ئەو ژنەی سێ نەوە کۆیلایەتی پێکراوە

10:33 - 2022-06-25
ڕاپۆرت
745 جار خوێندراوەتەوە

و: دڵان سامان

دۆنا ماریا-ی 85 ساڵ هەموو ژیانی وەکو کارگوزار بەسەر بردووە لە ماڵی خێزانێک لە ریۆ دی جانیرۆ-ی بەرازیل، بەردەوام لەنێو ئەم خێزانەدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گوازراوەتەوە واتا لە باوکەوە بۆ کوڕەکەی لەویشەوە بۆ نەوەیەکی دیکە، بەڵام ژیانی ئەم ژنە بەتەواوەتی گۆڕا کاتێک لە یەکەم دووشەمەی مانگی ئایاری ئەمساڵدا پشکنەری کارگوزاری ماڵان ئەلیکساندار لیرا پێی راگەیاند جارێکی دیکە لەگەڵ ئەو خێزانەدا ناژی کە لەتەمەنی 13 ساڵییەوە لەگەڵیاندا ژیاوە و کاری بۆ کردون، دۆنا وای هەستدەکرد دونیاکەی داڕماوە، هۆکاری ئەوە تێنەدەگەیشت کە بۆچی جارێکی دیکە ناچێتەوە ئەو ماڵە و لەو پشکنەرە دەپاڕایەوە رێگەی بدات بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی راهاتووە بژی، ئەلیکساندرا کە ئەم ژنەی دوای 72 ساڵ لە کارکردن بۆ خێزانی ماتوس مایا لە کۆیلایەتی رزگارکردووە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە مووچە یان مۆڵەتێکی بدەنێ دەڵێت «ژێردەستەیی لە قسەکانیدا دیاربوو کاتێک دەیوت: دەبێت بڕۆمەوە بۆئەوەی نانبدەم بە خاتوو یونی، گرنگی پێبدەم و بیشۆم، ئەگەر نەگەڕێمەوە رەنگە بمرێت،
 وای هەستدەکرد ئەو بەرپرسە لە خانمەکەی» دونیای دۆنا تەنیا لە چوارچێوەی دیوارەکانی ئەو ماڵەدا دەسوڕایەوە و تا ئێستا وەکو حاڵەتێکی دیکەی لەم جۆرە کۆیلایەتییە لە بەرازیل ئاشکرا نەکراوە.  

لە بەرازیل  ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و کارگوزاری ماڵان هەن، کۆڵەکەی سەرەکی خێزانە دەوڵەمەندەکانن، زۆربەشیان رەشپێستن و لە خێزانە زۆر هەژارەکانن

نەزانیی لەبارەی مافەکانەوە
بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە دۆنا ماریا کە ناوێکی خوازراوە بۆ پاراستنی ناسنامەکەی دەسەڵاتی پۆلیسی ئەو شارە لێیانناوە نە مێردی هەبووە نە منداڵ تەنانەت هاوڕێشی نەبووە و هیچ شتێکی لەبارەی مافەکانی کارگوزاری ماڵانەوە نەزانیووە.
خاتوو یونی لە ژووری سەرەکی ماڵەکەدا دەژی لەگەڵ ئەندرێی کوڕیدا، دوای شکات لێکردنیان لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە پشکنەر ئەلیکساندرا چوو بۆ سەردانیکردنی ئەو ماڵە و ئەوانیش بۆ پاساو ‌هێنانەوە لەبارەی بوونی دۆنا ماریا لەو ماڵەدا لەو حاڵەتانەدا دیارترین بیانوو کە خێزانی ماتوس مایا پەنایان بۆ بردووە بریتی بووە لەوەی «وەکو ئەندامێکی خێزانەکەمان وایە» چونکە زۆرجار ئەو بیانووە یارمەتیدەر دەبێت بۆ شاردنەوەی تاوانی ئیستیغلالکردنی کارگوزار و کرێکاران.
کارگوزاری خێزانە دەوڵەمەندەکان
زیاتر قوربانییەکان کارگوزاری ئەو خێزانە دەوڵەمەندانەن کە لە دۆخی نامرۆییدا ئیستیغلالیان دەکەن وەکو ئەم حاڵەتەی دۆنا ماریا، کاتێک تەنیا لەسەر تاکە قەنەفەیەک لە راڕەوی دەرەکیی نزیک ژووری خانمەکەی دەخەوت تاوەکو هەمیشە ئامادەبێت هەر کاتێک خانمەکەی پێوستی پێی بێت، ئەو پشکنەرە پێیوایە ئەو خێزانە نزیکەی 1.5 ملیۆن ریس واتا 300 هەزار دۆلار مووچەی دۆنا ماریا قەرزدارن.
لە بەرازیل  ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و کارگوزاری ماڵان هەن، کۆڵەکەی سەرەکی خێزانە دەوڵەمەندەکانن، زۆربەشیان رەشپێستن و لە خێزانە زۆر هەژارەکانن، دۆنا ماریاش نموونەی ژنە رەشپێستێکە کە پاشماوەی کۆیلایەتییە لە ئێستای بەرازیلدا، بەڵام ئەم دۆخە بێوێنە نییە، بۆیە لە شاری ریو دی جانیرۆ وەکو ساینا موتا پسپۆری کۆمەڵایەتی تەمەن 33 ساڵ باسی دەکات هەمیشە کاریکردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قوربانیانەی لەلایەن خێزانە دەوڵەمەندەکانەوە کۆیلایەتییان پێدەکرێت و ئەوەش بەشێکە لە پرۆژەیەک بە ناوی «کاری یەکانگیر» کە وەزارەتی کاری گشتی پێکیهێناوە لە ریۆ دی جانیرۆ و کاریتاس کاتێک هەموو درکیان بەوە کرد تەنیا رزگارکردنی ئەو کرێکارانە لە کۆیلایەتی نێو ماڵەکان بەس نییە.
پرۆژەکە جەخت لەوە دەکاتەوە سەرەتا کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانە بکرێت کاتێک کۆیلەکان لەو خێزانانە جیادەکرێنەوە کە لەگەڵیاندا ژیاون، پاشان هاوکاریی پێشکەشی قوربانییەکان بکرێت تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی سەربەخۆ بژین ساینا موتا دەڵێت: «پەیوەندی نێوان کۆیلەکان و ئەو خێزانانەی تێیدا ژیاون زۆر بەهێزە، ئەوان وا هەستدەکەن ناچارن لەگەڵ ئەو خێزانانەدا بمێننەوە، چونکە وا دەزانن هەر کاتێک لەو خێزانە بچنە دەرەوە مەسەلەکان زۆر بە خراپی تێکدەچن».
یادی رزگاربوون لە کۆیلایەتی
ئەو حاڵەتەی دۆنا ماریا لە 13 ئایاری مانگی پێشوودا رەگەیەندرا لە کاتێکدا لە بەرازیل یادی تێپەڕبوونی 134 ساڵ بوو بەسەر نەمانی کۆیلایەتیدا
کاتێک شازادە ئەلیزابێس یاسایەکی ئیمزا کرد لە ساڵی 1888 دا لە کۆشکی ریۆ دی جانیرۆ بە ناوی یاسای زێڕین و تێیدا بە پێی یاسا لە بەرازیل کۆیلایەتی قەدەغەکرا، بەڵام کۆتایی نەهات، چونکە دوای بە تاوان ناساندنی کۆیلایەتی لە بەرازیل هیچ کار یان خوێندن پێشکەش بەو پیاوانە نەکرا کە لە کۆیلایەتی رزگاریان ببوو، ئەوانەی لەلایەن کۆچەرە سپی پێستە ئەوروپیەکانەوە بێ کار ببوون، بۆیە بەهۆی بێ دەسەڵاتیی و بێ کاریی ئەو کۆیلانەی رزگارکرابوون زۆریان بە ناچاریی و پێیان باشتر بوو بگەڕێنەوە بۆلای خاوەنەکانیان و لێیان دەپاڕانەوە لە پێناو کارکردنیان وەکو کۆیلە نان و شوێنی مانەوەیان پێبدەن.
سەرچاوە: الامارات الیوم 

بابەتە پەیوەندیدارەکان