ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە سەرهەڵدەدەنەوە

10:29 - 2024-07-29
ڕاپۆرت
309 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار




ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، نامەیەكی كراوە بۆ حكومەتی هەرێم، بە تایبەت وەزارەتی دارایی دەنێرێت و تێیدا «كێشە و كەموكوڕی لیستەكانی مووچە» دەخاتەڕوو، ئەندامێكی پێشووی هەمان لیژنەش پێیوایە «سەرەڕای دانەمەزراندن، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیادی كردووە، ئەمەش كێشەی بۆ ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم دروستكردووە».

زەرەرمەندی سەرەكی تێیدا خەڵكە 
سۆران عومەر، ئەندانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە نامەیەكی كراوەدا بۆ حكومەتی هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی دارایی كە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوەتەوە، نوسیویەتی: «تكایە تێبگەن ئەم جۆرە لە وەڵام نەدانەوەی داواكارییەكانی بەغدا تایبەت بەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنییەكان و خانەنشینانی سەربازی زەرەرمەندی سەرەكی تێیدا خەڵكە، لەوە زیاتر كات بەفیڕۆ مەدەن كەموكوڕییەكان چاك بكەن كە بۆتان دیاریكراوە، یەك جار لەبەرژەوەندی مووچەخۆران كاربكەن، با لەم گرفتە 10 ساڵیەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی مووچە ڕزگارمان بێت. جارێكی دی بەكوردی كەموكوڕیەكانتان بۆ دەخەینەڕوو تاكو لەمە زیاتر خەڵك سزا نەدەن».

وردەكارییەكانی كێشەكە
سەبارەت بە وردەكارییەكانی كێشەكە، سۆران عومەر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ-ی رایگەیاند: «ماوەی چەندین مانگە پێیان وتراوە كێشەی وەزارەتی كارەبا چارەسەر بكەن، لە مانگی 10ی 2023 دەڵێن چارەسەرمان كردووە، بەڵام لە مانگی 6ی 2024 مووچەكەیان راگیرا، لەبەر ئەوەی چارەسەرنەكرابوو».
بە وتەی سۆران عومەر: «هەرێمی كوردستان جگە لە چارەسەركردنی كێشەی لیستەكان لە دووبارە لە كەموكوڕی لە نایاسایی هیچ رێگەچارەیەكی تری لەبەردەمدا نییە، هەر دەبێت چارەسەری بكات، بەڵام ئەم كات كوشتنانە لە چارەسەرنەكردن و لە درێژەكێشانی كێشەی لیستەكان، باجەكەی مووچەخۆر و خانەنشینان دەیدەن».
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێیوایە: «ئەم كێشەیە حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسە كە ماوەی چەندین مانگە ئەم گرفتە لەبەردەستیاندایە و عیراق دەڵێت چارەسەری بكەن، بەڵام ئەمان كەمتەرخەمن و كات دەكوژن».

لیستی مووچەی بەتەواوی زانیارییەوە دەوێت
هەر لەبارەی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە مووچەی هەرێم لەگەڵ بەغدا، شیروان میرزا ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: «سەبارەت بە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە مووچە، لیستی مووچە مانگانە وردبینی دەكرێت، ئەوەی بەغدا لە هەرێمی دەوێت، ئەوەیە لیستی مووچە بە تەواوی زانیارییەكانەوە بگاتە دەستی، گۆڕانكاریی و جیاوازیی لە مانگێكەوە بۆ مانگێكی تر حاڵەتێكی ئاساییە، بۆ نموونە فەرمانبەرێك خانەنشین دەبێت، فەرمانبەرێك مۆڵەت دەدرێت یان سزا دەدرێت، هەموو ئەوانە ئاساییە، بەڵام بۆ نموونە 30 تا 40 هەزار كەس زیاد بكات، یان 5 هەزار كەس دابمەزرێت ئەمانە حاڵەتی نائاسایین».

بابەتی مووچە چارەسەر بووە
بە وتەی شیروان میرزا: «ئەوەی لەئێستادا دیوانی چاودێری دارایی عیراق تێبینی لەسەر  هەیە، ئەوەیە كە لیستی خانەنشینی سەربازی و مەدەنی زۆر زیادی كردووە، بە تایبەتیش سەربازی، لیستی هەندێك وەزارەتیش زیادی كردووە، بەبێ ئەوەی دامەزراندن هەبێت، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی روون بێت، لە راستیدا گرفتەكە ئەوەیە، ئەگەرنا بابەتی مووچە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر بووە، بەڵام ئەم گرفتانەی لەئێستادا هەن، پێویستە چارەسەر بكرێن».

پێویستی بە هەماهەنگییە
 ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە پێویستی دەزانێت: «حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی دیوانی چاودێری داراییەوە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی بەغدا، بە یەكەوە هەماهەنگی بكەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی هەن، روونی بكەنەوە بۆ وەزارەتی دارایی عیراق و پێیان بڵێین ئەم گۆڕانكارییانە بەپێی یاسا و رێنماییەكان، حاڵەتێكی نۆرماڵن، هەر حاڵەتێكیش نا ئاسایی بێت، دەبێت لاببرێت و نەهێڵدرێت، چونكە دواجار گرفت بۆ مووچەخۆری فیعلی دروست دەكات، واتا دەبێتە هۆی ئەوەی مووچەخۆر كە مانگانە چاوەڕوانی هاتنی مووچە دەكات، كێشەی بۆ دروست ببێت».

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان