لە میدیای توركییەوە

12:51 - 2024-07-28
جیهان
90 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریكا چەكی ئاڤانگەر لە حەسەكە جێگیردەكات
رۆژنامەی میللیەت بڵاویكردۆتەوە، ئەمریكا چەكی بەرگری ئاسمانی «ئاڤانگەر» لە بنكەی سەربازی خۆی لە حەسەكە دادەنێت، كە لە ژێر كۆنترۆڵی «یەپەگە»دایە لە باكووری رۆژڵاهەتی سوریا. 

هاكان فیدان داوا لە سوریا دەكات پێكەوە شەڕی پەكەكە بكەن
رۆژنامەی تەقویم بڵاویكردۆتەوە، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە سەروبەندی هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە- دیمەشق لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند: پێویستە توركیاو سوریا لە دژی (پەكەكە/یەپەگە) بجەنگن و ئەو سەرچاوە نەوتی و وزەیەی كە هەیانە بۆ گەلی سوریای بگەڕێننەوە.
لەلایەكی دیكەوە، دوای ئەوەی عیراق «پەكەكە»ی بە «رێكخراوێكی قەدەغەكراو» پێناسە كرد، هاكان فیدان وتی: پەكەكە وەك خانەیەكی شێرپەنجە بە هەموو عیراقدا بڵاودەبێتەوە، ئیتر ئەمە كێشەی ئێمە نییە، بەڵكو بۆتە كێشەی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق. بەپێی بۆچوونی فیدان، میكانیزمی ئەمنی هاوبەشی توركیا و عیراق و لێكنزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق، پاڵ بە پەكەكەوە دەنێت و گۆشەگیری دەكات.
یەشار گولەر: رازین بەو هەنگاوانەی عیراق دژ  بە پەكەكە گرتویەتییەبەر 
تورك پرێس بڵاویكردۆتەوە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرە، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا رایگەیاند: ئەو ئۆپەراسیۆنانەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە باكووری عیراق (هەرێمی كوردستان) و سوریا (رۆژئاوا) ئەنجامیانداوە «رۆژانە زیانێكی زۆریان بە (پەكەكە) گەیاندووە».
سەبارەت بەوەی كە ئایا حكومەتی عیراق هاوكاریان دەكات لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، وەزیری بەرگریی توركیا ئاماژەی بەوەداوە، كە پەكەكە لە زووەوە سوودی لەو بۆشایی دەسەڵاتەی باكووری عیراق (هەرێمی كوردستان) وەرگرتووەو هەمیشە كێشەی سەرەكی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغداو ئەنقەرە بووە. گولەر وتی: « بەڵام لەم دواییانەدا هەنگاوی هاوبەشی ئەرێنی لەگەڵ عیراق نراوە لەمیانی سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارمان بۆ بەغدا و هەولێر، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەسەر چوارچێوەیەكی ستراتیژیی هەمەلایەنە ئیمزاكراوە، ئەمەش وەكو خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا، ئێمە رازین بەو هەنگاوە ئەرێنییانەی كە لەم دواییانەدا لەگەڵ حكومەتی عیراق و ئیدارەی هەرێمەكەی گیراونەتەبەر...»

بابەتە پەیوەندیدارەکان