گوندستانی نوێ
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری دیاردە و نیشانەكانی رشانەوە و سكچوون و نەخۆشی كولێرا، لە هەموولایەكەوە هاووڵاتیان ترسیان لێ نیشتووە كە ئەم نەخۆشییە زیاتر بڵاوببێتەوە و كاریگەری لەسەر جووڵەی مرۆڤ لە تەواوی ناوچەكانی كوردستاندا بە شار و گوندەكانیشەوە دروست بکات. بە جۆرێك لە جۆرەكانیش رەنگە گوندەكان بەراورد بە شارەكان هەمان پشكی زیان و كاریگەرییەكانی ئەو نەخۆشییەیان بەر بكەوێت، بۆیە رێنماییە تەندروستییەكان بۆ تەواوی هاووڵاتیانە لە هەر كوێیەك بن گرنگ و پێویست دەبن.
گوندنشینان هەم بە پێی كاروباری رۆژانەیان و هەم بە پێی دوورە دەستیشیانەوە لە ناوەندی شارەكانەوە، پێویستە بەردەوام ئاگاداری باری تەندروستیان بن و هۆیەكانی خۆپارێزی و ئەو چارەسەریانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی پێشنیار كردووە بگرنە بەر و بەكاری بهێنن، لەلایەكەوە بەو پێیەی گوندەكان دوورەدەستن لە هەر سەنتەر و نەخۆشخانە و ناوەندێكی چارەسەرییەوە، پێویستە زیاتر خۆیان بپارێزن، لەلایەكی دیكەشەوە پێویستە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم تیمەكانی خۆی بنێرێتە گوندەكان و وەك تیمی گەڕۆك ئاگاداری باری تەندروستی هاووڵاتیانیش بێت لە گوندەكاندا و چارەسەری سەرەتایی بەسەر گوندنشینەكاندا دابەش بكات.
لە ماوەكانی رابردوودا كە شەپۆلەكانی نەخۆشی كۆرۆنا تەواوی جیهانی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر خەڵک لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی كوردستانیش لەو كاریگەرییانەی كۆرۆنا بێبەش نەبوو، بۆئەوەی هەمان دۆخی نەخوازراوی كۆرۆنا دووبارە نەبێتەوە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ هاووڵاتیان و گوندنشینان پێكەوە هەماهەنگی بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە و رێگاوبانەكان و دەرودەشت قەرەباڵغ نەكرێت.
تیڤییەكان دەتوانن خزمەتێكی باش بەم بوارە بكەن و بچنە گوندەكان و هەم دۆخی تەندروستی هاوڵاتیان لەم كات و ساتەدا پیشان بدەن و هەم روونكردنەوەی گرنگ و هۆشیاریی تەندروستی زیاتر بە هاوڵاتیان بدەن، بەگشتی بەرگریكردن و خۆپارێزی لە هەر یەكێك لە جۆرەكانی ئەم نەخۆشییانە بە تەنها بەلایەنی حكومەت یان بە لایەنی گوندنشینان ناكرێت، پێویستە وەزارەتی تەندروستی و گوندنشینانیش پێكەوە رێگری لە بڵاوبووونەوە و تەشەنەكردنی نەخۆشییە جۆربەجۆرەكان بكەن بەتایبەتی ئەو نەخۆشییانەی ئاژەڵ و شیرەمەنییەكان سەرچاوەی بڵاوبوونەوەیانن.