ئا:پ.ی.د. بەرهەم خالید
بە گوێرەی راپۆرتی ساڵانەی پەیمانگەی رۆیتەرز بۆ هەواڵی دیجیتاڵی کە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر رۆژنامەگەری لەلایەن رۆژنامەنووس و توێژەر نیک نیومان-ەوە ئامادەکراوە، پەیمانگەی رۆیتەرز پێشبینییەکانی خۆی بۆ رەوشی رۆژنامەگەری و تەکنۆلۆجی لە ساڵی 2024 لە راپۆرتێکی ورددا و لە دووتوێی 46 لاپەڕەدا دەخاتەڕوو.
راپۆرتەکەی رۆیتەرز توێژینەوەیەکە و پشتی بە راپێوییەک بەستووە کە تێیدا بۆچوونی 300 سەرنووسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هەواڵنووسانی دەزگا هەواڵییەکان وەرگیراوە لە 50 وڵاتدا.
پەیمانگەی رۆیتەرز پێشبینی دەکات لەمساڵەوە ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی فراوان دنیای راگەیاندن داگیربکات، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەو داگیرکارییە کاریگەریی دەبێت لەسەر متمانەی زانیارییەکان و هەروەها لەسەر سەقامگیریی ئامرازە نەریتییەکانی راگەیاندن. داواش لە رۆژنامەنووسان و دەزگا هەواڵییەکان دەکات دووبارە بیربکەنەوە و پێداچوونەوە بکەن بە رۆڵ و ئامانجەکانیان لە دنیای راگەیاندندا.
سەرەڕای نیگەرانییەکان کە ئامادەکارانی راپۆرتەکە نیشانیانداوە سەبارەت بە لێکەوتە نەرێنییەکانی پشتبەستنی زۆر بە ژیریی دەستکرد، بەڵام ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە گۆڕانکارییە خێراکان لە دنیای رۆژنامەگەریی ئەو دەرفەتەشی هێناوەتە کایەوە کە یارمەتیی دەزگا راگەیاندنەکان و رۆژنامەنووسان بدات بۆئەوەی لەگەڵ دنیای نوێ-دا خۆیان بگونجێنن.
ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگاری بۆ میدیا و میدیاکاران
پەیمانگەکە، پێشبینی دەکات هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە ساڵی 2024 یشدا گوشاری زۆر و بێ وێنە لەسەر رۆژنامەنووسان و دەزگا راگەیاندنەکان و ژووری هەواڵ دروست ببێت، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی ململانێ سەربازییەکانی ئۆکرانیا و غەززە، هەروەها گۆڕانکاریی کەشوهەوا و قەیرانی ئابووری، بەتایبەتی لەگەڵ گوشارە ئابوورییەکان لەسەر میدیاکان، کە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی بازاڕی ریکلام هاتووەتەئاراوە کە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی خوێنەران لەسەر سەکۆکانی میدیا کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان کە بووەتەهۆی سەرهەڵدانی هەڵمەتێکی فراوانی دەستبەرداربوونی بە کۆمەڵ لە کارمەند و رۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگا راگەیاندنەوەکانەوە لەسەرانسەری جیهاندا.
کەمتر لە نیوەی سەرنووسەران و هەواڵسازانی بەشدار لە راپرسییەکەدا بە رێژەی 47 ٪ گەشبینیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئاسۆکانی راگەیاندن لە ساڵی نوێدا، لەبەرامبەردا 12 ٪ تێڕوانینێکی نەرێنییان هەیە و 41 ٪ بێلایەنن لەوەی چی بەسەر رۆژنامەگەریدا دێت لە 2024دا.
نیگەرانی و رەشبینی زۆرینەی بەشدارانی توێژینەوەکە پەیوەستە بە لایەنی ئابوورییەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچوون و پاشەکشەی داهات، کە ئەمەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی متمانەی وەرگرە بە دەزگا راگەیاندنە نەریتییەکان، هەروەها زۆربوونی هێرش و پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان بەتایبەتی لە ناوچە ئاڵۆز و پڕ ململانێکاندا.
لە بەرامبەردا، دەزگا راگەیاندنەکان هیواخوازن رووداوە سیاسی و وەرزشییە گەورەکانی ئەمساڵ لە نموونەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هەڵبژاردن لە زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان، ئەنجامدانی یارییە ئۆڵۆمپییەکان لە پاریس و پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکانی تۆپی پێی ئاسیا لە قەتەر و ئەفریقا لە کۆتیڤوار و یۆرۆ لە ئەڵمانیا و کوپا ئەمریکا لە ئەمریکا، ببێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی گروپێکی فراوانی جەماوەر، ئەگەرچی بەشێوەیەکی کاتیش بێت.
لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکان پاڵنەرێک بێت بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا وادەکات دابەشبوون و لایەنداری دروست بکات کە ببێتە هۆی زیاتری نەمانی متمانە بە دەزگا راگەیاندنە نەریتییەکان.
بەشێوەیەکی گشتی بەشداران باوەڕی بەهێزی خۆیان بە گرنگیی رۆژنامەگەری نیشانداوە، بەڵام ئەمە هاوشانە لەگەڵ هەستکردن بە نادڵنیایی سەبارەت بە دۆخی پیشەکە لە ساڵی نوێدا، ئەوەش لە سایەی ئەو شەپۆلە نوێیەی گۆڕانکاریی تەکنۆلۆجی کە بەڕێوەیە رووبدات.
لەگەڵ گوشارە ئابوورییەکان و لە ئەنجامی کەمبوونەوەی بازاڕی ریکلام، هەڵمەتێکی فراوانی دەستبەرداربوونی رۆژنامەنووس لەلایەن دەزگاکانەوە لەسەرانسەری جیهاندا دەستیپێکردووە
کودەتای سەکۆکانی میدیا کۆمەڵایەتییەکان بەسەر میدیای نەریتییدا
راپۆرتەکە نیشانی دەدات کە پێگە ئەلەکترۆنییەکانی دەزگا راگەیاندنەکان وەک پێشوو سەردانکەرییان نییە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەتایبەتی بەکارهێنەران و بەدیاریکراوی لە فەیسبووک و ئێکس بەرهەمێنەری ناوەڕۆکە میدیاییەکانیان پێ پەسەندترە لە هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانی و دەزگا راگەیاندنەکان.
63 ٪ ی بەشداربووان نیگەرانن لە پاشەکشەی زۆری ژمارەی بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکان لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بە واتای ئەوەی جووڵەی داخڵبوونی ماڵپەرە هەواڵییەکان لە رێگەی فەیسبووکەوە بە رێژەی 48 ٪ دابەزیوە لە ساڵی 2023. بە هەمان شێوە لە ئێکسیش بە رێژەی 27 ٪ دابەزیوە، هەروەک لە رێگەی ئینستاگرامەوە بە رێژەی 10 ٪ دابەزیوە.
ئەم پاشەکشەیە وا لە دەزگا راگەیاندنەکان دەکات کە بگەڕێن بە شوێن چارەسەری جۆراوجۆردا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم شەپۆلە. 77 ٪ ی بەشداربووان وتویانە کاردەکەن بۆئەوەی لە ماڵپەڕەکانیانەوە لەسەر ئینتەرنێت لینکی راستەوخۆ لەگەڵ وەرگراندا دروست بکەن، ئەوەش لە رێگەی ئەپەکانی ژیریی دەستکرد و بڵاوکراوە هەواڵییەکان و بەرنامەکانی پۆدکاست.
هەروەها 22 ٪ ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و خەرجییەکان، هەروەک 17 ٪ پێیان باشە خەرجیی زیاتر بکرێت لە بازاڕسازی بۆ بەرهەمەکان.
20 ٪ پێیانوایە کاربکرێت لەسەر سەرنجڕاکێشانی سەردانیکەران لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جێگرەوەکانی هاوشێوەی وەتساپ و ئینستاگرام.
پەیمانگەی رۆیتەرز پێشبینی دەکات ئەپی واتساپ بتوانێت ئەو پێگەیە بەدەست بهێنێت کە فەیسبوک و ئێکس هەیانبوو لە رابردوودا لای دەزگا راگەیاندنەکان، بە تایبەتی پاش راگەیاندنی خزمەتگوزاری لەلایەن واتساپ کە رێگە بە دەزگا و دامەزراوەکان دەدات کەناڵ و گروپی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن کە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات بەشداریی تێدابکەن و کارلێک لەگەڵ دەزگاکان و بڵاوکراوەکانیان بکەن لە رێگەی بەکارهێنانی نیشانە ئاماژەدارەکانی وەک ئیمۆجییەکانەوە.
بە گوێرەی بەشێک لە بەشداربوانی راپرسییەکە، ژمارەیەکی زۆری خوێنەران دەتوانن لە رێگەی واتساپەوە بگەنە ماڵپەڕی دەزگا راگەیاندنەکان بە بەروارد بە فەیسبوک و ئێکس. هەروەک یەکێک لە بڵاوکەرەوەکانی دەزگا دیجیتاڵییە گەشەسەندووەکانی ئەوروپایی دەڵێت: «گروپەکانی واتساپ دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات هەمان رۆڵ و کاریگەریی ئاگادارینامە و نامە هەواڵییەکان ببینن بۆ وەرگران».
ئامێرەکانی گەڕان لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا
راپۆرتەکە نیشانی دەدات کە دەزگا راگەیاندنەکان هەست بە نیگەرانی دەکەن سەبارەت بە کەمبوونەوەی جووڵەی چوونە ناو ماڵپەڕەکانیان لە رێگەی ئامێرەکانی گەڕانەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی کۆمپانیاکانی وەک گوگڵ و مایکرۆسۆفت رێگەی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ نمایشکردنی ناوەڕۆکەکان، ئەوەش لە رێگەی ئەزموونی گەڕانی بەرهەمهێنەر (SGE) کە وەڵامی راستەوخۆ پێشکەش دەکات بۆ پرسیارەکان لەبری خستنەڕووی لیستی ئەنجامی گەڕان بەدوای ماڵپەڕەکاندا لەسەر ئینتەرنێت.
مایکرۆسۆفت یەکەمین کۆمپانیا بوو بە هاوکاریی کۆمپانیای OPEN AI خاوەنی چاتGPT کە ئەو دوو خزمەتگوزارییەی پێکەوە گرێدا لە رێگەی ئامێری گەڕانی بینگ BING، ئەوەش لە رێگەی راهێنانی نموونە سەرەکییەکانی ناوەڕۆک لە سەرجەم لایەنەکانی ئینتەرنێت لەنێویاندا ماڵپەڕە هەواڵییەکان.
پێش ئەوەی گوگڵیش چاوی لێبکات لە رێگەی دەرکردنی خزمەتگوزاریی جێمینی Gemini.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە جیهانی ئێستا شەپۆلێکی فراوانی یارمەتیدەرە گفتوگۆکەرەکان بەخۆوە دەبینێت کە پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن و بە کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکانەوە پەیوەستکراون، ئەوەش وادەکات رێگەکانی ئاشکراکردنی ناوەڕۆکەکان بگۆڕدرێن.
لە بەرەنجامی ئەمەشدا پێشبینی دەکرێت دەزگا راگەیاندنەکان بکەونە ژێر گوشاری زۆرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زیانانەی لە جووڵەی هاتوچۆ و داهاتەکانیدا روودەدات. رۆیتەرز ئەوەشی ئاشکراکردووە کە سکاڵا یاساییەکانی تایبەت بەم بوارە کە لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە دژبە ئۆپن ئەی ئای بەرزکراوەتەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی ناوەڕۆکی رۆژنامەکە لە ئامێرەکانیدا بۆ وەڵامدانەوەی خەڵک، ئەوەش یەکێکە لەو کێشە پەیوەندیدارانە و سکاڵای هاوشێوەش زیاد دەکات لەمساڵدا.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئۆپن ئەی ئای تۆمەتبارکردووە بەوەی کە ملیۆنان وتار و بابەتی رۆژنامەوانیی بەبێ مۆڵەت و ئاگاداریی ئەو بەکارهێناوە لە سیستمی ChatGPT کە هەندێکجار کورتەیەک یان بەش و پوختەی ئەو بابەتانەی بڵاوکردووەتەوە و بەکارهێناوە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ببێتە رکابەری رۆژنامەکە بۆ دەستکەوتنی زانیاری.
بە گوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکانی رۆیتەرز، لە کۆتایی ساڵی 2023 دا نیوەی دەزگا راگەیاندنە گەورەکان وەستاون لە پێدانی زانیاری بە سەکۆکانی ژیریی دەستکرد و رێگەی نادەن دەستیان بگات بە ناوەڕۆکەکانیان. ئەوەش وایکردووە دۆخێکی باشیان هەبێت کە لە ئایندەدا گرێبەست ئەنجامبدرێت لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە.
لەکاتێکدا بە بۆچوونی هەندێک لە بەشدارانی راپرسییەکە دەرفەتێک هەیە بۆئەوەی هاوکاری لە نێوان کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد بە رێگەیەک کە زامنی بەدەستهێنانی قازانج بکات لەگەڵ ئەوەی زۆرینەیان گەشبین نین بە ئەنجامدانی رێکەوتن لە نێوان دامەزراوە میدیاییەکان و کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا.
لەلایەکی دیکەوە زیاتر لە سێیەکی بەشداربووان بە رێژەی 35 ٪ پێیانوایە ژمارەیەکی سنووردار لە دەزگا راگەیاندنە گەورەکاندا دەتوانن سوودی مادییان هەبێت لەو رێککەوتنانە، نزیکەی نیوەی بەشداربووان بە رێژەی 48 ٪ پێشبینی دەکەن کە دەزگا راگەیاندنەکان تەنها بڕێکی کەم پارەیان لەو گرێبەستانەدا دەستدەکەوێت.
زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر راگەیاندنەکان
بە گوێرەی راپۆرتەکە پێشبینی دەکرێت کە ئاستەنگ و بەربەستە ئابوورییەکان لە 2024 دا بەردەوام بن بەرامبەر دەزگا راگەیاندنەکان لە سایەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی ریکلام و جووڵەی گەورەی وەرگر بەرەو تەکنۆلۆجیای دیجیتاڵی.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بە تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 20 هەزار کەس لە دەزگا راگەیاندنەکان کارەکانی خۆیان لەدەستداوە، کە ئەوە نزیکەی شەش هێندەی ئەو ژمارەیەی ساڵی پێشترە، هەروەها هەفتانە بە نزیکەی دوو یان سێ رۆژنامەی ناوخۆیی دادەخرێن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەشێک لە دەزگا راگەیاندنەکان تەنها پشت بە رۆژنامەنووسە هاوکارەکان دەبەستن، یاخود ناوەڕۆکە بەرهەم هاتووەکانیان لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە بڵاودەکەنەوە. هەروەها کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان کە ناتوانن بە شێوەی دیجیتاڵی بەردەوام بن، رووبەڕووی گوشاری راکێشانی جەماوەر دەبنەوە بۆ سەکۆکانی پەخشی راستەوخۆ، لە هەمانکاتدا دەزگا راگەیاندنە دیجیتاڵییەکان وەک فۆکس و فایس کە پشت بە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی جەماوەری فراوان، ئێستا کار لەسەر سەردەمی خەرجیی زۆر دەکەن.
بە گوێرەی راپۆرتی ساڵانەی پەیمانگەی رۆیتەرز بۆ هەواڵی دیجیتاڵی کە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر رۆژنامەگەری لەلایەن رۆژنامەنووس و توێژەر نیک نیومان-ەوە ئامادەکراوە، پەیمانگەی رۆیتەرز پێشبینییەکانی خۆی بۆ رەوشی رۆژنامەگەری و تەکنۆلۆجی لە ساڵی 2024 لە راپۆرتێکی ورددا و لە دووتوێی 46 لاپەڕەدا دەخاتەڕوو.
راپۆرتەکەی رۆیتەرز توێژینەوەیەکە و پشتی بە راپێوییەک بەستووە کە تێیدا بۆچوونی 300 سەرنووسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هەواڵنووسانی دەزگا هەواڵییەکان وەرگیراوە لە 50 وڵاتدا.
سەرەڕای دۆخی ئابووریی سەخت، زۆرینەی بەشداربووانی راپرسییەکەی رۆیتەرز رایان وابووە کە گەشەیەکی بەردەوام هەیە لە بەشداریکردنی ئەلکترۆنیی بە پارە لە دەزگاکانیان، بەڵام ئەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا رەنگی نەداوەتەوە لە زیادبوونی داهات و قەرەبووکردنەوەی دابەزینی داهاتی چاپ و ریکلام لە دەزگاکاندا.
زیاتر لە 80 ٪ ی بەشداربووان پێیانوایە هاوبەشیکردنی ئەلکترۆنی و ئەندامێتی سەرچاوەی سەرەکی داهات دەبێت لە ساڵی 2024دا. لە کۆی گشتیدا دەزگا راگەیاندنەکان هەوڵدەدەن زامنی هەندێک رێگای دیکە بکەن بۆ زیادکردنی داهات، بەڵام ئەمە دەخوازێت کە بتوانن بە تەواوی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی لەخۆ بگرن.
پەیمانگاکە هەروەها پێشبینی دەکات کە ئەمساڵ ئۆفەری زیاتر پێشکەش بکرێت لە بواری هاوبەشیکردن و ئەندامێتی و بەرهەمی زیاتری وەک یاری و پۆدکاست و هەروەها دەرکردنی بابەتی بەرنامە و سۆفتوێر بۆئەوەی بتوانن سەرنجی گروپ و گەنج و چینە جیاوازەکانی پێ رابکێشن.
70 ٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە باوەڕیان وایە ناوەڕۆکی بەرهەمهاتوو لە رێگەی ژیری دەستکردەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر راستگۆیی و متمانەی هەواڵەکان لە نێو جەماوەردا
بایەخدان و پەرەسەندنی ناوەڕۆک و بەرهەمە ڤیدیۆیی و دەنگییەکان
بە درێژایی بیست ساڵ وتار و بابەتە نووسراوەکان ئامرازی سەرەکیی بوون بۆ ناردنی زانیارییەکان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، هەروەک پارچە ڤیدیۆکان و تۆمارە دەنگییەکان کەمتر سودیان لێوەردەگیرا، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی و دەرکەوتنی مۆبایلە زیرەکەکان و سەکۆ تایبەتمەندەکان بە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی وەک یوتیوب، لەگەڵ ئەوەی نەوە نوێ و بچوکەکان زیاتر مەیلیان بەلای بابەتە بینراو و دەنگییەکاندا دەچن بە بەراورد بە بابەتە نووسراوەکان.
ئەنجامەکانی راپرسییەکە بە روونی ئەوەشی نیشانداوە کە زۆرینەی دەزگا راگەیاندنەکان پلانی ئەوە دادەنێن کە بەرهەمی ڤیدیۆیی زیاتر بکەن بە رێژەی 64 ٪ و بەرهەمهێنانی بەرنامەی پۆدکاست بە رێژەی 47 ٪ لە ساڵی 2024 دا.
سەرەڕای ئەوەی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ رەنگدانەوەی ئەوە نییە کە داهات زیاد بکات، بەڵام پێویستییەکی سەردەمە بە گوێرەی ئەنجامەکانی راپۆرتەکە لە پێناو ئامادەیی دەزگا راگەیاندنەکان وەک ئامرازێکی کاریگەر لە راکێشانی سەرنجی گروپ و دەستە و توێژە کەم تەمەنەکان.
ماندووبوونی وەرگر لە زۆریی شەپۆلی زانیارییەکان
وێڕای گرنگی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ڤیدیۆیی زیاتر و بەرنامەی پۆدکاست و چالاککردنی ئاگادارکەرەوە و ناردنی نامە هەواڵییەکان، بەڵام پێشکەشکردنی شێوازی نوێی ناوەڕۆک رەنگە بۆ هەندێک لە جەماوەر هێشتا کاریگەر نەبێت، بەو پێیەی راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەکارهێنەری هەواڵەکان زۆربەیان هەست بە ماندووێتی دەکەن بەهۆی زۆری قەبارەی ئەو بژاردانەی لەبەردەستیاندایە.
بابەتی ماندووێتی زانیارییەکان بوەتە هۆی سەرقاڵکردنی بەڕیوەبەرە جێبەجێکارەکان لە دەزگا راگەیاندنەکاندا، بە گوێرەی پەیمانگای رۆیتەرز، لێکۆلێنەوەکانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تەنگژە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان لەم ساڵانەی دواییدا وایکردووە جەماوەری میدیا حەز و ویستی کەم بێتەوە بۆ هەواڵەکان و کارلێککردن لەگەڵیدا.
بەشدارانی راپرسییەکە بۆ ئەم گرفتە چەند چارەسەرێکیان خستوەتەڕوو لە ساڵی نوێدا، هەروەک 67 ٪ دەڵێن ئەوان کاردەکەن بۆ ئەوەی شێوازی باشتر بدۆزنەوە بۆ شیکارکردنی کێشە و ململانێ ئاڵۆزەکان بە جۆرێک وەرگر حەز بە وەرگرتنی بکات. هەروەها 44 ٪ دەڵێن هەوڵدەدەن زیاتر کار لەسەر ئەو جۆرە هەواڵانە بکەن کە تایبەت بە گرفتێکی دیاریکراون لەگەڵ پێشکەشکردنی چارەسەری گونجاو بۆیان. لە لایەکی دیکەوە 43 ٪ دەڵێن هەوڵدەدەن هەواڵ و چیرۆکی مرۆیی بەرهەمبهێنن کە ئیلهامبەخشن بن بۆ وەرگر.
رۆیتەرز پێشبینی دەکات هەواڵە نەرێنی و ناڕوونەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە لە راپۆرتە هەواڵییەکاندا کەم ببنەوە، لە بەرامبەردا دەزگا هەواڵییەکان پشت بە خستنەڕووی گۆشە نیگای هەمەچەشنتر ببەستن لە خستنەڕووی ئەو بابەتانەدا کە هیوابەخش و هاندەر بێت بە شێوەیەکی ئەرێنی. هەروەها پێشبینی دەکرێت کەرەستەکانی ژیری دەستکرد رۆڵیان هەبێت لە هاوکاریکردنی جەماوەر بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هەواڵەکان و بەشداریکردنیان بە شێوازی جیاواز.
کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر ژووری هەواڵ
ساڵی 2023 ساڵی هاتنەکایەی ئامرازەکانی ژیری دەستکرد بوو بۆ ژووری هەواڵی دەزگا راگەیاندنەکان کە بۆ مەبەست و بەکارهێنانی جیاواز سوودیان لێوەرگیرا. لە نموونەی ئامادەکردنی پوختە و کورتە و وردبینیکردنی زمانەوانی و وەرگێڕان و تەنانەت لە بەرهەمهێنانی وێنە و وتار و راپۆرتیش. هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت ساڵی 2024 هەوڵی زیاتر بەخۆوە ببینێت لە تێکەڵکردنی ئەم تەکنەلۆجیایە لەگەڵ کاری رۆژنامەوانی.
سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی بەشداربووان بە رێژەی 56 ٪ گومانیان هەیە لەوەی ژیری دەستکرد بتوانێت ناوەڕۆک و بەرهەمی رۆژنامەوانی بەرهەم بهێنێت، بەڵام رۆیتەرز پێشبینی دەکات ئەمساڵ، رۆبۆت و بۆتەکانی پەیوەست بە ژیری دەستکرد ئەرکی زیاتریان پێبسپێردرێت لە بواری داڕشتن و نووسیندا.
زۆرینەری بەشداربووانیش پێیانوایە گرنگترین تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد لە بواری رۆژنامەگەریدا لە ماوەی ئەمساڵدا بریتییە لە تەواوکاریی لە کاری باکگراوەندی هەواڵەکان بە جۆرێک بتوانن لە بری هەواڵسازەکان ئەرکی دیاریکراو لە داڕشتن ئەنجام بدەن. هەروەها 37 ٪ پێیانوایە بیرۆکەیەکی بەسوود دەبێت کە ژیری دەستکرد بتوانیت پێشنیار و راسپاردەکانی بەکارهێنەران باشتر بکات بۆ دەزگا راگەیاندنەکان. لە لایەکی دیکەوە نزیکەی چارەکی بەشداربووان پێیانوایە ژیری دەستکرد دەکرێت سوودی هەبێت لە پرۆسەی بازرگانی و بەرنامەسازی لە دەزگاکاندا.
رۆیتەرزیش پێشبینی دەکات ساڵی نوێ جیهان زیاتر یارمەتی لە هاوکارە گریمانەییەکان وەربگرێت، کە ئەرکەکانیان لە بواری چاودێری کاری رۆژنامەنووسان و خستنەڕوویی پێشنیارەکان بکات لە پێناو باشترکردنی راپۆرتە هەواڵییەکانیان بۆ ئەوەی سەرنجڕاکێشتر و وردتر بێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەرک و پیشەی نوێ سەرهەڵبدات بۆ بەڕێوەبردنی بەکارهێنانەکانی ژیری دەستکرد لە نێو دامودەزگا میدیاییەکاندا.
هەواڵەکان لە ساڵی هەڵبژاردنەکاندا
ساڵی 2024 بە ساڵی هەڵبژاردنەکان دادەنرێت بەو پێیەی ئەمساڵ لە زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. ئەوەش ترس و نیگەرانی زیاتر کردووە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد لەلایەن سیاسییەکان و چالاکوانان و لایەنە دەرەکییەکان بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکەن ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی متمانەی وەرگری بە هەواڵەکان کەم کردووەتەوە.
70٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە باوەڕیان وایە ناوەڕۆکی بەرهەمهاتوو لە رێگەی ژیری دەستکردەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر راستگۆیی و متمانەی هەواڵەکان لە نێو جەماوەردا. هەربۆیە پێشبنی دەکرێت ئەمساڵ حکومەتەکان یاسا و رێسای رێکخستنی توند بگرنەبەر بەرامبەر بە گەورە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان لە شێوەی یاسای خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی ئەوروپی کە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناچار کردووە لێپرسراو بن بەرامبەر بە یاسا و ئەو بابەت و ناوەڕۆکەی بڵاوی دەکەنەوە لە نێویاندا گوتاری رق لێبوونەوە و دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە ئەنجامی ئەمەدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنەرانیان ناچار دەکەن کە ئاماژە بکەن بە هەر شتێک کە بە هۆی ژیری دەستکردەوە دروستکراوە و بڵاویان کردووەتەوە. هەروەها دەکرێت ژیری دەستکرد خۆشی بەکاربهێنرێت بۆ ئاشکراکردن و جیاکردنەوەی دەنگۆ ناڕاستەکان و وێنە و ڤیدیۆ دەستکاریکراوەکان کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ لابردنی بە شێوەیەکی خێرا.
ئامراز و داهێنراوە تەکنەلۆجییە نوێیەکان
پێشتر کۆمپیوتەر و دواتر تەلەفۆنە زیرەکەکان هۆکارێک بوون بۆ بەستنەوەی خەڵک بە ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی درێژ، بەڵام پسپۆڕان پێیانوایە لە ئێستادا و لە سەردەمی ژیری دەستکرددا رێگای نوێ و باشتر هەیە بۆ گەیشتن بە زانیاری و ئەزموونەکان.
رۆیتەرز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بڕیاروایە لە ماوەی ساڵی 2024 دا ئامێری نوێ بەرهەم بهێنرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەلەفۆنە زیرەکەکان ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری نوێ کە کارلێک بکات لەگەڵ فرمانە دەنگییەکان و جوڵەی چاو و ئاماژەکانی دەست. هەربۆیە زۆرێک لە زانایان پێیانوایە ئێمە بەرەو جیهانێکی بە کۆمپیوتەر گەمارۆدراو هەنگاو دەنێین. واتە دەتوانرێت ئامرازێکی پاڵپشتکراو بە یاریدەدەرە گریمانییەکان کە توانای ئەوەی هەبێت چارەسەری هەموو ئەوانە بکات کە بەکارهێنەرەکەی لە واقیعدا دەبینێت و گوێی لێدەبێت هەروەها دەتوانێت وەڵامی هەر پرسیارێک بداتەوە و زانیارییەکان بە زمانی جیاواز پێشکەش بکات.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی نوێدا داهێنانی نوێ دەربکەوێت لە نموونەی چاویلکەی کۆمپیوتەری و چاویلکەی گریمانەیی، 41٪ ی بەشداربووان زیاتر ئەو ئامرازانەیان لا پەسەندە کە وەڵامی دەنگی دەدەنەوە لە نموونەی بیستۆکە زیرەکەکان بەو پێیەی توانای زیاتری هەیە لە کێبڕکێکردنی مۆبایلە زیرەکەکان لە شێواز و رێگاکانی گەیاندنی خەڵک بە ئینتەرنێت، لەوێشەوە بۆ هەواڵەکان، بەڵام ئەمە کاتێکی زۆر دەخایەنێت هەتا وێنەکە روون دەبێتەوە کە وابکات ئەم ئامرازانە کاربکەنە سەر شێوازی بەکارهێنانی جەماوەر بۆ ئینتەرنێت و وەرگرتنی هەواڵ و زانیارییەکان.
ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی بەردەم میدیا و میدیاکاران
پەیمانگای رۆیتەرز راپۆرتەکەی لەوەدا پوختکردوەتەوە کە لێکەوتەکانی گەشەسەندنی بەردەوامی تەکنەلۆجیا لەسەر دەزگا راگەیاندنەکان و رۆژنامەنووسان زۆر دەرناکەوێت و روون نابێتەوە تەنها بە تێپەڕبوونی کاتی زیاتر نەبێت. هەروەک ئەوەشی خستووەتەڕوو کە قورسە پێشبینی بۆ کاریگەری ژیری دەستکرد بکرێت لەسەر شێوازی کاری میدیایی، چونکە ئەوە دەکەوێتە سەر چەند بابەتێک، لەوانە هەڵوێستی رای گشتی بەرامبەر بەم تەکنەلۆجیایە، هەروەها دەرەنجامەکانی هەوڵەکانی حکومەتەکان بۆ رێکخستنی ئەم بوارە و ئەنجامی سکاڵا یاساییەکانی پەیوەست بە مافی خاوەندارێتی کە رووبەڕووی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد بوونەتەوە.
هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکات دەزگا راگەیاندنە هەواڵییەکان ناوەڕۆکی خۆیان بنیات بنێن لە رێگەی تاقیکردنەوەی نوێ بەهۆی ژیری دەستکردەوە، لەگەڵ پشتبەستن بە شێوەیەکی بەردەوام بە دەنگ و گرتە ڤیدیۆییەکان لەسەر حسابی دەقی نووسراو. لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەن هەموو ناوەڕۆکەکان کۆ بکەنەوە و بە شێوازێک دابەشی بکەن کە لەگەڵ ویست و ئارەزووی جەماوەر بگونجێت و بتوانێت ببێتە جێگەی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە وەرگران بە جیاوازی تەمەنیانەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە بەشدارانی راپێوییەکە هیواخوازن کە ئەو زریانە چاوەڕوانکراوەی ناوەرۆک و بابەتە ناراست و بێ متمانانەی لە رێگەی ژیری دەستکردەوە بڵاو دەبنەوە لە ساڵی 2024 ببێتە هۆکاری ئەوەی دووبارە پێگەی رۆژنامەگەری و میدیا زیاتر بچەسپێت و متمانەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. لە هەمانکاتدا بەشێکی دیکەیان ترسیان لەوە هەیە کە وەرگر لەمساڵدا بە تەواوی متمانەی خۆی بە سەرجەم سەرچاوەکانی هەواڵ لە دەست بدات.