ئایا رەوشی سیاسیی ئێستای عیراق، هەڵبژاردنی پێشوەختە دێنێتە ئاراوە؟

10:41 - 2024-07-15
دیدار
301 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرت/ ئیدریس جەبار 

 

لە دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، هەندێك لە چاودێران پێیانوایە، بە پاشەكشەكردنی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هێوربوونەوەی رەوشەكە، پێناچێت تا كۆتایی ئەم خولە پەرلەمانییە، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا بكرێت، لەكاتێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێك بوو لە بڕگە هەرە گرنگەكانی كارنامەی حكومەتی نوێ‌ كە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە سەركردایەتی چورچێوەی هاوئاهەنگی پێكهێنرا.

ئارێز عەبدوڵڵا:
پێموانییە لە عیراق هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، مەگەر ئاڵۆزییەكی گەورە دروستببێت، بەپێچەوانەوە تا كۆتایی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت


هێوركردنەوەی شەقام و بەرگرتن لە ئاڵۆزییەكان  
لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق، ئارێز عەبدوڵڵا نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی بۆ كوردستانی نوێ‌-ی راگەیاند: «پێموانییە لە عیراق هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، مەگەر ئاڵۆزییەكی گەورە دروستببێت، بەپێچەوانەوە تا كۆتایی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، لەو بڕوایەشدام لەكاتی خۆیدا كە باس لەوەكرا،  حكومەت پێكبهێنرێت دواتر هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت، ئەمە بۆ هێوركردنەوەی شەقام بوو، بە تایبەتیش بۆ هێوركردنەوەی جەماوەری موقتەدا سەدر بوو، ئەگەرنا هەڵبژاردنی پێشوەختە كارێكی ئاسان نییە». 
بە وتەی ئارێز عەبدوڵڵا: «پێكهاتەی حكومەتی ئێستا بەسەركردایەتی  چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوئاهەنگییەكی باش لەنێوان لایەنەكانیدا هەیە، ئەگەر بێت و هەڵبژاردنێكی تر بكرێت، ئەم هاوئاهەنگییەی هەیە نامێنێت و ئاڵۆزی تر دروستدەبێت و ململانێكان قووڵتردەبنەوە». 
ئارێز عەبدوڵڵا، دەڵێت: «لەو بڕوایەدا نیم لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تر بكەنەوە». 

 

سەعد موتەڵیبی:

ئەگەر تەنگژەكان بە ئاراستەیەكی تردا بڕۆن و پەرەبسێنن و نەكرا كێشەكان بەشێوەیەكی خێرا چارەسەربكرێن، رەنگە عیراق روو لە هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات


گۆڕانكاریی و پەرەسەندنەكان  

هەر لەو رووەوە، سەعد موتەڵیبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ‌، وتی: «كاروبارەكان نادیارن، ئەو گۆڕانكارییانەی لەنێوان شەو و رۆژێكدا روودەدەن، دەكرێت رەوشەكە بەرەو پەرەسەندن ببەن، بە تایبەت شكستخواردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ ئەنجومەنەكە، لەگەڵ بوونی هەندێك تەنگژەی وەك بابەتی كارەبا، دەكرێت پەرەبسێنن و ببنە داواكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، وێڕای بوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كارنامەی حكومەت كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكراوە». 
بە وتەی ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا: «كاروبارەكان بەشێوەیەكی گشتی، لە سایەی بوونی زۆریی گۆڕانكارییەكاندا، رەنگە وڵات بەرەو هەڵبژدنی پێشوەختە ببەن، بەڵام ئەگەر رێكەوتن بكرێت لەسەر تەواوكردنی ئەم خولەی پەرلەمان كە كارێكی ئاساییە». 
سەعد موتەڵیبی دەڵێت: «بەپێچەوانەوە ئەگەر تەنگژەكان بە ئاراستەیەكی تردا بڕۆن و پەرەبسێنن و نەكرا كێشەكان بەشێوەیەكی خێرا چارەسەربكرێن، رەنگە عیراق روو لە هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات، بەهەرحاڵ چاوەڕوانی كاروبارەكان دەكەین و بزانین روو لە چ ئاقارێك دەكەن، چونكە تائێستا ئاراستەكان نادیارن». 

گوشارە سیاسییەكان
ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەتیدەكاتەوە گوشاری سیاسی لەئارابێت، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە بە وتەی ئەو: «تەواوی حزبە سیاسییەكان سەرقاڵی كاروبارەكان و دەستكەوتەكانیانن، وێڕای خۆئامادەكردنیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە هیچ گوشارێكی سیاسی لەئێستادا بوونی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام كێشەكە خۆی لە بوونی تەنگژەكاندا دەبینێتەوە، گەر تەنگژەكان پەرەبسێنن، ئەوا پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژدنی پێشوەختە دێتەئارا، بەڵام گەر تەنگژە و كێشە نەیەنەپێشەوە و كاروبارەكان بەرێكوپێكی بەڕێوەبچن، پێویست ناكات وڵات جارێكی تر روو لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، لەم نێوەندەشدا هەڵوێستی رەوتی سەدر زۆر گرنگە، بەو پێیەی رەوتی سەدر هیچ نوێنەرێكی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە، ئەمانە هەموویان مەودای ئامادەیی حزبە سیاسییەكان بۆ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دیاریی دەكەن». 

حزبەكان و هەڵبژاردنی پێشوەختە

هیچ دەستەواژەیەك لەئارادا نییە سەبارەت بە خواستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراقەوە، لەكاتێكدا دەركەوتووترین بەڵێنەكانی حكومەتەكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو لە وڵات كە بە تەوافوقی سیاسی لەنێوان حزبەكانی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی» و لایەنە سیاسییەكانی تر پێكهێنرا، بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە، لە دوای پاشەكشەكردنی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی. 
هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەنێوان بڕگەكانی كارنامەی حكومەتەكەی سودانیدا دەنگی لەسەردا، لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە هیچی لەبارەوە ناوترێت و لە كۆبوونەوەكانیشیدا باسی باسی ناكات، بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێرانیش، زۆرێك لە حزبەكان نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، بۆیە پرۆسەكە ناكرێت و دوورە دەست دەبێت، بەڵام مەترسییەكە خۆی لە رەوتی سەدردا دەبینێتەوە كە توڕەییەكەی زیاتر پەنگدەخواتەوە و رەنگە جارێكی تر ببێتە مایەی جۆشدانی شەقام لەڕێی لایەنگرانی دژ بە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی لە بەغدا و باشوور. 

هەڵبژاردنی پێشوەختە  لە كارنامەی حكومەتدا 
حكومەتەكەی سودانی كە لە 27ی تشرینی یەكەمی 2022 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرا، لە كارنامە وەزارییەكەیدا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەماوەی سێ‌ مانگ، و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەماوەی ساڵێكدا لەخۆگرتبوو، جەختیشی لەسەر پابەندبوونی حكومەت كردبووەوە بە ئەركەكانی لە پشتیوانیكردن لە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەموو بوارەكاندا، تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەببات، لەڕێی دابینكردنی پارەی پێویست و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و زامنكردنی سەركەتن و بێخەوشی پرۆسەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان