بەدواداچوونێکی مەیدانیی کوردستانی نوێ بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی

هۆكاره‌ باوه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی سكچوون و رشانه‌وه‌ له‌نێو منداڵاندا

11:49 - 2024-07-15
ڕاپۆرت
376 جار خوێندراوەتەوە

دكتۆره‌ ته‌رزه‌ عه‌لی پزیشكی گه‌شه‌ی منداڵ و منداڵانی تازه‌ له‌دایكبوو  به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ڤایرۆس و به‌كتریاكان له‌ كه‌شی گه‌رما و هاویندا گه‌شه‌ دەكەن، بێگومان نه‌خۆشی سكچوون و رشانه‌وه‌ به‌ربڵاوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌نێو منداڵاندا، ئه‌و سكچوون و رشانەوەی كه‌ له‌ هاویندا توشی نه‌خۆشه‌كان ده‌بێت رێژه‌ و بڕەكەی جیاوازه‌ له‌ وه‌رزه‌كانی دیكه‌، چونكه‌ له‌م وه‌رزه‌دا ده‌بێته‌ هۆی بێ هێزی و وشكبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات رێژه‌ی داغڵبوونی نه‌خۆشه‌كان زیاتربێت.

هۆكاره‌كانی سكچوون له‌ هاویندا: 
1- نه‌خۆشی (كۆلێرا) نه‌خۆشیيه‌كی گوازراوه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ بڕێكی زۆر ئاوی لێ ده‌روات، یه‌كێكه‌ له‌ ئاكامه‌ خراپه‌كانی وه‌ستانی گورچیله‌ و كوشنده‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرێت. 
2- نه‌خۆشی (سلمونیلا) واتا (گرانه‌تا) كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تا و سكچوون و  به‌ خێرایش ده‌گوازرێته‌وه‌.
3- نه‌خۆشی (رۆتا ڤایرۆس)، نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌ست به‌ بێهێزی ده‌كات له‌ سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاره‌زووی خواردن زۆر جاریش تای هه‌یه‌، ئازاری ناوسك و دڵ تێكه‌ڵ هاتن و رشانه‌وه‌ و سكچوون.

رێكاره‌كانی خۆپاراستن:
خۆپاراستن و جێبه‌جێكردنی رێنمايی ته‌ندروستی كه‌ بریتین له‌ (پاك و خاوێنی و شوشتنی ده‌ست بۆ رێگرتن له‌ گواستنه‌وه‌ی میكرۆب و ڤایرۆس، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی پیس و دانه‌پۆشراوه‌كان و ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌ جوان نه‌كوڵاون وه‌ك گۆشت و هێلكه‌، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مه‌له‌كردن له‌نێو ئاوی پیس و ئاوه‌كانی تێكه‌ڵ به‌ ئاوه‌ڕۆبوون، شوشتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌ و میوه‌كان به‌جوانی، په‌یره‌وكردنی خواردنی ته‌ندروست بۆ به‌ هێزكردنی به‌رگری له‌ش، به‌كارنه‌هێنانی چاره‌سه‌ر به‌ تایبه‌تی (دژه‌ به‌كتریا) به‌بێ چاودێری پزیشك، خواردنه‌وه‌ی بڕێكی ئاوی زۆر به‌ به‌رده‌وامی له‌ وه‌رزی گه‌رمادا، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ چێشتخانه‌ و ریستۆرانته‌كاندا كارده‌كه‌ن، پێویسته‌ پشكنینی ته‌واو بكه‌ن و كوتان وه‌ربگرن .

      ئامادەکردنی دیانا ئەحمەد بە هاوکاری ئالان محەمەد جەزا


بابەتە پەیوەندیدارەکان