەوەی كێشەی كارگێڕی و یاسایی جۆراوجۆر روونەدەن و ئێستا پرۆسەی نوێی دابەشكردنی زەویمان راگرتووە، بەڵام ئەو لیستانەی كە پێشووتر نێردراون كێشەیان تێدا نییە پرۆسەكە بەردەوامە.
ئاماری ساڵی 1957 پێوەری سەرەکییە
باسی لەوەشكرد: هەر فەرمانبەرێك ناوی بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕابێتەوە ئێمە داوای ئاماری ساڵی 1957ی لێدەكەین و دەبێت دانیشتووی رەسەنی ئەم شارە بێت، چونكە عەرەبێكی زۆر لەم شارە فەرمانبەرە و ئاماری ساڵی 1957 ی نییە و بێبەش دەكرێن لە وەرگرتنی زەوی، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە زۆربەی فەرمانبەرە كوردەكان ئاماری ساڵی 1957 یان هەیە و دانیشتووی رەسەنی ئەم شارەن، راستە رژێمی پێشوو لە دوای ساڵی 1977ەوە قەزا و ناحیەكانی وەك چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، كفری، كەلار، خورماتوو لەگەڵ ژمارەیەك ناوچەی دیكەی تری لە كەركوك دابڕی، بەڵام ئەمە كێشەیان بۆ دروست ناكات، بۆ نموونە ئێستا لەسەر نفوسی هەندێك فەرمانبەری كەركوك نوسراوە ئاغجەلەر - سلێمانی یان بەپێچەوانەوە، یان هەر شوێنێكی تر، ئەوان ئاماری ساڵی 1957یان هەیە كێشەیان نییە و زەوی وەردەگرن.