لە میدیای سورییەوە

12:17 - 2024-07-15
جیهان
127 جار خوێندراوەتەوە

ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی گەلەوە
رۆژنامەی «الوطن» لەژێر ناونیشانی «رۆژی بێدەنگی كاندیدەكان.. 1516 كاندید پێشبڕكێ لەسەر 250 كورسی دەكەن» راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلەوە كە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بكرێت، نووسیویەتی (ئەمڕۆ كاندیدەكان بەبێدەنگی دەچنەناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، لەم هەڵبژاردنەدا 1516 كاندید كێبڕكێ لەسەر 250 كورسی ئەنجومەنەكە دەكەن، بۆ ئەو مەبەستە 8151 ناوەندی دەنگدان لە سوریادا كراوەتەوە و پێویستە ئەمڕۆ هەموو كاندیدەكان و راگەیاندنەكان هەموو جۆرە بانگەشەیەك  بووەستێنن.


گەڕانەوەی بارودۆخی سوریا بۆ پێش ساڵی 2011
ئاژانسی هەواڵی «سانا»ی رەسمیی سوریا لە یەكێك لە مانشێتەكانیدا لەسەر ئەوە وەستاوە كە «سوریا دڵنیایی دەدات، گەڕانەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا وەستاوەتەسەر گەڕانەوەی بارودۆخی سوریا بۆ پێش ساڵی 2011 ، ئەوەش بنەمایە بۆ ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی هەردوو وڵات»
بەپێی بەیاننامەیەك كە ئاژانسەكە لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا وەریگرتووە، رایگەیاندووە: سوریا مامەڵەی كردووە لەگەڵ دەستپێشخەرییە تایبەتەكان بۆ چاككردنەوەی پەیوەندیی نێوان سوریا و توركیا، وایدەبینێت كە ئەنجامی ئەو دەستپێشخەرییانە تەنها مەبەستێكی میدیایی نییە، بەڵكو رێگایەكی ئامانجدارە و لەسەر بنەمای راستییەكان دامەزراوە كە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەدەبات، ئەویش بنەمای رێزگرتنە لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاك.

پڕوپاگەندەكانی توركیا لەبارەی ئاشتەوایی نێوان سوریا و توركیا
لای خۆشیەوە رۆژنامەی (الثورە) وتارێكی شەعبان ئەحمەد-ی لەژێر ناوی (دوور لە لێدوانەكان و شیكردنەوەكان) بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی «وەڵامەكان توندن بۆ پڕوپاگەندەكانی توركیا لەبارەی ئاشتەوایی نێوان سوریا و توركیا) دەڵێت «لەم دواییانەدا شیكارییەكان زۆربوون جا چاودێرانی تایبەتمەندبن یان فەیسبووكەوان كە سیاسەتی بڕین و لێدان جێبەجێ دەكەن، بەتایبەت دوای لێدوانەكانی ئەردۆغان و دووبارە بانگكردنەوە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بۆ حاڵەتی پێش 2011.


گەنجەكان چاویان لەسەر كۆچ داناوە

رۆژنامەی «الوحدة» كە دامەزراوەی «وەحدة» بۆ بڵاوكردنەوە دەریدەكات و بارەگاكەی لە پارێزگای لازقییەیە، وتارێكی سەرنجڕاكێشی سەرنووسەری رۆژنامەكە (محەمەد غانم)ی لەژێر ناونیشانی «خوێنبەربوونێكی بەردەوام  .... و بە ئازار) بڵاوكردۆتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەكات «جەنگی سوریا گەنجەكانی وێران كرد و بەبێ هیچ خەونێك مانەوە. گەنجەكان چاویان لەسەر كۆچ داناوە».
ئەو نووسەرە لە درێژەی وتارەكەیدا باسی ئەوە دەكات «گەنجەكان كە بەزەحمەت بڕوانامەی زانكۆ بەدەستدەهێنن، بڕوانامەكانیان لە جانتای سەفەرەكەیاندا دادەنێن، چونكە رەنگە لەو غەریبییەدا ئیشیان پێیبێت»

 

ئامادەكردنی/ فەتحوڵڵا حوسەینی

بابەتە پەیوەندیدارەکان