لە میدیای سورییەوە

12:23 - 2024-07-25
جیهان
183 جار خوێندراوەتەوە

«ناكرێت باسی  لێكنزیكبوونەوە بكرێت»
رۆژنامەی (تشرین) بە توندی رەخنە لە لێدوانە نوێیەكانی ئەم دواییەی لێپرسراوانی توركیا گرتووە لەبارەی نزیكبوونەوەی سوریا و توركیا و ئەوە بە وەسوەسە و خەون دەزانێت.
رۆژنامەكە نووسیویەتی «ناكرێت باسی لێكنزیكبوونەوە بكرێت»، هەروەها دەڵێت «هەنگاو بەرامبەر هەنگاوە»، ئاماژەی بەوەش داوە: هەندێك كاری توندوتیژیی دژی سورییەكان لەناو خاكی توركیادا ئەنجامدراوە، ئەم راستییانە بەس نین بۆ دروستكردنی كەشێكی متمانەپێكراو بە نیاز و ویستەكانی توركیا، بۆیە سورییەكان هیچ متمانەیەكیان بە توركیا نییە و سوریا پێویستی بە هەنگاوی كردەییە بۆ دەستپێكردنی هەرجۆرە پەیوەندییەكی چاوەڕوانكراوی نێوان توركیا و سوریا.

ستراتیژی سوریا بەرامبەر توركیا نەگۆڕە
رۆژنامەی (الثورة) نووسیویەتی «بەدڵنیاییەوە دیمەشق هەنگاوە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی ناگۆڕێت بەرامبەر توركیا و هەڵوێستەكانی سوریا راڕایی و نائارام و ناڕوون نییە پەیوەست بە هەر نزیكبوونەوەیەك لەگەڵ توركیا».
رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە «ئەم ستراتیژەی سوریا جەختكردنەوەیە لەسەر بنەما نەگۆڕە نیشتمانییەكان، بەپشتبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی كە رێگری دەكات لە پێشێلكارییەكان بۆسەر سەروەریی وڵات، لەسەر توركیا پێویستە رێز لە یاساكان بگرێت، ئینجا داوای گفتوگۆ بكات».

دیپۆرتكردنەوەی 330 ئاوارەی سوریا 
رۆژنامەی (السوری) راپۆرتێكی لەبارەی ئاوارەكانی سوریاوە لە لوبنان بڵاوكردۆتەوە لەژێر ناونیشانی «گەڕانەوەی خۆبەخشانە یان راگواستن»... لوبنان بەشێكی ئاوارە سورییەكان دەنێرێتەوە، لەكاتێكدا دەست بەو كارە دەكات كە ناوی لێناوە «هەڵمەتی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانە بۆ سوریا»، لە رێگەی ئەو وەجبە ئاوارە تازەیەوە كە تێدەپەڕن لە خاكەكەیانەوە بۆ سوریا و ژمارەیان دەگاتە 330 كەس.
رۆژنامەكە رەخنەی لە بڕیاری دادگای لوبنان گرتووە لەبەرئەوەی ئاوارەكان بەویستی خۆیان نەهاتوونەتەوە خاكی سوریا، بەڵكو كردەیەكی راگواستنی تەواوە.

روسیا پشتیوانی بۆ سەروەریی 
خاكی سوریا پیشانداوە
ئاژانسی هەواڵی(سانا)ش نامەیەكی وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤی بڵاوكردۆتەوە كە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەروەریی خاكی سوریا پیشانداوە لەگەڵ ئاشتی لەسەر خاكی سوریا و سەربەخۆیی سیاسی، لاڤرۆڤ رایگەیاندووە كە وڵاتەكەی پەیوەستە بە هەڵوێستەكانییەوە بۆ پشتیوانی لە مافی گەلی سوریا و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان بەبێ دەستتێوەردانی دەرەكی، هەروەك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە.

فەتحوڵڵا حوسەینی ئامادەی دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان