راپۆرتی/ حسێن عەزیز
دۆینە یەكێكە لە خواردنە كوردەوارییەكان و هێشتا بخۆر و كڕیاری لە گوند و شارەكاندا ماوە، نەهیە عەزیز ژنێكی تەمەن 60 ساڵە لە سەردەمی كۆچەریی و گەرمیان و كوێستانی ئێلی جافدا دۆینەی دروستكردووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: پێش ئەوەی لە گوند بە یەكجاریی نیشتەجێ بین گەرمیان و كوێستانمان دەكرد، بۆ لەوەڕاندن و بەخێوكردنی ئاژەڵ، كە بژێوی ژیانمانی لەسەر بوو، دۆینە یەكێك بوو لەو خواردنانەی هەموو خێزانێك بەپێی كەم و زۆریی ژمارەی خێزان دروستی دەكرد.
چۆنێتی دۆینە دروستکردن و لێنانی
وتیشی: لە كاتی كۆچەریدا لە دۆڵی شلێری سنووری پێنجوێن لە نزیك چەم و ئاوەكان قازانی گەورەمان كۆ دەكردەوە و دارمان دەهێنا و گەنممان بۆ دۆینە دەكوڵاند، دواتر بەشێوەی هەرەوەزی لەگەڵ كچان و ژناندا كۆدەبووینەوە و بە دەستاڕ دەمان هاڕی و دواتر چەند رۆژێک دۆمان كۆدەكردەوە و دوو رۆژ دامان دەنا بۆئەوەی ترش بێت و ببێتە (تۆراخ)، ئینجا دۆینەمان دەكردە چاڵ و دەمان شێلا، دوای سێ رۆژ لە چاڵ دەرمان دەكرد و دیسان بە هەرەوەزی لەگەڵ ژناندا دەماننایەوە، واتا دەمانکردە تۆپەڵی بچووک بەشێوەی خڕ و سێ گۆشە و پاشان ئەم دیودیومان دەكرد بۆ ئەوەی وشك بێتەوە، پاشان لە هۆڕدا هەڵمان دەگرت بۆ زستان.
سەبارەت بە چۆنێتی خواردنی دۆینە نەهیە عەزیز دەڵێت: بەیانیانی وەرزی زستان لە رۆژی سەرما و بەفر و باراندا لێمان دەنا و دەمانكردە شلەی دۆینە نانی تێ ورد دەكرێت و رۆنی (خۆمانە)ی بەسەردا دەكرا و چێژی زۆری هەبوو، جگە لەوەش كاتێك كۆڵی شوان دەپێچرایەوە چەند سەلكە دۆینەیەكی لەگەڵ شەكر و چا بۆ دەخرایە هەگبەکەی و دەبووە خواردنی ئەو رۆژەی، هەروەها عەسرانیش دۆینە و چا و خورما پێكەوە دەخوران.
خاتوو نەهیە لە دروستکردنی دۆینە بەردەوامە و دەڵێت: ئێستا ئاسانتر دروستدەكرێت، لە ماڵەوە بە ئاگری غاز دەیكوڵێنین و لە مەكینەی ئاشی بازاڕ بە چەند خولەكێك دەیهاڕین و لە سەتڵی نایلۆندا دادەنرێت تا پێدەگات.
پسپۆڕێکی خۆراك:
دۆینە وزە بە جەستە دەدات و یارمەتی چالاككردنی سووڕی خوێن دەدات، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و كانزاكان و ماددە ریشاڵییەكان
هاڕینی ساوەری دۆینە
حەمەئەمین سابیر پیاوێكی تەمەن 70 ساڵی دانیشتووی ناحیەی رزگارییە، لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی ناحیەكەدا لە ساڵی 1988وە مەكینەی ئاشی هەیە و هەموو بەیانییەك روو دەكاتە بازاڕ و چاوەڕوانی خەڵكی گوندنشین و شارەكان دەكات بۆ هاڕینی گەنمەكانیان و بۆ کوردستانی نوێ وتی: نزیكەی 35 ساڵە مەکینەی ئاشم هەیە و لەم ناحیەیەدا سەرقاڵی كاسپیم و رۆژانە بۆ هاڕینی ساوەر، ساوەری دۆینە، قەرەخەرمان و ئاڵفی ئاژەڵ خەڵك لە ناوچەكانی جەلەولا، قەرەتەپە، زەند ئاباد و كفرییەوە رووم تێدەكات.
وتیشی: لە مانگی پێنجەوە كە گەنم دروێنە دەكرێت، تا مانگی حەوت خەڵكێكی زۆری شار و لادێكانی دەوروبەر ساوەری دۆینە دەهاڕن، جگە لە كورد عەرەبە ئاوارەكانیش دۆینە دروستدەكەن، لەم ناوچەیە ئەو كەسانەی دۆینە دروست دەكەن كەمی نەكردووە و رۆژانە نزیكەی 50 كەس باراشەكانیان لای ئێمە دەهاڕن.
فرۆشتن و سوودەکانی دۆینە
نیاز مەلا قادر فرۆشیارێكی سەرەكی خواردنە كوردەوارییەكانە لە ناحیەی رزگاری، رۆنی خۆماڵی، كەرە، كەشك، ماست و دۆ و دۆینە دەفرۆشێت بۆ كوردستانی نوێ وتی: دۆینە لە هاویندا دروستدەكرێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا بازاڕی گەرمە، كیلۆی لە سێ هەزارەوە تا پێنج هەزار دینار دەكات.
وتیشی: دۆینە لە خەڵكی لادێكان دەكڕین و دەیفرۆشینەوە، ساڵانە خۆشمان دۆینە دروست دەكەین بەشێکی دەفرۆشین و بەشەکەی تریشی دەنێرینە بازاڕی شارەکانی تر.
سەبارەت بەجۆری ئەو گەنمەی دۆینەی لێ دروست دەکرێت نیاز مەلا قادر دەڵێت: هەموو جۆرێكی گەنم بۆ دۆینە نابێت، پێویستە گەنمەکە زەرد بێت بۆ ئەوەی دۆینەكەی جوان بێت ئەگەر گەنمەكەی سوور بێت ئەوە دۆینەكەی رەش دەردەچێت.
لە بارەی سوودەكانی دۆینە بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەها خۆراكییەكەی كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك دەڵێت: دۆینە وزە بە جەستە دەدات و یارمەتی چالاككردنی سوڕی خوێن دەدات، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و كانزاكان و ماددە ریشاڵییەكان، بەسوودە بۆ دابەزاندنی كێش و رێگریكردن لە قەڵەوبوون، چارەسەری قەبزی دەكات بەهۆی چالاككردنی كۆئەندامی هەرسەوە، دەبێتە هۆی بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری لەش و یارمەتی پاراستن لە هەڵامەت و پەتا وەرزییەكان دەدات، لەگەڵ یارمەتی كۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن .