دیاری نامیق زەنگەنە
مێژووی دوورو نزیکی گەلی کورد بە تایبەت لە باشووری کوردستاندا پڕە لە ململانێی سیاسی و چەکداریی و بەردەوام، بەریەککەوتنی توندو خوێناوی هەبووە لەگەڵ نەیار و دوژمنانی ئەم نەتەوە دێرینەی چیاکانی زاگرۆس و نێوان دوو رووباردا. سەرجەم ناوچەکانی خاکی کوردستان بێبەش نەبوون لە خەبات و قوربانی دان و رووبەڕووی هەموو جۆرە ئازار و ماڵوێرانی سوتماکی و ئاوارەیی و لێقەومان بوونەتەوە، لەم نێوەندەشدا بە هۆکاری هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە و هێڵی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەو بەرەنگاری دوژمنان لە عیراقی عەرەبیدا، ناوچەی گەرمیان بە درێژایی مێژوو، گەرمترین ناوچەی ململانێی سیاسیی و چەکداری بووە لەمەڕ پرسی خاک و نەتەوەدا، بەو پێیەی پێشتر، دەسەڵاتی ئیداریی و سیاسی باڵادەست لە عیراقدا هەمیشە عەرەبی شۆڤێنی خۆسەپێنی دوور لە سیستمی دیموکراسی و ناپابەند بە پەیڕەوی بنەماکانی مافی مرۆڤ و باوەڕ نەبوون بە جیاوازی نەتەوەیی و مافی ئەوانی تر بووە، بۆیە هەمیشە دوو بەرە لە ئاستی جیاوازی نەتەوەیی ناوچەکەدا لە ململانێدا بوون و تا ئەوپەڕی توندوتیژی بەرەی عەرەبی دەسەڵاتدار و ئەوپەڕی بەرگری لە ماف و خاک و نەتەوەو نیشتیمانی کورد کە کوردستانە لە ئارادا بووە. ئەمەش وایکردووە زۆرترین سەختی و ئازارچەشتن و قوربانی بکەوێتە ناوچەی هێڵی یەکەمی ئەم ململانێیە لە بەشێکی خاکی کوردستاندا کە گەرمیانە و لەم نێوانەشدا بەدرێژایی 100ساڵی رابردوو گوندی سپی سەر و خاک و خەڵکەکەی پشکی شێریان بەرکەوتووە.
گوندی سپی سەر 25 شەهیدی سەربەرزی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و 84 شەهیدی جینۆسایدی ئەنفالی بەخشیووە بە خاکی کوردستان کە بۆ هەمیشە وەک ئەستێرە لە ئاسمانی پرشنگداری پڕ شکۆمەندی ئاسمانی شۆڕشگێری کوردستاندا دەگەشێنەوە
گوندی سپی سەر
گوندی سپی سەر لەڕووی جوگرافییەوە لە باکووری خۆرهەڵاتەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندی مەلائۆمەر و لە باکوورەوە گوندی تیلەکۆی ئەحمەد ئاغا و لە خۆرئاواوە گوندی حەسەن پرچن و لە باشوورەوە گوندی بەکرە گەڕەیە. بە دووری 145 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری سلێمانی و هەروەها لە باشوورەوە نزیکەی 87 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە دوورەو بە 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی کفرییەوە. لە سەردەمی عوسمانی و لەژێر چەتری سەرکردایەتی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحمودی نەمر)دا و بە سەرپەرشتی (عەبدولکەریم ئاغای زەنگەنە) دوو لە هەرە پیاوە ئازاو شۆڕشگێر و جوامێرەکانی گوندی سپی سەر بەشداریان لە شەڕی (شوعەیبە) دا کردووە لەنێو سوپای عوسمانیدا دژی هێزەکانی ئینگلیز و رۆڵێکی زۆر بەرچاویان هەبووە کە ئەوانیش (کوێخا عەلی عەبدولڕەحمان و محەمەد ساڵەح بابا) بوون. جارێکی تر لە شەڕی ئاوباریکدا بە سەرۆکایەتی (شێخ مەحمودی حەفید) (ئەحمەد کوێخا عەلی) لەگەڵ هێزەکانی عەشیرەتی زەنگەنە بەشداری دەکات و زۆر ئازاو جوامێر بووە. هەروەها (عەزیز ساڵەح) باپیری شەهید(مام ساڵەح سەید مرادی) رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە گەیاندنی نامە و پەیامەکانی نێوان (شێخ مەحمود) و (عەبدولکەریم ئاغای زەنگەنە) و توانیویەتی چەند پارچە چەکێکیش بگەیەنێتە هێزەکەی (شێخی نەمر).
بەشدارییکردن لە شۆڕشی کوردا
پاش دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان، خەڵکی سپی سەر بێبەش نەبوون لە خەباتی کوردایەتی و بەو هۆیەشەوە بنکەی خوڕخوڕی هێزی پێشمەرگەی ئەیلول لە سپی سەر لانکەی شۆڕش بووە. هەروەها دوو لاوی خوێن گەرم و کوردپەروەر بە ناوەکانی (فارس سەعید) کادری حزبی شیوعی کوردستان و (کەرەم مەحمود) کادری پارتی دیموکراتی کوردستان لەساڵی (1960)وە لە بەعقوبە زیندانی دەکرێن تا ساڵی (1962) ئازاد دەکرێن. لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلولیشدا، لاوانی سپی سەر رۆڵێکی بەرچاویان بینیوەو چەندین پێشمەرگە چەکی پێشمەرگایەتییان بۆ پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستان کردە شان، لەوانەش: (کاکەخان ڕەشید) و (فارس عەزیز) و (عەبدوڵا مەحمود). دواتریش سێ کوڕی قارەمانی سپی سەر بە خوێنی خۆیان ئاڵای کوردستانیان نەخشاند کە ئەوانیش شەهیدان (سالار حسین ئەسعەد) و (عەلی محەمەد سەعید) بوون، دواتریش لە ساڵی 1974 شەهید (کاکەخان ڕەشید) لە باڵی مەکتەبی سیاسی شەهید دەبێت.
بەشدارییان لە شۆڕشی نوێدا
لە شۆڕشی نوێدا بەسەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کاتێک شەهید خالید گەرمیانی و هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی لە ساڵی 1977 وەکو مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕش دێنە سپی سەر، (قادر ئەحمەد) دوو کڵاشینکۆفی مزەلی پێشکەش بەو دوو سەرکردەیە دەکات و پێشکەشی شۆڕش و هێزی پێشمەرگەی دەکات. دواتریش لاوان و گەنجانی سپی سەر بوونە سەرمەشقی ئازایەتی و مەردایەتی لە نەبەردیی و شەڕی مان و نەمان دا و پۆلێک سەرکردەی ئازای بێوێنە کە لە تەواوی کوردستاندا ناوبانگیان دەرکربوو تەواوی کوردستانیان کردبووە گۆڕستانی دوژمن لەوانەی بە خوێنی خۆیان خاکی کوردستانیان پاراست، شەهیدانی سەرکردە (محەمەد زەنگەنە) و (خالید گەرمیانی) و (مام ساڵەح سەیدمرادی) و شەهید (شکور عەبدولڕەحمان) و (ئیسماعیل بیکەیسی) و (عوسمان خەلیفە عەلی) و (عوسمان ئەحمەد) و (محەمەد عەریف حەمید) و (تالیب مەجید حەمید) بوون، جگە لەوەی چەندین پیاوی نەبەرد و خۆڕاگر لە زیندانەکانی بەعسدا سەریان نەوی نەکرد بۆ دوژمن لەوانە: (ئیبراهیم محەمەد) و (کاکەبرا ئەحمەد) و (عەلی عەریف حەمید) و هەروەها دوای نەبەردییەکەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفریی و گرتنی کوڕی قایمقام و گۆرینەوەی لەگەڵ شەهید عوسمانی خەلیفە عەلی کە زیندانیی بوو لای بەعس، کەسوکاری شەهید خالید لە گوندی تلیشان دەستگیر دەکەن، هەروەها کەسوکاری شەهید عوسمانیش، لە کۆکز دەستگیر دەکرێن و دەبرێن بۆ ئەمنی کفری و دوای یەک مانگ کەسوکاری شەهید خالید و دوای سێ مانگ کەسوکاری شەهید عوسمان ئازاد دەکرێن . لەلایەکی تریشەوە چەندین پێشمەرگەی دێرینی ماندوونەناس و خۆڕاگر کە تا ئێستاش بەردەوامن لە خەبات لەوانە: (مامۆستا عادل محەمەد تەنەکەچی) و (ئازاد محەمەد تەنەکەچی) و (فایەق حەسەن ئەسعەد)ن.
گۆڕستانی سپی سەر شاهیدە کە چەندین پیاوی قارەمان و دوژمن بەزێن و بەجەرگ لەریزەکانی حزبی شیوعی کوردستاندا، گیانی خۆیان بەختکرد بۆ پاراستنی شکۆی خاک و نیشتیمان، جگە لە خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی زۆرترین گەنج و لاو و پیاوی جەربەزەی سپی سەر لەڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعیدا خەباتی چەکداری و گیان فیداییان دەست پێکرد و بەخوێنی خۆیان مەدالیای شەرەفی شەهید بوونیان بۆ کەسوکار و گوندو وڵاتەکەیان بەجێهێشت، لەوانە: شەهیدانی داستانی کەم وێنەی بۆرۆزێن لە ساڵی1981 (عەبدولعەزیز مەلا ساڵەح) و (عەبدولمەجید مەلا ساڵەح) و (جیهان ڕەشید محەمەد) و (ساڵەح غەفور ئەمین) و (یاسین عەزیز کەریم) و (قادر ئەحمەد عەزیز) و شەهیدانی داستانی کفری (ئەحمەد ڕەحیم حەسەن) و (حسین ڕەحیم حەسەن) و (سەروەت ئەحمەد رەحیم) هەروەها شەهیدان (مەلا ساڵەح وەهاب) و (حەمە ئەمین وەهاب) و (کەریم حەمە ئەمین وەهاب) و( ئیبراهیم حەمە ئەمین وەهاب).
قوربانییدانی بۆ شۆڕشی کورد
ماوەتەوە بڵیین گوندی سپی سەر 25 شەهیدی سەربەرزی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و 84 شەهیدی جینۆسایدی ئەنفالی بەخشیووە بە خاکی کوردستان کە بۆ هەمیشە وەک ئەستێرە لە ئاسمانی پرشنگداری پڕ شکۆمەندی ئاسمانی شۆڕشگێری کوردستاندا دەگەشێنەوە. جگە لەم هەموو قوربانییە، گوندی خۆڕاگری سپی سەر، دوو جار لەلایەن رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕەوە سووتاوەو خەڵکە سەربەرزەکەی ئاوارە و دەربەدەر کراون، جاری یەکەم لە ساڵی 1965 لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) دا حەرەس قەومی و سووپای عیراق هێرشیان کردە سەر گوندەکە و پاش 3 رۆژ شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی شەهید (کامیل مەلاوەیسی) و سوپای عیراق لە ناوچەی زالواو لە نێوان گوندی (حەسەن پرچن) و سپی سەر، حەرەس قەومییەکان گوندەکەیان سووتاند و خەڵکەکەش هەڵاتن بەرەو هەردەی سیارە و بانەیبان و تاریکەسان و زیانێکی زۆری ماددی بەر گوندەکە کەوت و یەک پێشمەرگەش شەهید بوو بەناوی (فەقێ حەمید) کە خەڵکی گوندی گۆلباخ بوو.
هەروەها ساڵی 1988 لە سەردەمی (سەدام حسین)دا شاڵاوەکانی ئەنفال دا بۆ جاری دووەم سوپای عیراق و جاش پەلاماری گوندەکەیان داو جگە لە ئەنفالکردن و تاڵانکردنی مەڕوماڵات و ماڵی هاووڵاتیان، پاشان گوندەکەیان سوتاندو خاپوریان کرد و خەڵکەکەیان راگواست بەرەو ئۆردوگاکانی شۆڕش لە چەمچەماڵ و رزگاری لە کەلار. هەموو ئەمانە شۆڕشگێریی و خۆڕاگریی و خەباتی پڕ لە دڵسۆزی گوندنشین و خەڵکی سپی سەر نیشان دەدات، کە هیچ کات سەریان شۆڕ نەکردووە بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان و بەوپەڕی ئازایەتییەوە خەباتیان بۆ ئازادی کوردستان و گەلەکەی کردووە.