قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەندەرز ویبێرگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عیراق و مارتن وار، کونسوڵی گشتیی پێشووتری بەریتانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عیراق کە رۆژی سێشەمە بەڕێوەچوو، دواپێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یەکێتی ئەوروپا تاوتوێکران.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی هەماهەنگی کردنی زیاتر کرا لەپرسی پەرەپێدانی سێکتەرە جیاجیاکان و ئەندەرز ویبێرگ، ئامادەیی یەکێتی ئەوروپای دەربڕی لەڕووی تەکنیکییەوە هاوکاری هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوک کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە و داواشیکرد یەکێتی ئەوروپا بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.
بەرپرسی نوێنەرایەتی راوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عیراق، بە گرنگییەوە باسی لەم دەستپێشخەرییەی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ تواناسازی گەنجان دەربڕی و ئامادەیی یەکێتی ئەوروپاشی دووپات کردەوە بۆ هاوکاریکردن لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا.
هەردوولاش هاوڕابوون کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەپێدانی ئابووری شارۆچکە و ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان.
لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لەگەڵ کونسوڵی پێشووتر و کونسوڵی گشتیی ئیستای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆ و هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی رێکخستنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەردوولا گەشبینین کە بە تایبەتی کێشەی بودجە و مووچە بە شێوەیەکی یەکجاری و ریشەیی چارەسەر بکەین.