راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد-هەولێر
ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی بوونی دەیان پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆنێكی ناخۆشی هاوشێوەی غاز لەناو سەنتەری شار بڵاودەبێتەوە، بۆنەکە تاڕادەیەك لە وەرزی زستاندا بەهۆی داخستنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكان كاریگەریی كەمە، بەڵام كاتێك وەرزی هاوین و گەرما دێت و هاووڵاتیان موبەریدە و ئامێرەکانی دیکە فێنک کردنەوە بەكاردەهێنن ئەو بۆنە غازە راستەوخۆ دەچێتە ناو ماڵەکان و هاووڵاتیانی هەراسان کردووە.
شیلان عەزیز ژنێكی دانیشتووی گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێرە دەڵێت: هەر مانگێک ئێمە دەبێت هەفتەیەك زیاتر ئەو بۆنە ناخۆشە لە ماڵەكانماندا بۆن بكەین كە وەك غاز وایە، نازانین هۆكارەكەی چییە تەنیا ئەوەی بیستوومە دەڵێن، هی پاڵاوگەكانی نەوتە كە بۆنەكەی زۆر بێزاركەرە و مەترسی لەسەر تەندروستیمان هەیە.
وتیشی: لە وەرزی زستاندا كێشەمان لەگەڵ ئەو بۆنەدا كەمە، بەڵام كاتێك وەرزی هاوین دێت بەهۆی كردنەوەی دەرگا و بەكارهێنانی ئامێری فێنككەرەوە كە لەسەربانی ماڵەكان دانراون هەموو بۆنەكە لەگەڵ هەوای موبەریدە دێتە ژوورەوە، ناچار دەبین ئامێرەكە بكوژێنینەوە و بەو گەرمایە بەبێ فێنككەرەوە لەماڵەوە بژین، بۆیە داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەكەم چارەسەرێكی ئەو دیاردە خراپە بكات، چونكە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە.
پاڵاوگە نایاساییەکان لە شاری هەولێر، دەکەونە سەر رێگەی مەخمور و گوێر لە نزیك قوشتەپە، زیاتر بە شەوان کاردەکەن.
نافیز ناوپردانی:
پاڵاوگە نایاساییەکان هیچ ستانداردێكی ژینگەییان نییە و سەرجەمیان بەبێ مۆڵەت كاردەكەن
دڵشاد حسێن:
زیانەكانی بۆنەكە بۆ سەر ژینگەی شارەكە زۆرە لەبەرئەوەی مادەی CO2 و نایترۆجینی زۆرە
سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەکە
دڵشاد حسێن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی رابردودا ژمارەیەک لە پاڵاوگە نایاساییەکانمان داخست و پێمان وتن کە نابێت بەو شێوازە کاربکەن، بەڵام پاش ماوەیەک دەستیان بە کارکردن کردەوە.
تەنیا پاڵاوگەكانی نزیك هەولێر نین کە بۆنی ناخۆش دروست دەکەن، بەڵكو پاڵاوگەكانی شاری كەركوك و موسڵ و وڵاتی سوریاش بۆنیان بەهۆی بایەكانەوە دێتە هەولێر.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت: هۆكاری دروستبوونی بۆنەكە بۆ دانەنانی فلتەر لەسەر لوولەی پاڵاوگەكان دەگەڕێتەوە.
دانانی فلتەر دەبێتە هۆی زیاتر سەرفکردن نەوت لەکاتی کارکردندا، لەبەرئەوە خاوەنی پاڵاوگەکان بۆئەوەی تێچوویان کەمتر بێت فلتەر دانانێن.
دڵشاد حسێن دەڵێت: زیانەكانی بۆنەكە بۆ سەر ژینگەی شارەكە زۆرە، چونكە مادەی CO2 و نایترۆجینی زۆرە.
نەبوونی ستانداردی ژینگەیی
هاوکات نافیز ناوپردانی ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: پاڵاوگە نایاساییەکان هیچ ستانداردێكی ژینگەییان تێدا نییە، لەچەند ئامێرێكی سادە دروستكراون و سەرجەمیان بەبێ مۆڵەت كاردەكەن، هیچ مەرجێكی ژینگەییشیان تێدانییە، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك كاربكەن، لەساڵانی 2014 و 2015 کە لە ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەکاربووین یەكەم كارمان ئەوەبوو سەردانی زۆربەی پاڵاوگەكانمان كرد و بینیمان هیچ مەرجێکی ژینگەییان تێدا نییە.
ئەو دوكەڵ و پاشەڕۆیانەی لە ئەنجامی کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان دروست دەبێت تێکەڵ بە ژینگە دەبنەوە.
نافیز ناوپردانی دەڵێت: پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر ماوەیەك لە ساڵەكانی 2016 و 2017 داخران دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش هاتنە سەر خەت و نووسراوێكیان كرد کە سەرجەم پاڵاوگەکان تێک بدرێن، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەو پاڵاوگانە كارەساتن و دوژمنی خەڵك و ژینگەن.
زیانە تەندروستییەکان
بەرەبەیان كاتێك لە دەرەوە بەرەو هەولێر دەچیت تەمێكی رەش لەسەر ئاسمانی شارەكە دەبینیت، کە ئێستا لەوە دەرچووە تەنها بە بینین بێت، بەڵکو بەشێوەی بۆنی ناخۆشیش بڵاوبۆتەوە کە ئاماژەیە بۆ پیسبوونی تەواوی ژینگەی شارەکە.
ئازاد مەنتک پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ لە شاری هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: پیسبوونی ژینگە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستی تاك و كۆمەڵگە هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و ژینگە بپارێزن.
وتیشی: زیانەكانی پیسبوونی ژینگە لەسەر مرۆڤ زۆرن و راستەوخۆ كاردانەوەی لەسەر كۆئەندامی بەرگری لەش دەبێت و لاوازی دەكات، هەروەها توانای خوێن بۆ هەڵگرتنی ئۆكسجین كەم دەكاتەوە و خوێنی پیس لەناو لەشدا زیاد دەكات بەمەش ئەگەری نەخۆشییەكان لەناو جەستە زیاتر دەكات و ماندوبوونی ئەندامەكانی جەستەش زیاد دەكات، ئەمانەش دەبنە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەكانی جەڵتەی دڵ و شێرپەنجەی سییەکان و چەندین نەخۆشی دیکە.