دیاردەیەكی نوێی كۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی جیهان

هەژاری و هەژاریی دیجیتاڵی

10:07 - 2024-07-22
ئابووری
164 جار خوێندراوەتەوە
بەكارهێنانی ئینتەرنێت ئاسانكاریی دەكات بۆ دەستڕاگەیشتن بە زۆرترین زانیاری

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

هەژاریی دیجیتاڵیی، كە بە واتای بێبەشبوون لە ئینتەرنێت دێت، راستییەكی تاڵە و كاریگەریی نەرێنیشی لەسەر چین و توێژە جیاجیاكان هەیە و دەبێتە هۆی فراوانبوونی جیاوازیی كۆمەڵایەتی و ئابووری


سەرەتای دەركەوتنی ئینتەرنێت، وا سەیر دەكرا كە هۆكارێك، یان ئامرازێكە بۆ خۆشگوزەرانی، بەڵام زۆری پێنەچوو بوو بە پێویستییەكی ژیانی رۆژانە، چونكە هەبوونی ئینتەرنێت كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی زۆر بۆ بەكاربەرەكەی دابین دەكات، هەر لە خوێندن و فێربوون، تا دەگات بە لیستی هەلی كار و زانینی نرخی كاڵا و بەرهەمە جۆراوجۆرەكان و تەنانەت لە زۆر وڵات سیستمی بانكیش بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتەوە و  هەر لەو رێگەیەوە كاروباری بانكی و پارەدان زۆر شتی دیكەش جێبەجێ دەكرێت.
ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كاتێكی زۆر لەگەڵ ئینتەرنێتدا بەسەر دەبەن، چ بە مۆبایل و چ بە لاپتۆپ كۆمپیوتەری دیسكتۆپ، بەڵام لە سەرتاسەری جیهاندا كەسانێكی زۆریش هەن لەو رووەوە هەژارن و لە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بێبەشن، ئەوانە بەدەست هەژاریی دیجیتاڵییەوە دەناڵێنن. لەبەرئەوە بابەتەكە پێویستی بە لێكۆڵینەوە هەیە.

كۆمەڵێك دەستەواژەی هەڵە و باو

رۆژنامەی گاردیان لە راپۆرتێكدا كۆمەڵێك دەستەواژەی باوی رێزكردووە، كە لەناو خەڵكیدا زۆر باون و پەیوەستی بە دیاردەی هەژاریی دیجیتاڵییەوە، لە هەمان كاتدا زۆر هەڵەن، دەستەواژەكانیش بەم شێوەیەن:
ئێستا هەموو كەسێك توانای دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی هەیە. 
دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت خۆشگوزەرانییە، نەكە پێویستی.
بەساڵاچوان پێویستیان بە ئینتەرنێت نییە.
هەژاریی دیجیتاڵیی هیچ كاریگەرییەكی نەرێنیی نییە.
ئەمانە ئەو رستانەن كە رۆژانە دەوترێنەوە، بەڵام هەڵەن و لە راستیدا راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەژاریی دیجیتاڵیی، كە بە واتای بێبەشبوون لە ئینتەرنێت دێت، راستییەكی تاڵە و كاریگەریی نەرێنیشی لەسەر چین و توێژە جیاجیاكان هەیە.

نەبوونی ژێرخانی پتەو
هەژاریی دیجیتاڵی ئاماژەیە بۆ ئەو درزەی دەكەوێتە نێوان ئەو كۆمەڵگانەی دەستیان بە ئینتەرنێت رادەگات و ئەو كۆمەڵگانەی توانای دەستڕاگەیشتنیان نییە بە ئینتەرنێت، ئەو جیاوازییەش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە، لەوانە نەبوونی توانای ماددی، یان پێگەی جوگرافی، یاخود كێشەكانی پەیوەست بە پەروەردە و نەبوونی ژێرخانی پتەو لەو وڵاتەدا. بە گشتی ئەو كەسانەی لە ناوچە گوندنشینەكان دەژین، یان لە وڵاتە هەژارەكان، زیاتر لەبەردەم مەترسیی هەژاریی دیجیتاڵیدان، واتە بەهۆی خراپیی ژێرخان و دۆخی دارایی و نەبوونی ئامێر و كۆمپیوتەری پێویستەوە لە ئینتەرنێت بێبەش دەبن.
ئەم جۆرە هەژارییە، دەكرێ ببێتە هۆی فراوانبوونی جیاوازیی كۆمەڵایەتی و ئابووری، چونكە ئەوانەی دەستیان ناگات بە ئینتەرنێت و تەكنەلۆجیای دیجیتاڵی، لە خوێندنی ئۆنلاین بێبەش دەبن، بە ئاسانی دەستیان ناگات بە دەرفەتی كار، هەروەها زۆر خزمەتگوزاریی حكومی و تەندروستی، كە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە فەراهەم كراوە، ئەوان لێی بێبەش دەبن.

ئینتەرنێت بۆتە كۆڵەكەی سەرەكیی ژیان
لەمەوە دەردەكەوێت، تەكنەلۆجیای دیجیتاڵی ئامرازێكی گرنگە بۆ بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و پێویستە هەوڵەكان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە بن، ئەویش لە رێگەی باشتركردنی ژێرخان و مسۆگەر كردنی فێركاریی دیجیتاڵی و ئاسانكاریی بۆ گەیشتن بەو ئامێر و كەلوپەلانەی لە تەكنەلۆجیای دیجیتاڵیدا بەكار دەهێنرێن، هەڵبەت بە نرخێكی گونجاو.
هیشام ئەلناتور پسپۆڕی بواری پەرەپێدانی تەكنەلۆجیا و ئاسایشی سایبێر لەبارەی گرنگیی ئینتەرنێتەوە بۆ ژیانی خەڵك بە سكای نیوزی راگەیاند: ئینتەرنێت ئێستا بۆتە كۆڵەكەیەكی سەرەكی لە ژیانی مرۆڤدا، چونكە یارمەتیدەرە لە دەستڕاگەیشتنی خەڵك بە زۆربەی زانیارییە تازەكان، بە خێراییەك كە پێشتر نەبووە و رووی نەداوە.

ئەو وڵاتانەی نیانە گۆشەگیر دەبن
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئینتەرنێت ئەوەیە پەیوەندیكردن زۆر ئاسان بێت و نرخی تێچوونەكەشی بەراورد بە هۆكارە كۆنەكانی پەیوەندیكردن زۆر كەمە، ئەمەش وا دەكات خەڵكی بە نرخێكی زۆر كەم، هەندێك جار بێبەرامبەریش دەستیان بگات بە زۆرترین زانیاری و خزمەتگوزاریی پەروەردە و فێركردن.
ئەو پسپۆڕە سەبارەت بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی هەژاریی دیجیتاڵی دەڵێ: ئەو وڵاتانەی لە بواری ئینتەرنێتدا لاوازن، لە زۆر دەرفەتی پێشكەوتن بێبەش دەبن و تووشی دابڕان دەبن و لە گۆڕانكاریی و پەرەسەندنەكانی دەوروبەری خۆیان بێئاگا دەبن، هەموو ئەوانەش دەبنە هۆی دواكەوتوویی ئەو وڵاتە.

سەرچاوە: سكای نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان