سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان
گوندی سه‌فره سه‌ربه قه‌زای ماوه‌تی دەڤەری شارباژێڕه، هه‌ڵكه‌وته‌ی گونده‌كه له‌كۆتاییه‌كانی ناوچه‌ی شینكایه‌تیدایه و له نێوان چیاكانی (گرده‌ڕه‌ش، ئاسۆس، سه‌فره و به‌رگورد)دایه، (20)كیلۆمه‌تر له شارۆچكه‌ی ماوه‌ته‌وه دووره و (60)كیلۆمه‌تر باکووری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی كه‌وتووه و ئه‌م گونده (883مه‌تر) له ئاستی ده‌ریاوه به‌رزە.
رووبه‌ری گشتی زه‌وییه‌كه‌ی شەش كیلۆمه‌تر دووجایه و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری بریتین له: گه‌ڵاڵه، زه‌روون، به‌رگورد، شینكی و خه‌زێنه.
ئه‌م گونده به‌پێی سه‌رژمێریی ساڵی (1977) (41) خانوو، (236) كه‌س بووه. پاش راگواستنی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌شێكی زۆریان له ئۆردوگای كارێزه نیشته‌جێ بوون و به‌گوێره‌ی سه‌رژمێریی ساڵی (1987) ژماره‌ی خه‌ڵكی سه‌فره له‌ناو ناحیه‌كه (88) ما‌ڵ بووە.
دوای راپه‌ڕین، له كۆتایی ساڵی (1991)دا ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ده‌ستده‌كه‌نه‌وه به بنیاتنانه‌وه‌ی، له‌و سه‌رده‌مه‌دا نزیكه‌ی (38) خێزان بوون. ئێستاش نزیکەی (10-15) ما‌ڵ لە گوندەکەدا ئاوەدانن.
سه‌باره‌ت به ناوی گونده‌كه، سه‌فره له سفره‌وه هاتووه به‌و پێیه‌ی گونده‌كه نزیكه له سنووری ئێرانه‌وه و له‌كۆنه‌وه سه‌ره‌ڕێی خه‌ڵك و كاروانی بووه و رێبوارێكی زۆر لەوێوە هاتوچۆیان كردووه، گوایه له‌كۆندا پاشایه‌ك یان خێرخوازێك لێره هه‌بووه كه ئێستاش شوێنه‌واره‌كه‌ی ماوه و له خوار گونده‌كه‌وه‌یه و پێی ده‌ڵێن به‌رده جومعه، به‌ڵام له نه‌خشه‌دا به‌ناوی به‌رده سفره تۆمار كراوه. ئه‌م خێرخوازه به‌رده سفره‌ی داناوه بۆ خه‌ڵكی رێبوار و برسی و ئیتر سفره به‌تێپه‌ڕینی رۆژگار بۆته سه‌فرە.
گونده‌كه له چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، ئه‌وانیش: یه‌كه‌م: تیره‌ی زه‌نگه‌نه، ئه‌م تیره‌یه له هۆزی به‌ناوبانگی زه‌نگه‌نه‌ن له رۆژگاری سه‌فه‌ویدا په‌رته‌وازه بوون و تیره‌یه‌كیان كه‌وتوونه ناوچه‌ی شینكایه‌تی و له گوندی سه‌فره نیشته‌جێ بوون، له گونده‌كه‌ش گه‌ڕه‌كێك هه‌یه پێی ده‌ڵێن (زه‌نگه‌نه‌ییه‌كان)، دووه‌م: تیره‌ی ساڵح مو‌سا. سێیه‌م: تیره‌ی چوار گیرفان. چواره‌م: تیره‌ی رووته، ئه‌م تیره‌یه له سێ بنه‌ماڵه پێكهاتووه. به‌ره‌بابی شێخه‌كانی سه‌فره. لەسه‌ره‌تای ساڵانی 1900 هاتوونه‌ته گونده‌كە.
چه‌ندین كوپه‌ی زۆر كۆن لێره دۆزراونه‌ته‌وه، ئێسكه په‌یكه‌ریان تێدابووه، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات مێژووی ناوچه‌كه كۆنه. هه‌روه‌ها چه‌ندین ئه‌شكه‌وتی كۆن هه‌یه له‌م گونده هه‌مووی به‌ڵگه‌ی دێرینی گونده‌كه ده‌رده‌خات، ئه‌وانیش: ئه‌شكه‌وتی قوڕه‌قه‌ڵاتێ، قوڵه‌چه‌وێ، گرده‌ڕه‌ش، خاڵه مو‌سا.
سه‌فره له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا هێرشی كراوه‌ته سه‌ر و سوتاوه و تاڵانكراوه. ساڵی (1923) كاتێك شێخ مه‌حمودی حه‌فید سلێمانی به‌جێده‌هێڵێت و روو ده‌كاته ناوچه‌ی شینكایه‌تی، له ئه‌شكه‌وته‌كانیدا خۆی حه‌شارداوه و تائێستا هه‌ندێ شوێن و ئه‌شكه‌وت له‌و ناوچه‌یه هه‌ر به‌ناوی ئەوەوەیە. بۆ نموونه دارێك هه‌یه له سه‌فره پێی ده‌ڵێن داری مه‌لیك مه‌حمود. هه‌روه‌ها ئه‌شكه‌وتی مه‌لیك مه‌حمود هه‌یه. له‌و كاته‌دا شێخ مه‌حمود و هێزه‌كه‌ی له‌ناو ئه‌شكه‌وتی مه‌لیك مه‌حموددا بوون له زه‌روون. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا فڕۆکە‌كانی ئینگلیز بۆردومانی سه‌فره‌یان كردووه، به‌هۆیه‌وه سێ پیاوو ژنێك به‌ناوه‌كانی (حه‌سه‌ن، محه‌مه‌د، شه‌ریف، حه‌بێ) شه‌هید بوون و دوو كه‌سیش به‌ناوه‌كانی (حه‌مه‌ی حاجی عه‌لی و حاجی حه‌مه سواری قامیش) بریندارده‌بن.
دوای (97) سا‌ڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا، جارێكی دیکە گونده‌كه بۆردومانكرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا‌وه لە 26/5/2020و بەو هۆیەشەوە پێنج كه‌س شه‌هیدبوون و نه‌خۆشخانه‌ی سه‌فره رووخا‌و كۆمه‌ڵێك ماڵیش زیانیان پێگه‌یشت.
سه‌فره هه‌ر له كۆنه‌وه كۆمه‌ڵێك مه‌لای بەناوبانگی تێدا بووە، كه رۆڵیان هه‌بووه له بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری له گونده‌كه‌دا، دیارترینیان: مه‌لا عه‌لی دولكانی له ساڵی 1939 بۆ 1942 بۆماوه‌ی دوو سا‌ڵ مه‌لای ئه‌م گونده بووه و حوجره‌ی هه‌بووه.
هه‌روه‌ها له قۆناغێكی دیكه‌شدا له ساڵی 1958 تا 1960 مه‌لایه‌كی دیكه رۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێت له بواری ئاینی و خوێنده‌واریدا ئه‌ویش مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای گه‌ڵاڵه‌یه، كه ده‌بێته مه‌لای گونده‌كه و حوجره‌ی هه‌بووه و چه‌ندین مه‌لای ناودار له‌لای ئه‌و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تیان وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌ش وایكردووه لای به‌شێكی زۆر له خه‌ڵك و مامۆستایانی ئایینی به مه‌لا عه‌بدوڵڵای سه‌فره ناسراوه.
سه‌باره‌ت به خوێندنیش لە ساڵی 1970 بۆ یه‌كه‌مجار له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلولدا قوتابخانه‌ی تێداكراوه‌ته‌وه. مامۆستا مه‌حمودی حاجی مه‌ولود هه‌نجیره‌سوره‌یی (ژاژڵه‌یی) وه‌ك مامۆستای شۆڕش وانه‌ی تێدا وتۆته‌وه. دواتر چه‌ند مامۆستایه‌كی دیکە خزمه‌تیان كردووه و تا راگواستنی گونده‌كه له‌ساڵی 1978دا له‌م خوێندنگایه وانه‌یان وتۆته‌وه.
له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه له‌ساڵی 1994دا سه‌رله‌نوێ قوتابخانه‌ی لێكراوه‌ته‌وه و مامۆستا عومه‌ر ئیبراهیم حه‌مه‌ڕه‌ش ماوه‌تی وه‌ك یه‌كه‌م مامۆستا ده‌ستبه‌كاربووە.
له شۆڕشی ئه‌یلولیشدا له‌ساڵی (1961)، گوندی سه‌فره و خه‌ڵكه‌كه‌ی رۆڵی جوامێرانه‌یان بینیوه، شانبه‌شانی گونده‌كانی دیكه به‌شداریی شۆڕ‌شیان كردووه. له هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێشدا ساڵی 1976 مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕش وه‌كو شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و شه‌هید دكتۆر خالید و سالار عه‌زیز و شه‌هید ئارام ده‌چنه ناوچه‌كه. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه شه‌ڕ دروست بووە، خه‌ڵكه‌كه‌ی چۆڵیان كردووە و سوپای عیراق گونده‌كه‌ی سوتاندووە. له سه‌ره‌تای مانگی دووی 1977دا جارێكی دیکە رژێمی عیراق هێرشی كردۆتەوە بۆ ناوچه‌كه و شه‌هید ئارام به (20) پێشمه‌رگه‌وه به‌ره‌نگاری سوپاكه بۆتەوە، سوپا‌كه‌یان شكاندووە و پاشه‌كشه‌یان پێكردووە.
ساڵی 1978 سه‌فره به‌بیانووی پشتێنه‌ی ئه‌منییه‌وه راگوێزراوە و بووه بە ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو، ساڵی 1982 ناوچه‌كه كه‌وته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه و عیراق پاشه‌كشه‌ی لێكردووە. هێزی پشتگیری له سه‌فره كه مه‌فره‌زه‌یه‌كی (12) كه‌سی بوون، به چه‌ك و فیشه‌كی خۆیانه‌وه پشتیگیریی پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد و له چه‌ندین شه‌ڕو داستاندا به‌شدارییان كردووە.
گونده‌كه (15) شه‌هیدییان هه‌یه، له‌وانه: شه‌هید به‌كری حاجی خاڵدی، عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د، عوسمان ئه‌حمه‌د، نازم مه‌جید محه‌مه‌د، زرار ئیبراهیم حسێن.
پاشان سه‌فره له‌ساڵی 1982 بووه مه‌رزی بازرگانی، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بازاڕی (سه‌فره)ی به‌ره‌سمی ناساند و ده‌زگای گومرگ و بنكه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشمه‌رگه‌ی بۆ پارێزگاری له سه‌ر و ماڵی كاسبكارانی بازاڕه‌كه دانا. هه‌ربۆیه ساڵی 1986 حكومه‌تی عیراق هێرشێكی به‌رفراوانی بۆ ناوچه‌كه كرد و گوندی سه‌فره‌ش وێرانكراو جارێکی‌تر سوتێنرا.
ئه‌م گونده له‌كۆنه‌وه داهات و ده‌رامه‌تی ژیانیان له‌سه‌ر ره‌ز، سماق به‌تایبه‌تی ترێ، دۆشاو، ترش و كه‌مێكیان ئاژه‌ڵداری و هه‌ندێكیشیان به بنێشتكردنه‌وه خۆیان خه‌ریك كردووه. له‌ساڵانی رابردوودا ئه‌و به‌رووبومانه‌یان به پشتی وڵاخ (گوێدرێژ و ئێستر) بردووه بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان و كه‌ركوك تاوه‌كو له‌وێ بیگۆڕنه‌وه به گه‌نم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ی خۆیان جێگه‌ی تۆوچاندنی لێ نییه.
قوتابخانه، مزگه‌وت، بنكه‌ی ته‌ندروستی لێكراوه‌ته‌وه. كاره‌بای نیشتمانی و پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی پێگه‌یه‌نراوه. بنكه‌ی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ی لێیه.