بەرهەمی گەنمی عیراق کەمیکردووە

10:46 - 2022-06-23
ئابووری
656 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئاشکرایکرد: کەمئاوی و وشکەساڵی، کاریگەریی نەرێنیی توندی لەسەر بەرهەمی گەنم هەبووە لە سەرتاسەری وڵاتدا، بەوهۆیەوە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بە رێژەی 40 % کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا بڕی سێ ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆیان کڕیوە، لەکاتێکدا بۆ ئەمساڵ تەنیا ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بەرهەمی گەنمدا هەیە، بۆ ئەمساڵ پێویستیان بە کڕینی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم دەبێت لە دەرەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی، ئەو بڕە گەنمە لەو پشکە دەکڕن کە لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا بۆیان دیاریکراوە.
سەبارەت بە گەنمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق بڕیاریدا، بڕی 375 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جووتیارانی هه‌رێم وه‌ربگرێت، بۆ هەر تۆنێکیش بۆ گەنمی پله‌ یه‌ك به‌ 470 هەزار دینار، پله‌ دوو به‌ 400 هه‌زار دینار و گه‌نمی پله‌ سێش به‌ 325 هه‌زار دینار دیاریکرا.

# گەنم

بابەتە پەیوەندیدارەکان