مانی... ئێستا یەکێکە لە باشترین دکتۆرەکان

11:57 - 2024-07-25
ئەدەب و هونەر
190 جار خوێندراوەتەوە

بەنان فاروق


ساڵانێکی زۆر تێپەڕیووە بەڵام وەک ئێستا لەیادمە ئەو رۆژانەی جگە لە خودا و دایکم کەسی ترم نەبوو، ئەو کاتانەی تەنیا و بێنەوا بووم، ئازارەکان و ناڕەحەتییەکانی رابردووم لەیاد نەکردووە، ئازارەکان تێدەپەڕن بەڵام لەیاد ناکرێن، لەیادمە زستانێکی سارد بوو باران نمە نمە دەباری، من لەبەردەم خوێندنگە چاوەڕوانی شۆفێرەکەم بووم، زۆر دوا کەوت هەستێکی نامۆم هەبوو، سەیری ئەو کەشە باراناوییەم دەکرد و زۆر حەزم بەو کەشە بوو، چوبوومە ناو خەیاڵەوە، لەپڕدا شۆفێرەکەم بەخێرایی وەستاو و وتی بەڕێزم پێویستە بڕۆین، خێرا وەرە سەرکەوە.
پرسیم شتێک بووە؟ وتی کە رۆشتین تێدەگەیت ناتوانم ئێستا پێت بڵێم.
+ توخوا چی بووە کاکە پێم بڵێ؟
- با بگەینە نەخۆشخانە تێدەگەیت.
+نەخۆشخانە؟ بۆچی؟ 
 - بەڕێزم تکایە ئارامبە 
+ چۆن ئارامبم ؟ پێم بڵێ کەسێک شتێکی لێ بەسەر هاتووە؟ دایک و باوکم باشن؟
- بەڕێزم تکایە، تۆزێکی تر دەگەین ئینجا دەزانیت.
خەریک بوو دڵم دەوەستا، نەمدەزانی ئاخۆ چی ڕوویداوە، هەستم دەکرد ناخم دەسووتێت و هۆکاری سووتانەکەم نەدەزانی، پاش ماوەیەک شۆفێر وەستا و بەخێرایی دابەزیم و چووینە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە، لەوێ ئەوانەی دەمناسین دەگریان و لەخۆیان دەدا، چوومە پێشەوە و پرسیم چی بووە، بۆچی دەگرین؟ پورە گەورەکەم بە شیوەنەوە هات و وتی: پشتمان شکا کاکم رۆیشت و ئێمەی جێهێشت.
+چی باوکم بۆ کوێ چووە؟
- باوکت بۆ ئەو دنیا رۆیشت کوێربم بۆی، کۆچی دوایی کرد و بێ کەسی کردین
.+ باوکم کۆچی دوایی کرد؟ نا باوەڕ ناکەم تۆ گاڵتە دەکەی، ئاخر بەچی ؟
- ئازیزم تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، باوکت کۆچی دوایی کرد و دایکیشت تووشی ئیفلیجی بووە و لە جێگادایە.

من نەمزانی چیم بەسەرهات و چی ڕوویدا و چۆن ئەو ساتەم تێپەڕاند، بەڕاستی شۆک بووم و لە شوێنی خۆم وەستام، تەنها فرمێسک لە چاوم هاتەخوارەوە، نەم توانی هاوار بکەم.
پاش ناشتنی باوکم ئێمە گەڕاینەوە ماڵەوە، بەڵام دەبوو ماڵەکە چۆڵ بکەین چونکە باوکم ئیفلاسی کردبوو، هەر ئەو هۆکارەش بووە هۆی ئەوەی تووشی رووداو ببێت و کۆچی دوایی بکات. هەموو کەس لە ئێمە دوورکەوتنەوە، ئەوەی کە مابۆوە بۆمان خانویەکی بچووک بوو، ئەویش بەناوی دایکمەوە بوو، پورەکانیشم کە زانیان باوکم ئیفلاسی کردووە نەهاتنەوە بەلاماندا، منیش خوێندنگەکەم گواسترایەوە بۆ خوێندنگەیەکی ئاسایی بە هاوکاری شۆفێرەکەم، گەر ئەو نەبووایە نەم دەزانی دەبێ چی بکەم و چۆن دایکم بگوازمەوە بۆ خانوەکەی ترمان، پاش گواستنەوەی ماڵ، ئیتر شۆفێرەکەشم ماڵاوایی لێکردم و رۆشتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان تا لەوێ ژیانێکی نوێ پێکەوە بنێت بەڵام بەڵێنی پێدام جار جار سەردانمان بکات، من تەنیا مامەوە، هەمووان رۆشتن تەنیا خودا و دایکم مانەوە، دایکیشم وەک نەبوون  وابوو تەنها دەیتوانی چاو هەڵبێنێت و خواردن بجوێت، کە دایکمم بەوجۆرە بینی بڕیارمدا واز لە خەونەکەم کە فڕۆکەوانی بوو بهێنم و ببم بە پزیشک و چارەسەری دایکم بکەم، رۆژانە دەچوومە خوێندنگە و دوای خوێندنگەش یان پێش خوێندنگە دەچووم بۆ ئیشکردن، هەر ئیشێک هەبوایە دەمکرد، وەکو ئیشی عەرەبانە و شت گواستنەوە بۆ دوکاندەرەکان و ئەوانەی پێویستیان بە شت گواستنەوە بوو، ئاو فرۆشتن، گوڵ فرۆشتن، کلێنس فرۆشتن، یارمەتیدانی فیتەر، پەنجەرە سڕینی ئۆتۆمبێل و زۆر شتی کە، زیاتر لە ترافیکەکان کارم دەکرد.
رۆژێکیان دەوامی خوێندنگەم پاشنیوەڕوان بوو درەنگ کەوتم، مامۆستای زانست سەرزەنشتی کردم و منیش لەبەرئەوەی بەزەیی پێمدا نەیەتەوە هیچم نەوت، لەوانەی پێش کۆتاییدا زۆر خەوم دەهات سەرم خستە سەر مێزەکە تا کەمێک پشوو بدەم، لەناکاو شتێک کێشای بەسەرما و راچڵەکیم، وتم چی بووە مامۆستا؟
- مامۆستا وتی چی بووە ها؟ نازانی چی بووە؟ بۆچی لە پۆلدا دەخەوی؟ بەڕای تۆ پۆل شوێنی خەوتنە یا فێربونی زانست و زانیاری؟
- مامۆستا من تەنیا کەمێک ماندوو بووم پشووم دا.
- ئەی گیان پشوویداوە هەی هەی خۆ خاوەن کۆمپانیا نیت تا پشوو بدەی، کاکم کرێکاری کردووە داماوە ماندوو بووە! هەستە لە پۆل بڕۆ دەرەوە تاوەکو فێرببی پۆل جێگای خەوتن نییە.
لە پۆلەکە چوومە دەرەوە چونکە قسەکردن سوودی نەبوو، قسەشم بکردایە وایدەزانی درۆ دەکەم، ئەو رۆژە هەستم بە دڵشکان کرد و شەرمەزاربووم و ئاواتی مردنم دەخواست، ئاخر من لەو هەموو ناز و نیعمەتەوە ئێستا سوکایەتیم پێ دەکرێت، زۆر تووڕە بووم و شەرم دایگرتم، ئەمە هەر ئەو جارە نا چەندین جاری تریش تووشی سووکایەتی و قسەی ناخۆش بوومەوە.
رۆژێک ئەو مامۆستایەی هەمیشە دەیشکاندمەوە لە هەموو خوێندکارەکانی پرسی، ئاخۆ حەز دەکەن ببن بە چی لە داهاتوودا؟
هاتە سەرەی من و وتی: ئادەی پێم بڵێ تۆ بەتەمای ببی بە چی؟
منیش وتم: پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی.
مامۆستا وتی: هاهاها تەماحیشی زۆرە، تۆ تەنانەت ناشتوانی ببی بە پاککەرەوەی ناو نەخۆشخانەش، نابیت بە پاککەوەوەی کۆڵانیش. هەموو خوێندکارەکان پێکەنین.
ساڵ خەریک بوو تەواو دەبوو دڵخۆش بووم و گوێم بە قسەی مامۆستا و خوێندکارەکان نەدەدا، لە دڵی خۆمدا دەموت دەیبینیت مامۆستا من دەبمە پزیشک.
رۆژەکان تێپەڕین بە ناخۆشی، رۆژێک سەرقاڵی ئۆتۆمبێل پاککردنەوە بووم، لەناکاو بینیم ئەو ئۆتۆمبێلەی پاکی دەکەمەوە هی مامۆستاکەمە، ئەو مامۆستایەی هەمیشە دەیشکاندمەوە، بینیم سەیرم دەکات زۆر ترسام بەپەلە رامکرد، ئەویش بەڕاکردن هات و بانگی کردم : مانی وەرە کوڕم، تۆ لێرە چی دەکەیت؟ ئیشی تۆ ئەمە نییە بەڵکو خوێندنە، بۆ ئۆتۆمبێل پاکدەکەیتەوە؟
ناچاربووم هەموو راستییەکانی پێ بڵێم تا لای هاوڕێکانم ئەوندەی کە بچووک نەبمەوە، وتم: مامۆستا من کاردەکەم پێش خوێندنگە و دوای خوێندنگەش ناچارم بژێوی ژیان پەیدا بکەم.
وتی: تۆ هێشتا زۆر بچووکی بژێوی ژیان لەسەر تۆ نییە، دایک و باوکت لە کوێن سبەی با بێن بۆ خوێندنگە.
وتم: باوکم کۆچی دوایی کردووە و دایکیشم ئیفلیجە و لە جێگادایە، من دەمەوێت ببم بە پزیشک تاوەکو دایکم چاکبکەمەوە، هەموو شتێکم بۆ باس کرد.
وتی: بۆچی زوو ئەمانەت بە من و مامۆستاکانی تر نەوت، داوای لێبووردن دەکەم مانی گیان زۆر خراپ هەڵسوکەوتم لەگەڵ کردیت، دڵنیابە لەمەودوا یارمەتیت دەدەم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت.
لە دوای ئەو رۆژەوەی مامۆستا بە چیرۆکەکەمی زانی، زۆر نەرم و دڵسۆزانە مامەڵەی لەگەڵ دەکردم. لەبەرئەوەی وانەی زانستی دەوتەوە و مامۆستایەکی زیرەک بوو، زۆر هاوکاریی دەکردم و زانیاری زۆری جیا لە کتێبی خوێندنەکەم پێدەوتم، دوای ئەوەی چوومە ئامادەیش بەردەوام مامۆستای زانستم پەیوەندی پێوە دەکردم و هەمیشە دەی وت : لە هەوڵدان مەوەستە و بەردەوام بجەنگە، خۆشحاڵم کە باشیت و بۆ ئامانجەکەت دەجەنگیت.
من چوومە زانکۆ بەشی پزیشکی گشتیم بۆ هاتەوە چونکە نمرەی تەواوم لە هەموو وانەکاندا بەدەست هێنا و هێشتاش مامۆستا و شۆفێرەکەم کە جار بە جار سەردانیان دەکردم و هەواڵیان دەپرسیم هیچ کاتێک چاکەی ئەوانم لەبیر نەکرد.
نەشتەرگەریم بۆ دایکم کرد و سوپاس بۆ خوا من هەم بە خەونەکەم گەیشتم هەم دایکمم چاککردەوە، ئێستا دایکم زۆر باشە و بەپێیەکانی خۆی دەڕوات ، ساڵانێک تێپەڕیووە بەسەر ئەم بابەتەدا. من ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە و خاوەنی کچ و کوڕێکم، ئێستا یەکێکم لە باشترین دکتۆرەکانی نەشتەرگەریی گشتیی وڵاتەکەم و خاوەنی چەندین خەڵات و بڕوانامەی نێودەوڵەتیم. وەک دەبینن خۆم و ژیانم تەواو گۆڕاوین، بەڵام ئێستاش پورم و خزمەکانم وەک خۆیانن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان