چۆن چیرۆكی هونه‌ریی نوێ ده‌نووسیت؟

12:13 - 2022-06-23
ئەدەب و هونەر
77 جار خوێندراوەتەوە

(Creating Short Fiction) كتێبێكی نووسه‌ری ئه‌مریكایی (ده‌یمۆن نایت-Damon knight)ه‌  (1922-2002)،  كه‌ مامۆستای كڵاسی چیرۆكنووسین بووه‌ و وه‌رگێڕی ئێرانی (مهدی فاتحی) به‌ (داستان نویسی نوین) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه‌ و ماناكه‌شی (خوڵقاندنی كورته‌چیرۆك)ه‌. ئه‌م كتێبه‌ زۆر وانه‌ی گرنگی تێدایه‌ بۆ چیرۆكنووسان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چیرۆكی نوێ بنووسن، لێره‌ به‌دواوه‌ هه‌وڵده‌ده‌م به‌ش به‌ش ئه‌م كتێبه‌ ته‌رجه‌مه‌ بكه‌م و بڵای بكه‌مه‌وه‌. ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه‌ پێشه‌كی نووسه‌ره‌.

له‌ فارسییەوە: محەمەد کەریم

تۆ كەسێكی تایبەتی
ماوەیەك پێش ئێستا كتێبێكم خوێندەوە بە ناوی «تۆ كەسێكی تایبەتی» كە تیایدا ئاماژەی بۆ ئەو خاڵە كردبوو جیاوازییەكی زۆر لە ئەندامانی قابیلی بینینی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتردا هەیە. هەندێك لە ئێمە مێشكمان هێندەی دەنكە فاسۆلیایەك دەبێت و هەندێكیشمان مێشكمان هێندەی بتڵێكی ئاوپرژێن دەبێت. لە بەشی هێڵكاری  و وێنەكاندا وێنەی ژمارەیەكی زۆر گەدە و جگەر نیشان درابوو كە هەر هەموویان جیاواز بوون لە یەك. تەنانەت ژمارەیەكی زۆر لە ئەندام و شێوازی گۆڕانیانی بە وێنە دەستنیشانكردبوو. لە بەشەكانی دیكەدا باسی سیستمی دەماری رەش و دەماری سوور و خانەكانی خوێن و غودە لە مرۆڤدا كرابوو، دەیگوت گەلێك جیاوازی لە مێشكی مرۆڤەكاندا هەیە، جۆر و ژمارەی خانەكانی بەشێكی مێشك لە هەر كاسەی سەرێكدا جیاوازە، بە جۆرێك كە دەتوانین بڵێین مێشكی تۆ زۆر تایبەتترە لە پەنجە مۆرەكانت. ئەمە هەموو نیشاندەری ئەوەیە كە هیچ كەسێك لە سەراپای جیهاندا لە تۆ ناچێت و تۆ كەسێكی تایبەتیت.
لەناو ئەو نووسەرانەدا كە دەیانناسم، هەندێكیان عادەتیان وایە لە جێگایەكی تاریكدا وەكو كەرەڤانەیەك كە پەنجەرەكانی بۆیە كرابێت دابنیشن و دەنگی خۆیان تۆمار بكەن. هەندێكی تر كاتێك دەیانەوێت سەبارەت بە رۆمانێكی نوێ بیربكەنەوە سواری پاسێكی درێژ دەبن، گرنگ نییە پاسەكە بۆ كوێ دەچێت و كاتێك بە هەمان رێگەدا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، پلۆتی رۆمانەكەیان دادەنێن. هەندێك بۆ رۆمانێك نزیكەی سێ مانگ بیردەكەنەوە، پاشان لە ژوورێكی تایبەتدا كە لەوانەیە لە كوشكێكی تەلەفۆن بچووكتر بێت، دادەنیشن و ماوەی سی سەعات بەبێ وەستان تایپ دەكەن، دواجار كاتێك لە ژوورەكە دێنەدەرەوە، رۆمانەكەیان تەواو كردووە.
بەم پێیە تۆش دەبێت فێر بیت بە شێوازی خۆت بنووسیت، لە بێخەوە هەوڵ مەدە لاسایی شێوازی ئەوان بكەیتەوە. هەڵبەتە ناڵێم دەتوانیت هەر ئیشێك بكەیت كە حەزت لێیەتی، تۆ هێشتا ناچاریت پەیوەندیت لەگەڵ كەسانی تردا هەبێت. بەڵام بە رای من هیچ كەسێك ناتوانێت لە سەدا سەد پێت بڵێت چۆنچۆنی ئیشەكەت بكەیت. من رێساكانت فێر دەكەم بەڵام كاتێك بە تەواوی شارەزا بوویت دەتوانیت هەندێكیان بەكاربهێنیت و هەندێكیان فەرامۆش بكەیت. 
لە راستیدا توانای نووسەری یەكێك نییە، بەڵكو كۆمەڵێ توانایە، شێواز، خەیاڵ، توانای گێڕانەوە، دروستكردنی وێنە، بینای راست، ریتم و لەوانەیە كۆمەڵێك شتی تریش بێت كە كەس ناوی لێ نەناون. لەوانەیە تۆ گوێیەكی باشت هەبێت بۆ دیالۆگ، بەڵام وەسفی وێنەت لاواز بێت یان لەوانەیە پلۆتێكی لاواز بنووسیت، بەڵام گێڕانەوەت زۆر بەهێز بێت. یەكەم ئەركی تۆ ئەوەیە كە خاڵی لاواز و بەهێزی خۆت بدۆزیتەوە (هەندێك راهێنانی ئەم كتێبە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە یارمەتیت دەدات)، دەبێت لە قۆناغی دواتردا فێری ئەوە بیت كە زیاتر لەوەی دەیزانیت بیكەیت. لە بەشەكانی داهاتوودا سەبارەت بەو شارەزاییە جیاوازانەی كە نووسەرێك پێویستی پێیەتی قسە دەكەین، بەڵام دەمەوێت لە سەرەتادا سەبارەت بە چوار قۆناغ كە نووسەرێك تێیدەپەڕێنێت قسە بكەم.

چوار قۆناغی گەشەكردنی هەر نووسەرێك
1- 
تۆ بۆ خۆت دەنووسیت و چیرۆكەكانت زیاتر خەونی رۆژانەن كە بە گەلێ شێوەی جیاواز نێرگسیەتی تۆ تێر دەكەن. بەڵام ئەمانە ئەو چیرۆكانە نین كە پەیوەندی لەگەڵ كەسانی تردا دروست بكەن. (من دژی نێرگسیەت نیم، بەڵكو لەو باوەڕەدام لە حاڵەتی ئاساییدا، پێش ئەوەی كەسانی ترت خۆش بوێت دەبێت خۆتت خۆش بوێت، بەڵام بە رای من بۆ نووسەری نێرگسیەت بە تەنیا بەس نییە.)
2- لەم قۆناغەدا هەوڵدەدەیت ئاستی سەرەتایی بشكێنیت و لەگەڵ كەسانی تردا پەیوەندی دروست بكەیت، بەڵام ئەدیتۆر، چیرۆكەكانت بە هیچ بە (رەشنووسێك) دەزانێت و دەڵێت هێشتا ناتوانیت چیرۆكێكی تەواو بنووسیت، چونكە بینای كارەكتەرەكەت ناتەواوە. لەم قۆناغەدا چیرۆكەكانت لەلایەن ئەدیتۆری گۆڤارەكانەوە رەتدەكرێنەوە.
3- لەم قۆناغەدا چیرۆكی تەواو دەنووسیت یان لاساییكردنەوەت گونجاوە، بەڵام هێشتا لە رووی تەكنیكەوە كێشەت هەیە، كە ئاسایی لاوازی بینا و كارەكتەرسازییە.
4- تۆ كێشەكان چارەسەر دەكەیت و بە بەرزكردنەوەی ئاستی خۆت لە ئاستێكی پڕۆفشناڵیدا ئیش دەكەیت (بۆ ئەم قۆناغە كۆمەڵێك شت هەن، بەڵام پاش ماوەیەك كە بەسەر نووسەریتدا تێپەڕی هەست بەوە دەكەیت كە ئیتر پێویستیت بە هاوكاری كەسانی تر نییە.)
ئەو كەسانەی درەنگ دەست بە نووسین دەكەن، قۆناغی یەكەم و لە هەندێ حاڵەتدا قۆناغی دووەم بە ئاسانی دەبڕن. من پێشنیاز دەكەم هەتا سەرەتای سی ساڵی واز لەوە بێنە ببیت بە نووسەر. بەڵام لە كاتی بڕینی ئەو رێگایەدا گەلێك كێشەت دێتەڕێ، ناكامی زۆر مەسەلەی تر كە منیش وەكو تۆ هەمبووە. من نزیكەی دوانزە ساڵ لە قۆناغی چوارەمدا بووم، بەڵام باشە هەندێ كات ئەم قۆناغە دەتوانێت ماوەیەكی كەمتر یان زیاتر لە سەفەرێك بەردەوام بێت، كە هەڵبەتە پەیوەندی بە تەمەن، ئەزموون، توانا، ئامانج و چانسی تۆوە هەیە.  
بەڕای من، لە كاتێكدا سەرقاڵی فێربوونی نووسینین، لە راستیدا بەرچنەیەك لە وشە دروست دەكەین. لە سەرەتادا بەرچنەكانی ئێمە بچووكن و هەوڵنادەین شتێكی زۆری تێبكەین. بەڵام پاشان بەرچنەكان بەهێزتر و گەورەتر دەبن. كەم كەم ئێمە شتی گەورەتر و زیاتر دەكەینە ناو بەرچنەكانەوە، بەڵام دووبارە وشەكان جێگای زیاتریان دەوێت و بەرچنەكە دەشكێنن هەتا ئەو شوێنەی كە ئێمە دەگەینە گونجاندنێك لە نێوان بەرچنەكە و كوالێتییەكەیدا. پاشان ئێمە لە كاتی گۆڕاندا بە شێوەیەك مامەڵە دەكەین كە چەقێكی هاوسەنگمان بۆ دروست دەكات و تیایدا بە شێوەیەكی غەریزەیی بەكاریدەهێنین. وەكو هەموو هونەرمەندان -هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر قورسایی كێشدا- لە راستیدا بەرچنەیەك دەچنین كە بەرگەی هێشتنەوەی ئەو شتە بگرێت كە تێی دەكەین.
كاتێ تەمەنم پانزە ساڵ بوو، چیرۆكێكم نووسی كە تیایدا پیاوێكی گەنج ئامێرێكی زیراكس دروست دەكات و كۆپی خۆی دەكات. یەكەم دیمەنیم نووسی كە پێنج جار لەسەر یەك دەیگوت: «ئێمە لێرەین» پاشان ویستم بیخەمە ناو كەشتییەكی ئاسمانییەوە بۆ ئەوەی رەفتاری سەركێشانە بكات. بەڵام شتێكی گونجاوم بە خەیاڵدا نەهات و چیرۆكەكە قەت تەواو نەبوو، چونكە من لە قۆناغی یەكەمی نووسەری واتە «خەونی نێرگسییەت»دا بووم. لە راستیدا لەوانەیە لاوێكی نێرگسی بووبێتم كە تەنیا دەمەویست لەگەڵ كەسێكدا قسە بكەم.
دوو ساڵ دوای ئەوە، دوای چەندین هەڵە توانیم چیرۆكەكەم تەواو بكەم، لەسەر دوولاپەڕەی گەورە كە هەردوولای پڕ ببۆوە نووسیم. چیرۆكەكە دەربارەی خێرایی مردن بوو لە مەریخ، كە وردە وردە لە مێشكمدا گۆڕا بە خەیاڵ و شتێكی لە بابەتی كۆمپیوتەر كە لە شوێنی یادگاری مەریخییەكان دانرابوو. لە راستیدا وەكو تەڵەیەك وابوو كەشتیوانانی ئاسمانی بەرەو لای خۆی رادەكێشا. سەبارەت بەو یادگارییە بوو كە بەدیاندەهێنا بۆ ئەوەی خێرایی مردن لە مەریخ بدۆزنەوە. بەڵام راستی ئەوە بوو كە مەریخییەكان چەندین جار بە شێوەی جیاواز دەژیان. لە كۆتایی چیرۆكەكەدا ئەوە ئاشكرا بوو كە مەریخییەكان شەش پێیان هەبوو، بەڵام كەشتیوانان لەلای یادگارییەكانەوە چوار پێ زیاتریان نەدەدۆزییەوە، بەم پێیە نەیاندەتوانی بەدەنیان كۆنترۆڵ بكەن، هەربۆیە خۆیان وەكو شێوەی مرۆڤ لێدەكرد.
پێم وایە ئەم كۆتاییە، زۆر تەنزئامێز و توانجئامێز بوو. ئەوەی دیارە ئەوەیە كە چیرۆكێكی كۆن و خراپ و سادە و پلە دوو بوو، كە تەنیا سەرەتا و كۆتایی هەبوو، بەڵام ناوەڕاستی نەبوو.
كاتێ نۆزدە یان بیست ساڵ بووم، چیرۆكی زۆری لەو شێوەیەم دەنووسی. یەكێك لەوانە بە ناوی «رەشاییەكەی دەرەوە» بوو كە تیایدا ئەستێرەكان لە جیاتی گڵۆپ، شەقامەكانیان رووناك كردبۆوە. دڵنیام كە دەتوانیت كۆتایی ئەوە بهێنیتە بەرچاوت. لە راسیتدا ئەم چیرۆكە لاساییكردنەوەیەكی ناشیانەی ئەو بیرۆكەیە بوو كە پێشان «كلارك» زۆر بە جوانی لە چیرۆكی «نەوەد ملیار ناوی خودا»دا نووسیبووی. لەو زەمانەدا چیرۆكێكم نووسی دەربارەی ئەو توێژەرانەی كە خۆیان بەڕادەیەك بچووككردبۆوە تەنیا لە رێگەی میكرۆسكۆبەوە دەبینران و ئەو كێشانەی لەم پێناوەدا بۆیان دروست ببوو. لە راستیدا رێزگرتنێك بوو لەو توێژەرانەی كە بۆ یارمەتیدانی زانست ئیشیان دەكرد. بەڵام ئەم چیرۆكە بۆ من شكستێك بوو، چیرۆكێكی ئاسایی بوو كە تەنانەت لە چیرۆكی قۆناغی سێیەمیش درێژتر بوو. 
ئەوەی لەم قۆناغەدا بەسەر من هات شتێك بوو كە بەسەر زۆربەی نووسەرانی گەنج دێت. نووسەرانی گەنج لە سەرەتادا هەوڵدەدەن چیرۆكی پلۆت ئاڵۆز بنووسن و كارەكتەرسازیی بە ئیشێكی قورس دەزانن، لە ئەنجامدا تەنانەت پلۆتیش باش بووە (كە بە دەگمەن روودەدات) دیسان چیرۆكێكی سەركەوتوو نابێت، چونكە كارەكتەرەكان گەمەی مناڵانن و كەس چاودێریی رەفتاریان ناكات.
یەكەم چیرۆك كە من لە قۆناغی چوارەمدا نووسیم «بە یەك دەسرێژ نا» بوو كە لە ساڵی 1950 دا بڵاوبۆوە و كۆتاییەكی هەڵخەڵەتێنەری هەبوو، بەڵام چیرۆكێكی خراپ نەبوو، چونكە من كارەكتەرەكەم دەناسی و خۆشم دەویست. لەم چیرۆكەدا لە دیدارێكدا كە ژن و پیاوێك لە رێستورانێكدا هەیانە بڕیار دەدرێت جەنگی ئەتۆمی رووبدات، كە تیایدا هەموو مرۆڤەكان لەناو دەچوون. پیاوەكە، كارەكتەرێكی ناڕەسەن بوو كە تۆزێك دەشەلی و بەدەست نەخۆشییەكی قورسەوە ئازاری دەچێشت كە لە كۆتایی چیرۆكەكەدا بووە هۆی ئیفلیجبوونی دەست و پێی. هەر بۆیە ژنێك چاوێری دەكرد كە دوای ئیفلیجبوونی ئیتر ئامادە نەبوو چاودێری بكات. ژنەكە خۆشی كێشەی تایبەتی دەروونی هەبوو تەنیا كەسێك بوو كە ئامادەبوو لەگەڵیدا بژی. سەرەنجام  پیاوەكە نەیتوانی قەناعەت بە ژنەكە بكات لەگەڵی بمێنێتەوە، كاتێ پیاوەكە كەوتبوو نەیدەتوانی لە شوێنی خۆی هەڵسێت ژنەكە بەجێی هێشت.

سەرچاوە: داستان نویسی نوین ص 22-26 

بابەتە پەیوەندیدارەکان