خەسرەو گورون
117
لە دوو ژماری پێشووی ئەم باسانەمدا، تیشكم خستە سەر یەكەم و دووەم یارییمان لە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، لەم قۆناغەی یارییەكاندا تیپی هەشت یانە بەشدارییان كرد كە یەكەم و دووەمی چوار گروپی هەرچوار ناوچەكەی عیراق (باكوور و باشوور و ناوەڕاست و بەغدا) بوون، ئەم هەشت تیپەش بەمشێوەیە بەسەر دوو گروپدا دابەشكرابوون:
لەگەڵ ئەو بارودۆخە خراپەی تیپەكە و خراپیی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەو سەردەمەدا، بەڵام ئەنجامێكی باشمان تۆماركرد
*گ1: سەلامی شاری بەغدا، ئەمانەی بەغدا، سلێمانی، ناسرییە.
*گ2: موسڵ، دیوانییە، سەڵاحەدین، كوت.
رۆژی 8/8/1991 یەكەم یارییمان لەگەڵ یانەی ناسرییە بوو، یارییەكەش بە یەكسان بوونی هەردوولامان 2-2 كۆتاییهات، رۆژی 10/8/1991 دووەم یارییمان بەرامبەر یانەی ئەمانەی بەغدا بوو، یارییەكە 3-2 بە بردنەوەی یانەی ئەمانە كۆتاییهات، وا ئەمجارە باسی سێیەم یارییمان دەكەم كە لەگەڵ تیپی یانەی ئەلسەلامی شاری بەغدا بوو.
یارییەكە لە یاریگای یانەی كەرخ كرا، سەعات 5:45 دەستیپێكرد و كاتەكەشی زۆر گەرم بوو، هاندەرانێكی زۆر كەمی یانەی ئەلسەلام لە سەیری یارییەكە بوون، (عەبد عالی خزەیر، عەبــــاس عوبێد و یــــــاس خزەیەر) ناوبژیوانانی یارییەكە بوون كە لە شاری نەجەفەوە هاتبوون، یانەی ئەلسەلام بەدرێسی سپی و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سوورەوە یاریمان كرد، سەرۆكی وەفدمان كاك سەعدی غەریب بوو كە خۆبەخشانە هاتبوو، راهێنەرانیشمان عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون.
لەم یارییەدا دەبوو ئێمە یارییەكە ببەینەوە ئەوسا دەگەیشتینە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق، بەڵام تیپی یانەی ئەلسەلام بە یەكسان بوونیش دەگەیشتنە ئەو خولە، بە پلانی 5-3-2 یاریمان كرد، پێكهاتەی سەرەكیمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: ئارام عەبدولكەریم.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئامانجی سەید برایم، فەرەیدون ساڵح-نێرە، نەوزاد مستەفا، كاژاو كەمال.
*ناوەند: ئاسۆ قەلە، ئالان قادر، جەعفەر تۆفیق.
*هێرشــــبەر: حەمــەی كەریـــم و بەختیار رەشید.
هـــەردوو راهێنـــەریش ئــــــــــەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* هادی كەریم بۆ شوێنی كاژاو.
*سەڵاحی شێخ ئەمین بۆ شوێنی جەعفەر.
*ئاسۆ نوری بۆ شوێنی بەختیار.
*هەریەك لە یاسین و عەتا و كاوە غەریب و رزگار عەلی یاریزانانی یەدەگی ئێمەبوون، یارییەكەش لە كۆتاییدا هیچ كاممان نەمانتوانی گۆڵ بكەین و بە یەكسانبوونی هەردوولامان 0 - 0 كۆتاییهات.
بەم یارییەش، یارییەكانمان لەم خولەدا كۆتاییهات و نەمانتوانی بۆ خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق سەربكەوین، بەڵام ئەوەی بەگشتی وەك سەروەرییەك بۆ ئێمەی یاریزانان و تیپی یانەی سلێمانی مایەوە ئەوەبوو لەگەڵ ئەو بارودۆخە خراپەی تیپەكە و خراپی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەو سەردەمەدا، بەڵام ئەنجامێكی باشمان تۆماركرد، مێژوویەكی باشمان بۆ وەرزشی سلێمانی بەگشتی و یانەی سلێمانی بە تایبەتی نووسییەوە، ئەگەر بهاتایە ئەو بارو دۆخە خراپانە نەبوونایە، بە مسۆگەریی بۆ خولی پلە یەكی عیراق سەردەكەوتین.