زاراوەکانی لەک و لوڕی لە فەوتان پاراست

رەزا سەقایی، دەنگێک رۆژهەڵات و ئێران و سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند

10:48 - 2024-07-21
کەلتور
149 جار خوێندراوەتەوە
هونەرمەند رەزای سەقایی

موزیک و هونەری گۆرانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، قەرزارباری کەسێکە کە لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا بە دەنگە ئاهوراییەکەی، موزیک و هونەری گۆرانیی لوڕستانی بە هەموو ئێران و دەرەوەی ئێرانیش ناساند، ئەو  دەنگە ئاهووراییەی زۆر زوو سنوورە جوگرافیاییەکانی تێپەڕاند و موزیک و هونەری رەسەنی لوڕیی بە هەموو کوردستاندا بڵاوکردەوە و بگرە لە دەرەوەی کوردستانیش دەنگەکەی ناسرا.

قوڕگێکی زێڕین و سوڵتانی ئاواز
رەزا سەقایی، ئەو هونەرمەندە دەنگخۆش و ناسراوەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە مۆزیکی لوڕستان ئاوێتەی خوێن و پێستی بوو و بە دەنگی خۆش و رەسای خۆی گیان و دەروونی مرۆڤی داگیر دەکرد.
«رەزا سەقایی» لە دیاریی مەفرەق و ھەوت جووش و داربەڕووی گۆرانی لەدایک ببوو، ھاوشانی خەڵکی نیشتمانەکەی لە پەژارە و شادیاندا بەشداربوو، ئەو لە نیشتمانی خۆی جێگر ببوو و ھەر لە نیشتمانەکەشیدا بەرەو جێگە ھەتاھەتاییەکەی فڕی و ئێستا کە ساڵەھا تێپەڕدەبێت بەسەر کۆچی دواییدا «قوڕگی زێڕین «و سوڵتانی ئاوازی» دیاری زاگرۆس، بەڵام ھێشتا یاد و بیرەوەرییەکانی زیندوون لە ناخی جەماوەری ئەم نیشتمانەدا.
لە مێژووی ھاوچەرخی لوڕستاندا، زۆر کەم بینراون ئەو ھونەرمەندانەی کە کاریگەریی قووڵ و کاریان ھەبێت لەسەر کەلتووری گوێدانە موسیقای وڵات و لەو بوارەدا رووخساری رەزا سەقایی ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە و یەکێکە لە ناودارترین ھونەرمەندانی مێژووی موسیقای لوڕستان.
ئەو یەکێکە لە نەمرەکانی کەلتوو و موزیکی لوڕستان و رۆژھەڵاتی کوردستان بەگشتی کە زمان و فۆلکلۆر و شوناس و ھەڵبەست و موزیکی پێکهاتەکانی لوڕ و لەکی باشووری زاگرۆسی پاراست لە بەرامبەر شاڵاوی نەمان و لەبیرچوونەوە و بوو بە ژوانگەی بیسەرانی لوڕ و لەک و بەختیاری و کەڵهور و سۆران و گۆران و کرمانج و تەنانەت زۆرینەی پێکهاتەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش.

 

بۆ یەکەمجار نەوای خۆش و دڵگیری دیاری لوڕستان بە گورانییەکانی «حالووە گەنم خڕە،  کەوش تەڵا ، قەدەم خێر ، سیت بیارم و مەریەم مریەم گەیشتە گوێی خەڵکی لوڕستان و ھەموو خەڵکی کوردستان و ئێران

 

سیمبول و نوێنەری راستەقینەی  کەلتوری لوڕستان
ھونەرمەندانێکی وەکو رەزا سەقایی سیمبول و نوێنەری راستەقینەی کەلتور و نەتەوەی خۆیانن و لەو کەسایەتییانەن کە دامودەزگا حکومی و رەسمییەکان و یاساکان کەمترین رۆڵیان ھەیە لە ناساندن و ھۆی نەمربوونیان.
نەمر محەمەد رەزا سەقایی، لە رێکەوتی 9 ی نیسانی 1938 لە گەڕەکی کۆنی پشت بازاڕی شاری خوڕەم ئابادی لوڕستان لە دایکبووە.
 باوکی خوالێخوشبووی ئەبولقاسمی سەقایی، کوڕی خوالێخوشبوو تەیموور  کوڕی عەلیدۆست لە تیرەی سلیورزی لوڕستان بوو.
باوکی رەزا پیشەی عەتاری بوو، خاوەنی پێنج کوڕ و چوار کچ بوو، مامۆستا سەقایی منداڵی دووەمی بنەماڵەکەی و یەکەم کوڕی خانەوادەکەیان بوو. 
دوای تێپەڕاندنی قوناغە سەرەتاییەکانی خوێندن، بەھۆی هەلومەرجی ژیانی ئەو سەردەمەوە بە ناچاری خوێندنی بەجێهیشتووە و دەستیداوەتە کاری بەرگدووری.
ساڵی 1964 بە تێکوشانی شێلگیرانەی مامۆستای بەناوبانگ و نووسەری گەورەی لوڕ دکتور «حەمیدی ئیزەدپەنا» بەرپرسی ئەوکاتەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی و ھونەری لوڕستان، یەکەمین بەرھەمی گورانییە لوڕییەکانی بە دەنگی مامۆستا رەزا سەقایی و کەمانچە ژەنینی حسێن سالم و دومەبەگی منێور سالم و کۆکردنەوە و راستکردنەوەی شیعرەکان لەلایەن مامۆستا حەمیدی ئیزەدپەنا لە ستۆدیۆی سەرانسەری ئێران تۆمار کرا. 
شکۆیەکی گەورەی دا بە موزیکی لوڕی
بەم شێوەیەش بۆ یەکەمجار نەوای خۆش و دڵگیری دیاری لوڕستان بە گورانییەکانی «حالووە گەنم خڕە» ، « کەوش تەڵا» ، «قەدەم خێر» ، «سیت بیارم» و «مەریەم مریەم» گەیشتە گوێی خەڵکی لوڕستان و ھەموو خەڵکی ئێران، ئەم ئەلبوومە بووە سەرەتای دەستپێکردنی سەردەمی زێڕینی موزیکی لوڕستان و موزیکی لوڕی بە شکۆیەکی گەورەوە ھەنگاوی ھەڵگرت بەرەو گۆڕەپانی نەتەوەیی.
مامۆستا سەقایی لە شەوی 12ی ئازاری 2007 لە شاری کەرەج تووشی جەڵدەی مێشک بوو و بۆ ماوەی 10رۆژ  لە ژێر چاودێریی پزیشکدا مایەوە لە نەخۆشخانە، بەڵام لەدوای گەڕانەوی  بۆ شاری خوڕەم ئاباد، یەکێک لە خۆشکەکانی  بە ناوی « ماە دەوڵەت « ببووە پەرستار و تیماری دەکرد و ماوەی سێ ساڵ و نیو لەسەر جێگە بە نەخۆشی مایەوە و سەرەڕای هەموو هەوڵێکی پزیشکەکان هیچ ئەنجامێکی نەبوو.
ماڵئاواییەک بەشکۆداری
لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە مامۆستا سەقایی لەسەر جێگا بوو، خەڵکانێکی زۆر لە شاری خوڕەم ئاباد و تەنانەت دۆست و برادەرەکانی لە شارەکانی دیکەشەوە سەردانیان دەکرد و بەردەوام ئاگایان لێبوو و نەیاندەهێشت تەنها بێت.
بەڵام بەداخەوە ئەو هونەرمەندە مەزنە، لە رۆژی یەکشەممە 18/11/2010، بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان و گوێگران و هەوادارانی دەنگی کرد.

مستەفا فاتیح 

بابەتە پەیوەندیدارەکان