كارنامەی دەرەكی، یان ئیرادەی دەنگدەر ..؟

11:07 - 2024-07-28
کوردستان
247 جار خوێندراوەتەوە

 ئەگەر بەهایەك بۆ هەڵبژاردن بمێنێتەوە، ئەوا پارێزگاری كەركوك هەر مافی كوردەو لەناو كوردیشدا یەكێتی. ئەگەر هەندێ هێزی ناو ئەنجوومەنی پارێزگا هێشتا باوەڕیان بە مانۆڕەو گرەویان لەسەر پاڵپشتیی دەرەكییە، یان جەمسەرگیریی ئەوتۆ كە ئەو مافە قووتبدات، ئەوا ئایندەی نابێت!. هێزی براوە كە پێگەیەكی بەهێزی لە عیراق و ئەنجوومەنەكەدا هەیەو كورسیی تریش پاڵپشتێتی، ناچێتە ژێر باری هیچ رێككەوتنێكی ژێر بە ژێری ئەوانیترەوە كە ئامانج لێی لێدان بێت لە بەرەی كوردو شكاندنی ئیرادەی ئەو سەدان هەزار دەنگەی پارێزگاكە بێت كە هێزێكی دیاریكراویان كردۆتە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.
  ئەوەی لەم دۆخەدا جێی تووڕەیی رای گشتیی خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیش كەركوكییەكانە، تێوەگلانی هێزێكی كوردییە لەم یارییە ترسناكەدا كە بە ئاشكرا سڕینەوەی مۆركی كوردستانییانەی پارێزگاكەیە. ئەم گەمەیە، جێی دڵخۆشی هەموولایەكە بە نەیارانیشەوە، جگە لە كورد خۆی، كارنامەی دەرەكییش ئیشی خۆی تێدا دەكات و دەیەوێت هەم كورد پەرت بكاو هەم دەنگی نزیكەی چارەكە ملیۆنێك دەنگدەریش بسووتێنێت، لەوەش زیاتر لە رێی نفوزی خۆیەوە، كورد وەك جەمسەرێكی لاوازی ناو پێگە سیاسی و یاسایی و كارگێڕی و مەعنەوییەكانی پارێزگاكە دەربكەوێت، بگرە بەم رێگەیەش كوردستانییەتی كەركوك بۆ هەتایە كۆتایی بێت. 
  بە راشكاوی دەیڵێین، ئەو پیلانە ئایندەی نییە، چونكە لە ئیرادەی زۆرینەی كوردی شارەكەو ناسنامەی كوردستانیبوون و تەنانەت ئاراستەیەكی نیشتمانیی عیراقیشەوە هەڵناقوڵێت. یەكێتی كە بەعس، بە هەموو هێزی خۆیەوە، نەیتوانی بێت ئاوتی بكات، بگرە دووجار، هەر خۆی سەر ڕمی رزگاركردنی ئەو شارە بێت بۆ تەواوی دانیشتوانەكەی، ئەوا هەر خۆیشی، پشتئەستوور بە ئیرادەی سیاسی و دیموكراسی و بە پاڵپشتی كوردستانییانی رەسەن، رووبەڕووی هەر ئەگەرو پێشهاتێكی نەخوازراو دەبێتەوە. 

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان