جووتیار نوری: یەکێتی هەمیشە پشتیوانیی رێکخراوە دیموکراتییەکان دەکات

10:35 - 2022-06-22
دیدار
873 جار خوێندراوەتەوە

لە دیدارێکیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ-دا جووتیار نوری ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکانی ی.ن.ک میکانیزمی کاری مەکتەبەکەیان رووندەکاتەوە و رۆشنایی دەخاتە سەر ئەرکی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان و جیاوازییان لەگەڵ شێواز و میکانیزمی کاری رێکخراوە پیشەییەکانی سەردەمی خەباتی چەکداری و رۆڵی ئەو رێکخراوانەی ئێستا لەکایەی کاری پیشەیی و جەماوەرییدا هەڵدەسووڕێن.

سازدانی- هیوا محەمەد

 *وەک بەرپرسی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان، کە چەندین رێکخراو لە توێژی جیاجیا لەم مەکتەبەدا کۆبوونەتەوە، دەمانەوێت بۆ ئاشناکردنی خوێنەران رۆشناییەک بخەنە سەر شیوازی بەڕێوەچوونی کاروباری مەکتەبەکەتان؟
- رێکخراوی دیموکراتی، مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە ئەنجامی ناڕەزایی خەڵک و گردبوونەوە بۆ چارەسەر دروست بووە، بەتایبەتی لە ئەوروپاوە لە دوای شۆڕشی پیشەسازی و رێنیسانس، لەگەڵ پێشکەوتنی و هەڵکشانی سەرمایەداری ئەم کایەیەش گەشەی کردووە. 
کار و خەباتی رێکخراوە دیموکراتییەکان بە دوو شێوە بەرجەستە دەبێت، یەکەمیان لەناو خودی حزبدا دەبێت و ئەوی تریان راستەوخۆ لەناو جەماوەرەوە دروست دەبێت، ئەویش لە رێی کۆمەڵە و دەستەی جۆراوجۆرە بەمەبەستی گەیاندنی داخوازییەکان لە شوێنە جیاجیاکانەوە بە حکومەت بە مەبەستی بەدیهێنان یان چارەسەرکردنی گرفتەکان. 
کە ئەمەیان ئێستا لە کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیدا بەرجەستە بووە لە بچووکترین رێکخراوەوە تا سەندیکا گەورەکان، توێژێکی زۆری کۆمەڵگە لە خۆدەگرێت کە بۆ ئامانجێک هەوڵدەدەن و چالاکی دەنوێنن بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانی تایبەت بە توێژەکەی خۆیان.
بۆ نـموونە: کرێکاران خەباتی رێکخراوەیی و دیموکراسی دەکەن بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان لە چوارچیوەی یاسادا، بۆیە پێیان دەڵێین دیموکراسی، چونکە لە کەشێکی دیموکراسیدا دروستدەبن، نەک لە حکومڕانییەکی دیکتاتۆریدا. یەکێتی وەک حزبێکی سوشیال دیموکرات زۆر گرنگی بەم جۆرە رێکخراوانە دەدات و بەردەوام پشتگیرییان دەکات.
یاخود بزووتنەوەی ژنان دەکرێت هی هەموو توێژەکان بێت، بە هەموو جیاوازیی بێرۆڕا و  ئایدیاکانەوە، بەڵام یەکێتی دەتوانێت پێشەنگیان بێت و پشتگیرییان بکات، لە رێگەی پشتگیریی کردنیان بۆ بەدیهاتنی مافەکانیان. 

*مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان، لە دوای راپەڕینەوە دروست بووە؟ ئەی پێشتر سەرپەرشتیی کاری رێکخراوەیی لە ناو یەکێتیدا بە چ میکانیزمێک بووە؟
 -
لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتی و پێشتریش لەناو کۆمەڵەدا بزووتنەوەکی دیموکراسیی فیکری هەبووە، باوەڕی بەوەبووە کە دەبێت لەناو خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا بێت. یەکەمین رێکخراوی کۆمەڵەش، یەکێتیی لاوان و خوێندکاران بوو کە لە ساڵی 1976 دامەزرێنرا.
مام جەلال زۆر جار دەیوت: کە دەبێت لە خانووە قوڕەکانەوە دەستپێبکەین. یەکێتییەکەی ئێمە بۆ رۆشنبیران و خەڵکی زەحمەتکێش بووە، هەر بۆیەش لە شاخەوە هەریەکە لە یەکێتیی ژنان و یەکێتیی لاوان و یەکێتی هونەرمەندان و نووسەران و... هتد بەدوایدا ئەنجومەنی گوندەکانی دروست کرد، هەموویان دەچنە ناو چوارچێوەی رێکخراوی دیموکراتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە. 
دواتریش یەکێتی لە پەرۆشییەوە بۆ پاراستنی مافەکانی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکانی دامەزراند تا راستەوخۆ و لە نزیکەوە تێکەڵی کێشەکانیان ببێت و هەوڵی پاراستنی مافەکانیان بدات، بەمەش توانی کادری باش لەم بوارانەدا پێبگەیەنێت بە بیری سوشیال دیموکرات.

*توانراوە بە ئاسانی ئەو ئامانجانە بپێکرێت کە ئەم مەکتەبە لە پێناویدا پێکهێنراوە؟
-
لە ساڵی 1991 یەکێتی و خودی سەرۆک مام جەلال باوەڕیان وابوو کە کاری رێکخراوە دیموکراتییەکان لە مەکتەبێکدا رێکبخرێت،  بۆ ئەوەش سەرەتا تووشی کۆسپ و رێگریی زۆر بووینەوە، لایەنی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگە یەکێک لەوانە بوو، هەروا شەڕی ناوخۆ و دەستی تیرۆریستان، بەڵام لەدوای هاتنەئارای جۆرێک لە ئارامیی سیاسی لە هەرێم، واتا لە دوای کۆتایی نەوەدەکانەوە، رێکخراوە مەدەنی و جەماوەرییەکان گەشەی بەرچاویان کرد و رێکخراوی تریش بەگوێرەی پێداویستی قۆناغەکان دروستبوون، بەڵام هەموو ئەو زیانانەی لە یەکێتی کەوتن بە کێشە ناوخۆییەکان و قەیرانەکانی عیراقیشەوە، بوونە رێگر لەبەردەم گەشەسەندنی زیاتری رێکخراوە دیموکراتییەکان. ئێستاش کەشی گونجاو رەخساوە بۆ ئەم بزووتنەوە دیموکراسییانە کە بەردەوام بن لە جموجۆڵەکانیان بۆ زیاتر پێسخستنی رێکخراوە دیموکراتییەکان و رۆڵیان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا.

* کۆمەڵگەی ئێمە بەراورد بە کۆمەڵگە پێشکەوتووکانی جیهان هێشتا لەدواوەیە، بەڵام دیارە خەباتی سیاسیی ئەمڕۆش لەوەی 50 ساڵ بەرلەئێستا جیاوازە، ئەندامی حزب یان رێکخراو ئازادی را دەربڕینی زیاتری دەوێت، زوو شتەکان رەت دەکاتەوە، دەیەوێت گۆڕانکاریی لە خۆی و رێکخراوەکەیدا ببینێت و تیایدا پێشبکەوێت، پلە و پایەی دەوێت، نایەوێت کەسێک بۆ درێژخایەن دەسەڵات و بڕیاری لابێت، ئەمانە نابنە هۆی قورسیی کارکردن لەگەڵ رێکخراوەکان؟ ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا دەکەن؟
-
حزبایەتی لەسەر بنەمای (یەکێتی ئایدیا) دروست دەبێت و گشتگیرە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەڵام رێکخراوەکان (یەکێتیی پیشەیی) بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە بۆ ئامانجێکی کاتیی پیشەیی کە لەو کاتەدا بە مافی خۆیانی دەزانن و دەیانەوێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، ئەوان بە درێژایی ژیانیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا خواستەکانیان رێکدەخەن، چەندە سەرمایەداری و تەکنۆلۆژیا پێش بکەوێت، داخوازییەکانی ئەوانیش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ئەوان یەک توێژن لە سەندیکایەکدا یان کۆمەڵەیەکدا، پزیشکێک لە سەندیکاکەی خۆیدا کاردەکات، نەک لە سەندیکای تایبەت بە پیشەیەکی دیکەدا. بۆ نموونە مامۆستایان لە سەندیکایەکدا دەیان هەزار ئەندامیان هەیە، بەڵام ئامانجی ئەوان بۆ ئەو کێشانەیە کە دێتە رێی مامۆستایان، یان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو توێژەیە و ئەوەی پەیوەستە بە بواری پیشەکەی خۆیانەوە.
بەڵام ئێمە وەک حزب ئەرکمان جیاوازە، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە لە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاساییش و پێکەوەژیان و خزمەتگوازاریی بۆ کۆمەڵگە و ئیدارەدانیان لە ئەستۆماندایە، واتا زۆر قورسترە لەوەی کە رێکخراوێکی پیشەیی یان مەدەنی بۆ بوارێکی تایبەتی هەیەتی. ئێمە وەک رێکخراوە مەدەنی و دیموکراسی و جەماوەرییەکان دەبێت لەیەک خاڵدا کۆبینەوە، ئەویش پاراستنی نیشتمانەکەمانە. بەڵام کاتێک دێینە سەر نێوانی ململانێکانی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە لە نێوان خاوەن کارگەیەک و کرێکارێک، دەبێت لە رێگەی سەندیکایەکەوە رێکبخرێت، داخوازییەکانی ئەوان لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژگاردا دەگۆڕدرێت.
داواکاریی کەسێکی کرێکار لە خاوەنکارێک یان سەرمایەدارێکە، دەبێت لە رێگەی سەندیکاکانەوە مافەکانیان بپارێزرێت.

* ئەی نابێت حزبێک هەبێت لە پشت داخوازییەکانی ئەوانەوە بێت و پشتگیرییان بکات؟
 -بەڵێ وایە، یەکێتی کە باوەڕی بەم جۆرە سیستمە هەیە، دەچێتە پاڵ داوای سەندیکاکانەوە، مەکتەبی ئێمە بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگییە لەگەڵ ئەو رێکخراوە دیموکراسییانەدا، ئەوانە رێکخراوی پێویستن و بەپێی پێویستبوونیان دروست بوون، ناتوانیت رێکخراویک دروست بکەیت بۆ مامۆستایان ئەگەر ئەوان خۆیان نەیانەوێت، ئێمە وەک یەکێتی لەسەر خواستی خۆیان پشتگیرییان دەکەین.

*بەڵام لە هەرێمدا خەڵک بە گشتی ناڕازییە، هەموو ئەم ناڕەزاییەش لە کەمی خزمەتگوزاریی و خراپیی باری ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە، دەنا ئازادیی تاک و رۆژنامەگەریی و سیاسیی و هەموو چەمکەکانی تر لەئارادایە بەتایبەتی لەم زۆنەدا، هەرکەس بیەوێت لە هەر کەناڵیکەوە رای خۆی دەڵێت، زیندانەکان کەسێکی سیاسییان تێدا نییە، بە راست و چەپ نەک بیروبۆچون، بەڵکو تەشهیر و بوختان بەرامبەر کەسایەتییەکان دەکرێت، تەنها گلەیی خەڵک لە نەبوونی ئەو پێداویستییە ساکارانەیە کە لەم سەردەمەدا بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک پێویستن و دەبێت حزبی دەسەڵاتدار دابینی بکات، ئێمە خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتیین، نابێت دۆخی ئابووری کۆمەڵگەکەمان وابێت، ئێمە چی وەڵامی خەڵک بدەینەوە، لەکاتێکدا بەڵێنی زۆرمان هەیە، بەڵام بە سستی جێبەجێ دەبێت؟
-
دەبێت بزانین خەڵک بۆچی بێزار و بێ ئومێدە، هۆکار چییە؟ تەنها ئابووری نییە کە رووبەڕوی جیهانیش بۆتەوە، هۆکار نەمانی متمانەیە لە نێوان حکومڕانی و خەڵکدا تەنانەت متمانە بە دادگاکانیش لاوازە، ئەمەش لە غیاب و ناچالاکیی رێکخراوە جەماوەرییەکاندا بووە لەو سەردەمانەدا.
ئەوان نەیانتوانیووە کارێک بکەن پردێکی کارکردن پێکەوە بنیات بنێن لەگەڵ دەسەڵاتداراندا ئەگەر هەر حزبێک بێت، تا بتوانن کێشەی توێژەکانی کۆمەڵگە بە گشتی بخەنەڕوو و لەگەڵیاندا تێکەڵ بن. رێکخراوی دیموکراسیی کاری هەر ئەوە نییە بێتە سەر شەقام و ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی پەرلەمان و حکومەتەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و هەوڵی زاڵبوون بدات بەسەریاندا، واتا کاری پێکەوەیی هەبێت نەک بە پێچەوانەوە.

*لە دیداری یەکێتیدا چەندین پڕۆژەی نوێ ئامادە کران بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت، ئێوە وەک مەکتەبەکەتان  چ پڕۆژەیەکی نوێتان خستۆتەڕوو؟
-
ئێمە وەک هەڤاڵانی چوارچێوەی رێکخراوەکان پێشنیازمان کردووە کە یەکێتی زیاتر پشتگیریی رێکخراوە دیموکراتییەکان بکات تا زیاتر گەشە بکەن و بتوانن نوێنەرایەتی توێژەکان بکەن بە هەموو جیاوازییە فیکرییەکانیانەوە، تا رێکخراوە جەماوەریی و دیموکراتییەکان بەهێزتربن لەوەی ئێستا. 
داواکراوە کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان حکومەت و رێکخراوەکان بەتینتر بێت و تیمی تایبەتی هاوبەش دروست بکرێت و بەشداریی زیاتریان پێبکرێت لە پڕۆسەی سیاسیی و بەڕێوەبردندا.

* تەنها پێشنیاز و بەرنامە ناتوانێت گۆڕانکاریی بکات، بەڵکو دەبێت گۆڕانکاریی لە هەیکەلیشدا بکرێت، ئەگەر کادرێک لە شوێنێک سەرکەوتوو نەبووە، دەبێت بنێردرێت بۆ ئەو شوێنەی کە تیایدا شارەزایی هەیە، ئێوە بیرتان لەوە کردۆتەوە بۆ سەرخستنی کارکانتان ئەمە بکەن؟ کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دادەنێن؟
-
ئێمە بیرمان لەوە کردۆتەوە کە لەمساڵدا بەپێی توانا رێکخراوە دیموکراتییەکان کۆنفرانس و کۆبوونەوەی گشتییان بۆ رێکبخەین، دەبێت لەم رێگەیەوە خۆیان نوێ بکەنەوە و گوڕوتینێکی دیکە بدەنەوە بە خۆیان تا بتوانن زیاتر لە خزمەتی توێژەکانی خۆیاندا بن و لەگەڵ هەلومەرجەکانی ئێستادا خۆیان بگونجێنن. زۆربەی رێکخراوەکان 10 ساڵە کۆنگرەیان نەبەستوە، کوردستانی ئەمڕۆ زۆر جیاوازترە لە دە ساڵ لەمەو پێش، بەردەوام گۆرانکاریی لە رێکخراوەکاندا پێویستە.

*لە هەموو رێکخراوێکدا زۆرێک گلەیی لە حاڵی خۆیان دەکەن و دەڵێن زۆرم کردووە و پێی نازانن، ستایش و سزا هۆکارن بۆ پێشکەوتنی کارەکان لەهەر جێگەیەک، ئێوە تا چەندە ئەم دوو ئیجرائاتە بەکاردەهێنن لە رێکخراوەکاندا، کەس سزادراوە؟ یان کەس ستاییش کراوە؟
-
ئەوەی کە لە شەش مانگی رابردوودا من خۆم کردوومە بە پێی سیستم و یاسای مەکتەبەکە کە رێی پێداوین گۆرانکارییمان کردووە، هەندێک کەس ماندوو بوون و مێژوویەکی کارکردنیان هەبووە بە سوپاسەوە لامان بردوون و کەسێکی ترمان بە رۆحیەتێکی نوێەوە خستۆتە جێگەی، بەڵام هەروەکو وتم ئێمە دەبێت لە نزیکترین کاتدا کۆنفڕانس بۆ رێکخراوەکان ببەستین تا نوێبوونەوەکان لەوێدا بکرێن، بۆ نموونە سەندیکای کرێکاران تا ئێستا کۆنگرەیان نەبەستووە و بە شکڵی بەرەیی دانراوە کە نوێنەری حزبەکانی تیادایە. لەبەرنامەشماندا هەیە کە سوپاسی ئەوانە بکەین کە کاری باش دەکەن و سەرزەنشتی ئەوانەش بکەین کە کەمتەرخەمن، خۆ ئەگەر بەمە سوودی نەبوو ئەوە بەڕێزەوە لەسەر ئەوکارە لای دەبەین، رەنگە ئەو لە بوارێکی تردا بتوانێت کار بکات.

*رێکخراوەکان ساڵانە دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، ئەوانە دوور بخەنەوە کە تەنها جێگەیان گرتووە و هەوڵی جدی نادەن بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانی رێکخراوەکەیان، ئایا ئەمە پێویست نییە بەردەوام بێت؟
-
بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ مەکتەبەکان روونە، هەروا بۆ رێکخراوە جەماوەرییەکان، ئێمە سوود لە بەرنامە و پەیڕەوی حزبەکەمان وەردەگرین، نوێبوونەوەی هەمیشەیی دەگرینە بەر بۆ گەشەکردن تا بتوانین لەگەڵ رەوتە جیهانییەکە و بزووتنەوە دیموکراسییەکە خۆمان بگونجێنین، ئەمەش پێویستی بە کەشێکە کە ئارامی تیادا بێت، لەوەش گرنگتر دەبێت حکومەت لەوە تێبگات کە ئەم بزووتنەوە رێکخراوەییانە لە سوودی حکومەت و چارەسەری کێشەکان و تەندروست کردنی کۆمەڵگەیە. ئێمە هەست بەم سستی و چەقبەستووییە دەکەین و دەبێت کاری رێکخراوەکان رۆحیەتێکی دیکەی پێبدرێتەوە و بە شێوازی دیمەوکراسییانە چارەسەریان بکەین، بەرنامەشمان هەیە بۆ زیاتر چوونە ناو خەڵک.

*خەڵک لەدەوری ئەو حزبە کۆدەبێتەوە کە خزمەتگوازریی بەردەوام دەکات، ئەگەر کردیشی ئەوا لەکاتی هەڵبژاردندا بانگەشەی ناوێت و خەڵک خۆیان دەنگی پێدەدەن. ئەم رێکخراوانە چۆن دەکرێت ببنە هاوپشتی حزب تابتوانێت حکومڕانییەکی باش بکات؟
-
دەبێت تاک هوشیار بێت و لەوە تێبگات کە حکومەت و حزب دەیکات، دەبێت بزانێت کە لەم هەرێمەدا ئێمە هەموان خەڵک و حکومەت لە کەشتییەکداین کە هەرێمی کوردستانە، ئەگەر نقووم بێت پێکەوە دەخنکێین، ئاساییە تێروانینەکان جیاواز بن ئەمە لە سیستمێکی دیموکراسیدا دەبێت، دەبێت خەڵک هوشیار بکەینەوە لەوەی کە لە کوێوە دەتوانێت داخوازییەکانی بخاتە روو، چۆن هەوڵیان بۆ بدات، بۆ نموونە لە گەڕەکێکدا کە 50 ماڵی تێدایە ئەگەر نوێنەرێک بۆ خۆیان دابنێن و بێن گوێیان لێبگیرێت باشترە لەوەی هەرکەس لە جێگەی خۆیەوە شتێک بڵێت.
*تا چەندە خەڵک روویان لە ئێوە ناوە و چەندیش حکومەت هاوکاریتان دەکات؟
-
ئێمە هاندەری خەڵک دەبین کە لەم خەباتە دیموکراسییەدا بەردەوام بن، چونکە لەم رێگەوە دەتوانن کێشەکانیان بگەیەننە شوێنی پەیوەندیدار، پێیان دەڵێین کە داواکارییەکانیان دەگەیەنینە حکومەت و بەدواداچوونیشیان بۆ دەکەین، ئەمە گرنگە خەڵک کاری پێکەوەیی بکات و رای خۆیان لە بەرژەوەندی گشتی بخەنە روو. بۆ نموونە ئەمڕۆ لەگەڵ پیشەوەرانی سلێمانی دانیشتین لەسەر داوای خۆیان، ئەوان کۆمەڵێک داخوازیی رەوایان لە شارەوانی و بەرگری فریاکەوتن و  تەندروستی و ئەمانە هەبوو، ئێمە بە پێی توانای خۆمان هەوڵدەدەین پەیوەندی بە لایەنانەوە بکەین و بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانیانەوە هەنگاو بنێین.

*لە ناو ئۆرگانەکانی یەکێتیدا ئەگەر کەسێک دابمەزرێندرێت، ئاساییە کە مەرج بێت یەکێتی بێت، ساڵانە گەنجان لە خێزانی پێشمەرگە و شەهیدان و کادران گەورە دەبن، بەڵام هیچ دامەزراندنێک نییە و راگیراوە، ئەمە چۆن دەبێت؟
-
لە راستیدا قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەریی هەیە، پڕۆژەکان کە هەلی کاریان لێدەبێتەوە کەمترن لە جاران،  دەیان هەزار دەرچووی کۆلێژەکان هەن بێکارن و حکومەت نەیتوانییەوە دایان بمەزرێنێت،  دەستی کاری بیانی لە هەرێم زۆرە بەتایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان
باری ئابووری هەرێم بە گشتی لاوازە، هەروا باری ئابووری یەکێتی خۆی کە ناتوانێت خەڵکانێکی زۆرتر و بە بەردەوامی دابمەزرێنێت، رەنگە کاتیی بێت و لە داهاتوودا لەگەڵ باشتر بوونی بارودۆخەکە ئەمەش گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.

*راگەیاندنی هەر حزبێک ماشێنی وەگەڕخستن و داکۆکیکردن لە حزبە، راگەیاندنی یەکێتی بڕبڕەی پشتیەتی، ئێوە وەک مەکتەب لە رێگەی رێکخراوەکانەوە، چۆن دەتوانن لەم سەردەمەدا کە سوشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەن هاوپشتیی لە راگەیاندن بکەن و بیکەنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییەکانتان، بەتایبەت رۆژنامەی کوردستانی نوێ؟
-
من سوپاسی راگەیاندنکارانی یەکێتی دەکەم، کە هەر لە سەرەتای دروست بوونی یەکێتییەوە تا ئەمڕۆ راگەیاندن رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە دوای راپەڕین، کوردستانی نوێ وەک یەکەمین رۆژنامەی رۆژانە دەرچوو، ئێستاش بە سەرکەوتوویی ماوەتەوە و بەردەوامە، ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ یەکێتی و هەموو ئەوانەی لەم بوارەدا کارییان تیادا کردووە، بەڵام لە گەڵ گۆڕینی شێوازیی میدیایی ئەمڕۆ دەبێت ئێمەش بیر لەو هەلومەرجانە بکەینەوە کە چۆن دەبنە سەرخەری راگەیاندنەکانمان و پشتگیرییان بکەین، چی بکەین باشە کە لەیەکتر دانەبڕێین، دەبێت پشتگیریی لە پڕۆژەکانیان بکەین.
بۆ کوردستانی نوێ ئێمە پلانێکمان هەیە وەک مەکتەبەکەمان کە مانگانە ژمارەیەکی باشیان لێبکڕین و دابەشی بکەین بەسەر ژوورەکاندا و بینێرین بۆ هەموو لقەکان کادرەکانمان بیخوێننەوە تا زیاتر بکەوێتەوە بەر دیدی خوێنەران.

*زۆر سوپاس بۆ ئەم کاتەی تەرخانت کرد بۆ ئێمە و هیچمان نەماوە ئەگەر پەیامێکتان هەیە فەرموون.
-
هیوادارم هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی هاوپشتیی رێکخراوە دیموکراتییەکان بکەن و فەلسەفەی گرنگیی ئەم رێکخراوانە بنرخێنن، چونکە ئەمە رێگایەکە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک و دیسانەوە بێنەوە لە دەوری یەکێتی وەک جاران کۆببنەوە، ئێمە و خەڵک تێکەڵین دەبێت هاوپشتیان بین و فێری خەباتیان بکەین بۆ بەدیهاتنی داخوازی و مافەکانیان لە رێگەی رێکخراوە جەماوەری و دیموکراسییەکانەوە لە بەرامبەر حکومەت و پەرلەمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان