تەها عەبدوڵڵا
بەپێی لێدوانێكی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، «لە داهاتوویەكی نزیكدا، حكومەتی فیدراڵ هەڵمەتێك بۆ دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر خوێندنگە، رادەگەیەنێت»، ئاماژە بەوەش دەكات كە عیراق چەندین ساڵی پێویستە تا كێشەی نەبوونی باڵەخانەی خوێندن چارەسەربكات. وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمیش دەڵێت: هەرێمی كوردستان لە قەرزی دەرەكی بۆ دروستكردنی خوێندنگە بێبەشكراوە.
سروە محەمەد ئەندامی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: بەئامانجی چارەسەركردنی گرفتی نەبوونی باڵەخانەی خوێندن لە عیراقدا، حكومەتی فیدراڵ هەڵمەتی دروستكردنی خوێندنگە دەستپێدەكات و هەڵمەتەكەش بە چوار هەنگاو دەبێت، كە هەنگاوی یەكەم لەڕێگەی قەرزی «وڵاتی چین»ەوە دەبێت، كە دەبوو هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، هەروەها حكومەتی عیراق لەڕێگەی بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان، خوێندنگە لە ناوچە جیاوازەكاندا دروستدەكات.
راشیگەیاند: تائێستا نەتوانراوە خوێندنگە بەگوێرەی پێویستیی ساڵانە دروست بكرێت، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە عیراق پێویستی بە چەندین ساڵ هەیە تا گرفتی خوێندنگە نەمێنێت.
هەر سەبارەت بەو باسە، سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی وت: بەهۆی قەیرانی دارایی و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا نەتوانراوە وەك پێویست خوێندنگە لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێت، ئەوەی هەبووە وەزارەتی پەروەردە لەسەر بودجەی خۆی و بەهاوكاریی رێكخراوەكان و خێرخوازان ژمارەیەك خوێندنگە دروستكراون یان نۆژەنكراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دەبوو لەگەڵ تەرخانكردنی قەرزی وڵاتی چین بۆ دروستكردنی خوێندنگە لە عیراقدا، هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام ئەوە نەكراوە، كە لە كۆی 1000 خوێندنگە دەبوو 150ی لە هەرێم دروستبكرێت.