هێمن ئەحمەد
بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، كاری هێڵكاریی شەقام و هێڵی پەڕینەوە لە دووساید و سێڕیانی برایەتی لە گەڕەكی رەحیماوا تا پردی شەهید عەلی عەسكەری، دەستیپێكردووە و بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا هێڵكاری بۆ چەند شەقامێكی تری شارەكە دەستپێبكەن، كە ئامانج لێی جوانكردن و رێكخستنی هاتوچۆیە لە شارەكەدا.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: تیمەكانی ئەندازەی شارەوانی بەردەوامن لە هێڵكاری و نۆژەنكردنەوەی گشت شەقام و شۆستەكانی كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژ داهاتوودا دەست بە كاری نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی نەخۆشخانەی ئازادی تا پردی سێ، دەكەین و دواتر شەقامەكانی گەڕەكی پەنجاعەلی و دروستكردنی هێڵی پاسكیلسواری لەو شەقامانە بەبێ دواكەوتن دەستپێدەكرێت.
سەبارەت بە نەمامچاندن لەنێو شۆستەكان، بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، رایگەیاند: لە مانگی 10ی ئەمساڵدا پرۆژەیەكی گەورەی سەوزكردنی كەركوك لە بەرنامەماندایە.