لە میدیای سورییەوە

12:31 - 2024-07-29
جیهان
189 جار خوێندراوەتەوە

ئیتاڵیا بیر لە دانانی باڵیۆز دەكاتەوە لە سوریا



رۆژنامەی (الوطن) خۆشحاڵی دەربڕیووە بە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی دیمەشق لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و عەرەبی، رۆژنامەكە راپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی (ئیتاڵیا و هەنگاوێكی دپلۆماسی بە ئاراستەی سوریا) بڵاوكردۆتەوە لەگەڵ ئاماژەكردن بە سەردانیكردنی كوێت وەك ئامادەكاریی دیمەشق بۆ دووبارە گەڕانەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئاستێكی باڵا.
رۆژنامەكە نووسیویەتی: چەند سەعاتێكی كەم تێدەپەڕێت بەسەر نامەیەكدا كە لە وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی یەكێتیی ئەوروپاوە نێردراوە و تێیدا باس لە چاوخشاندنەوە دەكەن بە پەیوەندییەكانیاندا لەگەڵ سوریا، تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیو تاجانی رایگەیاندووە «وڵاتەكەی بڕیاری داوە دووبارە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە سوریا دابنێتەوە»، هەروەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە: ئەم هەنگاوەی ئیتاڵیا هانی زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی دەدات بە سەركردایەتیی سعودیە بۆ گۆڕینی شێوازی كاركردنیان لەگەڵ دیمەشق.

هەڵبژاردن لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا


رۆژنامەی (الوحدة) نیازی ئیدارەی خۆسەری كوردی رووندەكاتەوە كە هەڵبژاردن لە ناوچەكان و لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام نەدات دوای ئەوەی بڕیاروابوو لە مانگی ئابی داهاتوودا هەڵبژاردن لەو ناوچانە ئەنجام بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە: هێشتا هیچ شتێكی رەسمی تایبەت بەو پرۆسەیە دەرنەكراوە، بەڵام هیچ ئامادەكاری و نیشانەیەكیش نییە لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن بكرێت.
رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە «ئیدارەی خۆسەری» هۆشیارە بە هەڕەشەكانی توركیا و تێدەگات لە ناڕازی بوونی ئەمریكا بەرامبەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەوەش تۆپەكە فڕێدەداتە گۆڕەپانی دیمەشق و هەڵوێستیشی بەرامبەر ئیدارەی خۆسەریی، خراپ دەبێت.
رۆژنامەكە ئاماژە بە لێدوانی مەزڵوم عەبدی سەركردەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەكات كە ئەوان دەرگایان كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان هەردوولادا.

پارێزگای دەرعا، هەفتەیەكی پڕ لە پێكدادان



رۆژنامەی «السوري» چەند ناونیشانێكی لەسەر بارودۆخی خراپی هەندێك لە پارێزگاكانی سوریا بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی:
-خۆپیشاندانی ناوەندی سوەیدە بەردەوامە  و گۆڕەپانی ئەلكەرامە ماتەمینی بۆ شەهیدەكەی دەگێڕێت.
-ناڕەزایەتی هاووڵاتیان لە (جەرامانە) سەربە لادێكانی دیمەشق، ترس هەیە كە بەردەوام بێت بەرەو پایتەخت.
- پارێزگای دەرعا، هەفتەیەكی پڕ لە پێكدادان.
بە درێژایی هەفتەكە، بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و ناڕەزایەتییەكان بەردەوامە لە گوند و شارە جیاوازەكانی سەر بەو پارێزگایانە و ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر بارودۆخی خراپی سیاسی و ئابوورییش بەردەوامە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان