دەستگیركردنی 345 كەس بەتۆمەتی بازرگانییكردن بە مرۆڤەوە
عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە رۆژنامەی الصباح-ی راگەیاندووە: ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی عیراق هەوڵەكانی بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن، چڕتركردۆتەوە. وتیشی: لە ماوەی شەش مانگی پێشوودا، 345 كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەستگیركراون. راشیگەیاند: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە بەغدا، تاوانەكان بە رێژەی 28 % كەمیكردووە.
الصباح
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق 3 بۆ 5 ساڵی دەوێت
بڕیارە لەم مانگەدا وەفدێكی عیراق بەسەرۆكایەتی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا سەرۆك ئەركانی سوپای عیراق، سەردانی واشنتۆن بكات و لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكادا كۆببێتەوە، تێیدا باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكەن.
سەرچاوە سیاسییەكان بە رۆژنامەی «المدی»یان راگەیاندووە: پێدەچێت كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، ماوەی 3 بۆ 5 ساڵی پێ بچێت.
المدی
حوسییەكان و مقاوەمەی ئیسلامی سێ هێرشیان لە دەریای سوور ئەنجام داوە
گروپی حوسییەكانی یەمەن لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە: بە هاوبەشی لەگەڵ گروپی «مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق» سێ هێرشی سەربازییان لە دەریای سوور ئەنجامداوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: لە دەریای سوور بە درۆن هێرشیان كردۆتەسەر كەشتی «بنتلی» لەهەمانكاتیشدا بە كەشتی بۆمبڕێژكراو، هێرشیان كردۆتە سەر كەشتی بارهەڵگری نەوتی كایوس لاین.
سكای نیوز
لە عومان چوار كەس كوژران
پـــۆلیسی عومان رایگەیاندووە: لە نزیك مزگەوتێك لە ناوچەی «وادی ئەلكەبیر» سەر بە شاری مەسقەتی پایتەخت، لە رووداوێكی تەقەكردندا، چوار كەس كوژراون و چەندین كەسی تریش برینداربوون، پۆلیس هەموو رێوشوێنێكی ئەمنیی توندی گرتۆتەبەر، بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.
لەلایەكی ترەوە پەیامنێری كەناڵی روسیا الیوم لە مەسقەت رایگەیاندووە: ئەو مزگەوتە زیاتر رەوەندی پاكستانی شیعە مەزهەب سەردانی دەكەن و خەریكی مەراسیمی عاشورا بوون.
روسیا الیوم