سەرگوزشتەی دوو هونەرمەند کە ژیانیان رۆمانێکی خەمناک بوو

12:04 - 2024-07-25
ئەدەب و هونەر
233 جار خوێندراوەتەوە

شێوە عومەر


هایدە و مەهەستی ئەو دوو ئەستێرە پرشنگدارەکەی هونەری گۆرانیی ئێران، سەرتاپای ژیانیان بریتییە لە رۆمانێکی خەمناکی پان و بەرین و تراژیدیاییەکی نەبڕاوە. ئەوان لەبنەڕەتدا سەر بە خێزانێکی کوردی شاری کرماشانن، باوکیان سێ ژنی هەبووە، ئەمان لە ژنی سێهەمین. بنەماڵەکەیان بە بنەماڵەی (تایفەی دادەباڵا ) ناسراون. باوكیان ناوی محەمەدی دادە باڵاو دایكیان ناوی زینەتی گلواری بوو.

لەدوای مردنی هایدە، مەهەستی هەموو گۆرانییەكانی بۆ هایدە دەڵێت، لە ساڵی 2007 دا بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە، مەهەستی كۆچی دوایی دەكات

دەنگ خۆشییەکەیان لە دایكیانەوە بۆ مابووەوە، باوكیان سێ ژنی هێناوە هایدە و مەهەستی لە ژنی سێیەمن، مەهەستی كۆتا مناڵی خێزانەكەیەتی لە دایكی خۆیان. سێ خوشك و دوو بران.
كاتێك باوكیان كۆچی دوای دەكات مەهەستی تەمەنی تەنها دوو ساڵ دەبێت، برایەكی گەورەیان کە ناوی ئەکبەر دەبێت شوێنی باوكیان دەگرێتەوە.
بەهۆی کەمدەرامەتییەوە روودەکەنە تاران و لە ماڵی محەممەد رەزا شا، پادشای ئێران دەگیرسێنەوە، لەوێ بەشێوەیەکی سادە دەستدەکەن بە گۆرانی وتن، دایكی شا، حەز لە دەنگیان دەكات و گۆرانیان پێ دەڵێت.
بەڕێکەوت(پەروێز یاحەقی) سەردانی ماڵی شا دەكات و گوێی لە دەنگی مەهەستی دەبێت، داوای لێدەكات گۆرانی بڵێ، براكەی رێگریی لێدەکات و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات، بەڵام مەهەستی گوێی پێ نادات و دەڵێ ئەگەر بشكوژرێم، گرنگ ئەوەیە ئارەزووەكەم بەدی هاتووە.
مەعسومەی دادەبالا، ناوی راستەقینەی هونەرمەند مەهەستی یە واتە مانگ ئاسا جوان، ئەم ناوە پەروێز یاحەقی، بۆی دادەنێت.
مەهەستی لە تەمەنی دە ساڵیەوە خولیای گۆرانی وتن دەبێت، ئەو خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت: كاتێك منداڵ بوین لەگەڵ هایدە دەچووین بۆ جەنگەڵستانەكان، هایدە دەیوت دەنگ هەڵبڕە با دەنگمان بكرێتەوە.
مەهەستی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا هاوسەرگیریی دەكات، هاوسەرەكەی كورد بووە، كچێكیان بوو بە ناوی (سارە)دەساڵ پێكەوە ژیان، بەڵام هاوسەرەكەی لەگەڵ نزیكترین هاوڕێی مەهەستی کە ناوی فەیروز دەبێت هاوسەرگیریی دەکات، ئەمەش بۆ مەهەستی دەبێتە مایەی شۆک و زۆر كاریگەری هەبووە و لەدوای جیابونەوەی چەندین گۆرانی بۆ وتووە. دواتر مەهەستی هاوسەرگیریی دووەم دەكات لەگەڵ ئەویش ناگونجێ، دەبێتە خاوەنی دوو كوڕ بەڵام جیا دەبێتەوە و سەرەنجام بڕیار دەدات بە تەنها بژێت.
هایدە خوشكی گەورەی مەهەستی لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا هاوسەرگیریی دەكات و لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەبێت بە دایك.
هاوسەرەكەی ئەفسەر دەبێت كاتێك لە ڕادێوی تاران بۆ یەكەم جار گۆرانی تۆمار دەكات لە بەرنامەی گوڵها ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ هایدە بۆئەوەی نەناسرێتەوە، بەڵام هەر زوو بەهۆی دەنگە ئەفسووناوییەکەیەوە گۆرانییەکەی لەسەرانسەری ئێراندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت و دوای ئەوە لە ڕادیۆ چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەکرێت،

كاتێك هاوسەرەكەی ئەمە دەزانێت زۆر بەتوڕەیی دەچێت بۆ رادێو دەنگە تۆماركراوەكەیان لێ دەسێنێت تا بڵاونەبێتەوە، ئەمە هایدە زۆر بێتاقەت دەكات بە شێوەیەك بۆ ماوەی دوو ساڵ تووشی خەمۆكی دەبێت. سەرەنجام هایدە لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە، هایدە دوو كوڕ و كچێكی هەیە.

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی شای ئێران، روودەكەنە تاراوگە، هایدە بەرەو ئەمریكا و مەهەستی لە بریتانیا نیشتەجێ دەبێت، دوای چەند ساڵێك مەهەستیش دەچێت بۆ لای هایدە. لەوێ هەردووكیان دەبنە دووان لە هەرە بەناوبانگترین هونەرمەندانی ئێران.
هایدە لە ساڵی ١٩٩٠ لە ئاهانگێك كە وابڕیار بوو دوو شەو بخایەنێت بەشداری دەکات، شەوی یەكەم لە دوای ئاهەنگەكە دەچێتەوە ماڵەوە و تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت و گیان لە دەستدەدات، ئەم هەواڵە كتوپڕە مەهەستی تووشی شۆك دەكات بۆ ماوەی پانزە رۆژ ناینێژن. دواتر لە مەراسیمێكی تایبەتدا بە خاك دەسپێرێت.
لەدوای مردنی هایدە، مەهەستی هەموو گۆرانییەكانی بۆ هایدە دەڵێت ، لە ساڵی ٢٠٠٧ بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە، مەهەستی كۆچی دوای دەكات.
كاتێك مەهەستی كۆچی دوای كرد هەموو شەقامەكانی لۆس ئانجلس بە تەواوی داخران. لە مێژووی ئەو شارەدا دوو جار شەقامەكان داخراون، یەكەمیان كاتێك مایكڵ جاكسۆن مرد، دووهەمیشیان كاتێك مەهەستی.
هەردوو هونەرمەندی کۆچکردوو، یەکێک لە ئاواتەکانیان ئەوەبوو جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ئێران بەڵام هەرگیز ئەو ئاواتەیان نەهاتەدی.

سەرچاوەکان:
-1 چاوپێكەوتنی منهوچر نوزری - شوی تلفزیونی پنجرها
-2 چاوپێكەوتنی مهستی - انگات طپش


بابەتە پەیوەندیدارەکان