سەرۆكی حكومەت: هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادەبووە كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات

09:58 - 2022-06-23
ڕاپۆرت
393 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادەبووە كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات، «هەرێمی كوردستان ئەركەكانی جێبەجێكردووە و داواش دەكات مافە دەستوورییەكانی پێشێل نەكرێت»، وتیشی: حكومەتی هەرێم، پشتیوانی لە ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین و رەخنەگرتن دەكات.

گفتوگۆیەكی راشكاوانە لەگەڵ راگەیاندن
رۆژی 20/6/2022، لە هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەكی زۆر لە دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستاندا كۆبۆوە و ئاماژەی بەوەدا «مەبەست لە كۆبوونەوەكە ئەوەیە گفتوگۆیەكی راشكاوانە لەگەڵ راگەیاندن و لەڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵكی كوردستان بكەین بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و روونكردنەوەی هەڵوێستی حكومەت لەبارەی چەندین بابەتی گرنگ». دووپاتیشیكردەوە، كە حكومەتی هەرێم، پشتیوانی لە ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین و رەخنەگرتن دەكات بۆ چاكسازی و باشتركردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی كوردستان، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە راگەیاندن داكۆكیش لە پرسە نیشتمانییەكان و دەستكەوتەكان بكات، كە لە ئەنجامی قوربانیدانێكی زۆری خەڵكی كوردستانەوە، بەدەستهاتوون.

بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری
سەرۆكی حكومەت، لە درێژەی قسەكانیدا، روونیكردەوە كە ئێمە لە ناوچەیەكی قەیراناوی و نائارامدا دەژین، لە ساڵانی رابردووشدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەك كۆرۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و چەندین چاكسازیمان لە سەرجەم بوارەكاندا كردووە، وتیشی: چاكسازی، پڕۆسەیەكی بەردەوامە و كاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاكسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە. جەختیشیكردەوە، كە حكومەت هی هەموو هەرێمی كوردستانە و بەبێ جیاوازییش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەكانی كوردستان دەكات.

پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێم
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: هەرێمی كوردستان، هەمیشە ئامادەبووە كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكات، هەرێمی كوردستان ئەركەكانی جێبەجێكردووە و داواش دەكات مافە دەستوورییەكانی پێشێل نەكرێت، وتیشی: ئاماژەتان بەوەدا كە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەری هەموو كێشەكانە، ئەمە راستە، بەڵام فەرموو با بەغدا لەگەڵمان رێكبكەوێت، خۆ ئێمە نین رێكناكەوین، ئێمە چەندینجار وەفدمان ناردۆتە بەغدا بۆ ئەوەی رێكبكەوین، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە و رێكەوتن لەگەڵ خۆڕادەستكردن دوو شتی جیاوازن، ئێمە دەڵێین: با دەستوور حەكەم بێت و هەرچی ئەركی دەستوورییە لەسەرشانی ئێمە جێبەجێی دەكەین، بەڵام هەرچی مافی دەستووریشمان هەیە دەبێت رێزی لێبگیرێت.
لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە، وتی: ئێمە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی نین، بەڵام كوا دادگای فیدراڵی لە عیراق، لە دەستووردا هاتووە دەبێ دادگای فیدراڵی بەپێی ئەو رێكارانە دروستبكرێت و كارا بكرێت، كام دادگای فیدراڵی لە عیراق بەپێی دەستوور دروستكراوە.

یاسای رۆژنامەگەریی، رەچاو بكرێت
لەبارەی پرسی ئازادیی رادەربڕینەوە، سەرۆكی حكومەت وتی: باسی ئەوە دەكرێت رۆژنامەنووس لەسەر كۆمێنت گیراوە، من ناڵێم بەشێوەیەكی قەتعی ئەوە نەبووە، بەڵام بێگومان سیاسەتی حكومەتی هەرێم ئەوە نییە هیچ كەسێك لەسەر بیروبۆچوونی سیاسی بگیرێت، لەگەڵ ئەوەش نیم ئازادیی رادەربڕین سنووردار بكرێت، بەڵام ئازادی و تۆمەتبەخشینەوە دوو شتی جیاوازن.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان لێپرسراوانی حكومەت و دەزگاكانی راگەیاندن، وتی: هیوادارم ئەم كۆبوونەوەیە بە خاڵێكی ئیجابی وەربگرن، كە ئەم دانیشتنە دەكەین دیارە هەست بەوە كراوە كە بۆشاییەك هەیە و دەمانەوێت ئەو بۆشاییە پڕبكەینەوە، دانیشتنمان لێرە پێكەوە نیشانەی ئەوەیە نیەتی ئەوەمان هەیە و دەمانەوێت زیاتر لێك نزیك ببینەوە و سوود لە تواناكانی ئێوەش وەربگرین، راشیگەیاند: پێویستە یاسای رۆژنامەگەریی، رەچاو بكرێت، بۆ ئەوەی هیچ رۆژنامەنووسێك بەدەر لە یاسا كار نەكات و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەی لەسەرشانێتی جێبەجێی بكات.

نابێت بازگەكان رەنگدانەوەی دووئیدارەییان پێوە دیاربێت
لەبارەی بوونی چەندین بازگە لە نێوان پارێزگا و شارەكانی هەرێمدا، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا «خۆزگەم دەخواست هیچ بازگەیەك لە هەرێمی كوردستان نەبوایە، بەڵام ئەوە لەبەر ئەوە نییە تەنها لەبەرئەوەی لە نێوان هەولێر و سلێمانی هەبن، لەنێوان هەولێر و دهۆكیش هەیە، لە نێوان هەموو شارەكانی كوردستاندا بازگە هەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی هێشتا مەترسیی تیرۆر لەسەر كوردستان ماوە، مادە هۆشبەرەكان لەم شار بۆ ئەو شار هاوردە دەكرێن»، وتیشی: بازگەكان بۆ ئەوە نییە سنوورەكانی ئیداری ئەم پارێزگا لەگەڵ ئەو پارێزگا لە یەكتر جیا بكاتەوە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەم مەترسیانە بڕەوێننەوە، سەرەڕای ئەوەش دەبێ پێداچوونەیەكی جددی بكرێت، كە بە هیچ شێوەیەك بازگەكان رەنگدانەوەی دووئیدارەییان پێوە دیار نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان