هۆكار و چارەسەر

كێشەی هەژاری لە عیراق

10:55 - 2024-07-16
ئابووری
344 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

كێشەی هەژاری، لە بابەتە ئابووری و كۆمەڵایەتییە زۆر ئاڵۆزەكانی عیراقە و كاریگەریی گەورەشی هەیە لەسەر ژیانی چەندین ملیۆن كەس، هۆكارەكانیش هەر لە هۆكاری مێژووییەوە تا دەگات بە هۆكاری سیاسی و ئابووری و ئاسایش.. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە، بەڵام چارەسەریشی هەیە و عیراق ئەگەر بیەوێ لەو كێشەیە دەرباز بێت، پێویستە چەند هەنگاوێك بگرێتەبەر، تا بتوانێ رووبەڕووی ئەم دیاردەیە و دیاردەی بێكاری و زۆر دیاردەی دیكەش ببێتەوە كە كۆمەڵگەی عیراقیان شێواندووە.
عیراق بە شێوەیەكی سەرەكی

پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێ، ئەمەش دەیخاتە بەردەمی مەترسیی هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لە بازاڕی نەوتدا

هۆكارەكانی هەژاری
1 - جەنــــگ و ملمـــلانێ: جەنگە درێژخایەنەكانی وەك جەنگی ئێران – عیراق كە هەشت ساڵی خایاند و دواتر جەنگی 2003 و پاشانیش جەنگ دژی داعش، هەموو ئەمانە ژێرخانی ئابووری عیراقیان تێكشكاند.
2 - گەنـــدەڵیــــی: بڵاوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵیی ئیداری و دارایی لە سەرجەم دەزگا حكومییەكاندا دەبێتە هۆی خراپ بەكارهێنانی سەرچاوە سروشتییەكان و وەبەرهێنانیش لە كەرتە زیندووەكاندا.
3 - بێكاری: كەمیی دەرفەتی كار، بە تایبەتیش بۆ گەنجان، بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری.
4 - پشتبەستن بە نەوت: عیراق بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێ، ئەمەش دەیخاتە بەردەمی مەترسیی هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لە بازاڕی نەوتدا.
5 - كەمــــیی خزمــەتگــــوزارییە بنەڕەتییەكان: لاوازیی ژێرخانی تایبەت بە كەرتەكانی تەندورستی، پەروەردە، ئاو و كارەبا، ئەمانە كار دەكەنە سەر ژیانی خەڵك. 

رێگەچارەكان
1 - بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا: ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كاری زۆر و بەهێزبوونی ئابووریی وڵات.
2 - بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی: لە رێگەی باشتركردنی سیستمی چاودێریی و لێپرسینەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی شەفافیەت، كە سەرەنجام متمانەی دامەزراوە حكومییەكان بەرز دەكاتەوە.
3 - جۆراوجۆركردنی ئابووری: واتە پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، خزمەتگوزاریی و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت.
4 - بەهێزكردنی توانای مرۆیی: باشتركردنی سیستمی پەروەردە و پەرەپێدانی توانای لاوان لە رێگەی فێركردنیان و مەشق پێكردنیان و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار.
5 - باشتركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان: بەهێزكردنی ژێرخانی تایبەت بە خزمەتگوزارییەكانی وەك: تەندروستی، پەروەردە، ئاو و كارەبا.
6 - پشتیوانییكردنی پرۆژەی بچووك و مامناوەند: لە رێگەی دابینكردنی قەرزی ئاسانەوە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ پرۆژەی بچووك، یان مامناوەند بنیات بنێن.
7 - یاساكان و سیاسەتی ئابووریی كارا: جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابووریی ئەوتۆ كە هاندەر بێت بۆ گەشەی تەواو و بەردەوام، لەگەڵ هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی.
8 - بـــەرنـــامـــەی چـــاودێریـــی كۆمەڵایەتی: فراوانكردنی تۆڕەكانی بیمەی كۆمەڵایەتی، بە جۆرێك كە توێژە لاوازەكانی كۆمەڵگە سوودی لێوەربگرن.
9 - هــاوســـەنگیی لــــــە نێـــوان ناوەنــــــد و دەوروبەردا: كاركردن بۆ مسۆگەركردنی هاوسەنگی لە دابەشكردنی سامان و پرۆژەكانی گەشەپێداندا لە نێوان شارەكان و ناوچە گوندنشینەكاندا، تا هەموان دەرفەتی گەشەكردنیان وەك یەك بەربكەوێت.
سەرچاوە:پرۆجێكت سەندیكەیت

سەرچاوە:پرۆجێكت سەندیكەیت



بابەتە پەیوەندیدارەکان