خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەک شایستەیەکی دارایی مانگانە و بەرامبەر ئەرکەکانیان لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە عیراق مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی وڵاتدا.
هیوادارین لەمەودوا هیچ ئاستەنگێک نەیەتە رێی ئەم پڕۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عیراق.
بەم بۆنەیەوە ئێمە لە فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەی کوردستان بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین لەناو هێزەکانی فەرماندەیمان هیچ ناوێک بوونی نییە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عیراقی و یەک ناویش نییە کە وجودی مادی و فیزیکی نەبێت . واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە.
بۆیە روون و رەوان رایدەگەیەنین کە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەمووزە ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە کە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستیەوە پێشکەش بکەین و چیتر ئامادە نین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناڕوونیی زانیاری و داتاگەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە نییە. تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ لیستەکانمان لێوەربگرێت ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە و گومانمان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاکانمان نییە.
فەرماندەیی هێزەکانی 70