زرێبار، یان زرێوار،

دەریاچەیەکی جوانی سروشت و شارێکی سەیر لە ئەفسانەدا

10:49 - 2024-07-21
کەلتور
172 جار خوێندراوەتەوە
دەریاچەی زرێبار، ژینگەیەکی جوان و سەرچاوەیەکی ئابووریی شاری مەریوان

زۆربەمان کە ناوی مەریوان دێت، دەستبەجێ لەگەڵ ناوی ئەم شارەدا ناوی زرێوار دێت بە مێشکماندا، بە شێوەیەک زرێوار و مەریوان بوون بە دوو ناوی تەواوکەری یەکتری. 
لە هەنبانە بۆرینەدا دەربارەی وشەی «زرێبار»هاتووە: زرێبار  مانای «رەخی دەلیا»، «وەک دەلیا»، «دەریاچە، گۆل» دەدات.
زرێوار ( زرێبار)، دەریاچەیەکی گەورەی سروشتیی ئاوی شیرینە، نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری مەریوانەوە دوورە. 
ئاوی زرێبار لەو کانیاوانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە بنکی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت و هیچ رووبارێکی تری تێ ناڕژێت، بە پێچەوانەوە، چەمی زرێبار لێرەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە دەشتی مەریواندا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە رووباری سیروانەوە.
(زرێبار و بەهاری، بەهەشتی کوردەواری). رەنگە لەخۆڕا نەوترابێت. 
زرێبار سروشتێکی گونجاوە بۆ زۆر باڵندەی کۆچەری و لە وەرزی کۆچی باڵندەکاندا، چەند باڵندەیەک روو دەکەنە ئەم ناوچەیە. هەموو ساڵێکیش هەزاران کەس روو دەکەنە دەریاچەکە و بووە بە سەرچاوەیەکی گەشتیاریی باش بۆ شاری مەریوان و دەورووبەری.
بەرزیی شوێنەکە لە ئاستی دەریاوە 1290 مەترە. درێژیی دەریاچەکە(ئاراستەی باشوور - باکوور) زیاتر لە هەشت کیلۆمەترە، پانییەکەی ئاراستەی ( خۆرهەڵات - خۆرئاوا) نزیکەی سێ کیلۆمەترە. لە هەندێک لە زستانە ساردەکاندا بە تەواوەتی دەبێتە یەکپارچە سەهۆڵبەندان.

 

لە زۆربەی کەنارەکانی زرێباردا، قامیش (زەل) دەڕوێت و زۆر کەس پێیانوایە سەوزبوونی ئەو زەلانە مەترسین لەسەر ژینگەی زرێبار و زرێبار دەکەن بە گەناو

 

ئەفسانەی زرێوار
سەبارەت بە پێکھاتنی زرێبار، ئەفسانەیەک لەناو خەڵکی ناوچەکەدا باوە کە گوایە لە جێگەی ئێستای زرێباردا، شارێک ھەبووە کە فەرمابڕەواکەی ناوی فەیلەقووس بووە. دەروێشێک لەگەڵ ژنە دووگیانەکەیدا بە سواریی گوێدرێژێکەوە دەگەنە شارەکە، پیاوانی فەیلەقووس کلکی گوێدرێژەکە دەقرتێنن و ژنەکەی دادەکەوێت و منداڵەکەی لەباردەچێت. 
دەروێشەکەش سکاڵا لەلای فەرمانڕەوا دەکات. فەیلەقووس بە خراپتر وەڵامی دەداتەوە و بێگاریی پێدەکات، ئیدی دەروێشەکە دەچێتە سەر کێوێک و سەری لەسەر زەوی دادەنێت و لە خوا دەپاڕێتەوە کە سەر بەرز دەکاتەوە شارەکە بووە بە ژێر ئاوەوە و گۆلی زرێبار بەم شێوەیە دروست دەبێت. لە بەرزایییەکانی خۆرھەڵاتی زرێباریش، گوڕێک هەیە، دەوترێ گوایە گوڕی ئەو دەروێشەیە. 
ئەنوەر رەوشەن لێکۆڵەر و نووسەری مەریوانی، لە ساڵی 2008دا، فیلمێکی بەڵگەیی بەناوی زرێبار، شوناسێکی دێرینی ئەم ھەرێمە ئامادە کردووە و لە بەشی یەکەمی فیلمەکەدا پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی شاری مەریوان لەسەر ناو و مێژووی زرێبار، لێدوانی زۆر دەدەن و چەند پیرە پیاوێکی ناوچەکە ئەفسانەی دروستبوونی زرێبار دەگێڕنەوە.
مەترسییەکانی بەردەم زرێوار
لە چەند ساڵی رابردوودا چالاکوانانی ژینگەیی زۆر نیگەرانن لە دۆخی ژینگەیی زرێبار و باس لە مەترسیی لەناوچوون و وشکبوونی ئەو سەرچاوە گرنگەی ئاو دەکەن.
بەنداوی زرێبار لە ساڵی 1995دا لە باشووری زرێبار و لەسەر چۆمی زرێبار دروست کراوە کە بەرزییەکەی 4 مەترە و ھۆکاری دروستکردنەکەشی بەمەبەستی دابینکردنی ئاوی پێویستە بۆ کشتوکاڵ لە دەشتی مەریواندا. بەڵام بەھۆی وشکەساڵیی ئەم چەند ساڵەی دواییەوە تەنها چەند ساڵێک سوودی هەبووە، ئێستا ئەو بەنداوە وەک مەترسییەک بۆ ژینگەی زرێبار هەژمار دەکرێت.
لە زۆربەی کەنارەکانی زرێباردا، قامیش (زەل) دەڕوێت و زۆر کەس پێیانوایە سەوزبوونی ئەو زەلانە مەترسین لەسەر ژینگەی زرێبار و زرێبار دەکەن بە گەناو.

مستەفا فاتیح

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان