ستادیۆم
تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ئەمساڵ لە خولی نایابی یانەكانی عیراقدا بەشداریكرد و چەند هەنگاوی باشی نا بۆ گەیشتن بە خولی ئەستێرەكانی یانەكانی عیراق، بەڵام لە دوا وێستگەدا ئەمساڵیش ئەم ئاواتەی نەهاتە دی و نەیتوانی ئەم خولە تێپەڕێنێت و بگاتە خولی ئەستێرەكانی یانەكانی عیراق.
وەك ئاگادارین كە ئیدارەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هیچ كەمتەرخەمییەكی نەكرد لە خزمەتكردنی تیپەكە و دابینكردنی پێداویستییەكانی تیپەكەدا، بەڵام ئەوەی كەوتە سەر شانی تیپەكە، یاریزانەكان و تیمی راهێنەریی نەیانتوانی خواستی ئیدارە و هاندەرانی یانەكە بهێننە دی.
وەك ئاگادارین لە قۆناغی گروپەكانی خولی نایابەوە بە دووەمی گەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، بەڵام یاریزانان و تیمی راهێنەری ئەركی خۆیان لەم قۆناغەدا لە خۆیان ئاڵۆز كرد بەوەی كاتێك لە هەفتەی یەكەمی یارییەكاندا و لە نێو یاریگا و هاندەرانیدا 0-1 بە ئیتیساڵات دۆڕا، لە یارییەكی ئاسانتریشدا هەر لەیاریگای خۆیدا 2-2 لەگەڵ مەسافی یەكسان بوو، ئەم یەكسان بوونەش چووە پاڵ دۆڕاندنی یەكەم یاریی ئەم قۆناغە، لەدەستدانی ئەم 5 خاڵە، وایكرد تیپەكە بكەوێتە گێژاوێكی سەختەوە بۆ سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق.
ئیتر دوای ئەمە ئەركە قورسەكە دەستیپێكرد، یارییەكی تری لە قۆناغی (پلەی ئۆف و پلەی ئندا) بەرامبەر رومادی كرد، ئەم یارییەی بردەوە، دووەم یاریشی كە یارییە چارەنوسسازەكەبوو بەرامبەر یانەی ئەلقاسم كردی، ئەم یارییە رۆژی چوار شەممە 24 ی ئەم مانگە كرا، لەم وێستگە گرنگەدا یاریزانان و تیمی راهێنەریی یانەی پێشمەرگە نەیانتوانی لەئاستی لێپرسراوێتیدابن و خۆیان بگەیەننە خولی ئەستێرەكانی عیراق و 1-2 یارییەكەیان بەقاسم دۆڕاند.
ئەوەی سەیرێكی یارییەكەی كردبێت بۆی دەردەكەوێت، بە پلەی یەكەم تیپەكە و یاریزانان و تیمی راهێنەریی بەرپرسیاری یەكەمی شكستەكەن، بەوەی بەرگرییەكی باشیان نەكرد، گۆڵپارێزی پێشمەرگە بەرپرسیار بوو لە گۆڵەكان، بەتایبەتیش گۆڵی دووەم.
هەرلە پەراوێزی خراپی تیپەكەدا، پاش ئەوەی گۆڵی یەكەم دەكەن و 1-0 پێشدەكەون، چەند هەلێكی ئاسانی گۆڵكردن لە لایەن هێرشبەرانی پێشمەرگەوە فەوتێنران، كە دەبوو گۆڵەكانیان بۆ دوو گۆڵ و زیاتریش زیاد بكردایە، بەڵام ئەوەیان نەكرد و دواتر ئەلقاسم تۆڵەی لێكردنەوە و گۆڵی یەكسان بوون و بردنەوەشیان لێكردن.
لەمانەش گرنگتر ئەوەبوو توانای جەستەیی یاریزانەكان لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بەئاست و یاریزان و ئامادە باشیی بۆ ئەم یارییە ئەلقاسم لە پێشمەرگە باشتر نەبوو، لە تیپێكی ئەستێرەكانی عراقیش نەدەچوو، لەتیپێك دەچوو لەئاستی خوارتری پێشمەرگەوە بێت نەك لە خولی ئەستێرەكانی عیراقەوە هاتبێت، بەڵام ئەنجام بۆ ئەوان بوو توانیان بگەنەوە خولی ئەستێرەكانی عیراق و پێشمەرگەش بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك بێ هیوا دەبێت و لەخولی نایابدا مایەوە.