خوێندنەوەی: شێرزاد حەسەن
1 – 2
- گەڕانەوەیەک بۆ رابردوو:
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە، من ‹یاسین قادر بەرزنجی›م وەک شانۆکار و نووسەرێک ناسیوومە کە لەنێو بازنەی شانۆدا فرە بەهرە و چالاک بووە، سەرباری ئەرشیفکردنی کۆی چالاکی دنیای شانۆگەری لە کوردستان، بە تایبەتیش سلیمانی، هاوکات وەک وەرگێڕێک خولیای وەرگێڕانی شانۆگەری بووە لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، ساڵانێک تێپەڕین یەکەمین کتێبی خستە بەردەستی من، لە سەر و بەندی ساڵی دووهەزاردا، کە پەیوەست نەبوو بە جیهانی شانۆگەری دراما، لەژێر تایتڵی «مەرگی وەنەوشە» وەک ژانرێکی تازە بە (چیرۆکی رۆژنامەنووسی) بە خوێنەرانی ناساند، بۆ من ناوازە و نوێ و سەرکێشی بوو لە لایەن ئوستاد ‹یاسین قادر بەرزنجی›ییەوە، لەوساوە تا هەنووکە پێنج جار چاپ و بڵاوکروەتەوە، دیارە بەو نیازەوە خستییە بەردەستم تا هەڵسەنگاندنێكی بۆ بکەم، لە باری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و فیکرییەوە، هەڵبەتە ئامادباشی خۆم نواند، بگرە لە کۆڕێکی ئاوەداندا یەکێک بووم لەوانەی شەن و کەوی کۆی کتێبەکەییم کرد کە بە هەق جیاواز و دانسقە بوو، زۆربەمانی غەمگین و داخدار و تووڕە کرد، چونکە ئەلبووم و ئەرشێفکردنی نالەبارترین دۆخی کچان و ژنانی قوربانی بوون کە بە دەستی باوان و مام و خاڵ و برا و مێرد و کوڕگەلی تیرە و هۆز و خێڵگەلێکی دەستخوێناوی بوون، پتر لە قەسابخانە و کوشتارگە دەچوو، تەنها دە ساڵ دوای رۆژگاری راپەڕین و هەوای کەم و کورتی ئازادی تێپەڕیبوو.
ئەوەی لە بیری مندا مابێت وەک پوختە و ناوەڕۆکی کتێبی ‹مەرگی وەنەوشە› لەوەدا چڕی دەکەمەوە، ئەفسوون و سیحری کۆی چیرۆکەکان زێدە راستەقینە و دراماتیک و تراژیک بوون تیایدا کچان و ژنان ببوون بەو قوربانییەی کە شایستەی سزایەکی وەها خوێناوی و جەرگبڕ نەبوون.. بە رەهایی. لە دێر زەمانەوە وتراوە دەکرێت؛ واقیعێکی وەها تاڵ و کوشندە هەن لە خەیاڵ و فانتازیا سەیر و سەمەرە و جەرگبڕترە کە هەمان هەست و نەستی بە من بەخشی. کۆی چیرۆکەکان بەدەرن لە خەیاڵ و فانتازیا، کەچی بە حەز و تەماعی ئەوە دەخوێندرێتەوە کە دەمانخاتەوە ناو بازنەی فیکشن و رۆحی داستانئامێز، کە زادەی ترس و تۆقینێکی هەناسەبڕ بووە، هەر وەک چیرۆکەکانی پۆلیسیی و دیتێکتیڤ کە نوقمە لە ترس و هەترەش و زەندەقچوون، ئەوەی لە زەین و یادەوەری من ماوە؛ پەیوەست بە گەڕانەوە بۆ کتێبی ‹مەرگی وەنەوشە›، دڵنیام دەکاتەوە کتێبی دووەمینی لەژێر ناوی «چاوەکانی تابان: وەک کۆچیرۆکی ڕیپۆرتاژی رۆژنامەنووسی» کە لەم رۆژانە و لە مانگی ‹گەلاوێژ›دا ئاهەنگی پەخش و بڵاوکردنەوەی بۆ ساز کرا بە ئیمتیازەوە، رێک و راست، هەر هەمان قەسابخانە و کوشتارگای کچان و ژنانە کە لە ساڵی دووهەزاردا لە «مەرگی وەنەوشە» خوێنبەربوونەکەیم بینی، بە خەمێکی کوشندەوە.هەر هەمووشی بە بیانووی شکان و لەوتاوبوونی ‹ شەرەف› و حەیابردن و کڕینەوەی نامووسپەرستی؛ ئابڕووبەرانە لەسەر ئاستی بنەماڵە و رۆحی دەمارگیری خێڵگەرایی و کڕێنەوەی ‹شەرەف›ی خێزان و تیرە و هۆز و تایەفەگەری.
- ژنێتی بە مەرجی سڕینەوەی ناسنامەکەی
کتێبی دووەمین: «چاوەکانی تابان» کۆپی – پەیستی یەکەمین کتێب نییە بە نێوی «مەرگی وەنەوشە». گەرچی هەمان خوێنخۆری و خوێنباران و دراماتیک و تراژیدیایە بە خەم و قەهرێکی تازەوە، کە ترسناکترین بەڵگە و گەواهییە بە درێژایی ماوەی ئەم سی و سێ ساڵە دۆخ و پێگە و ڕەوشی کوشتارگەی کچان و ژنان هیچ گۆڕانێکی بە خۆیەوە نەدیوە، واقیعێکی کارەساتبارە بەسەرهات و ماجەراکانی لە خەیاڵ و ئەفسانە و داستانی ‹هەزار و یەک شەوە› دۆزەخیترە و بگرە قابیلی مەزەندەکردن نییە و تێپەڕی کردووە.
دیسانەوە لەسەر ئاستی زمان، هەردوو کتێبەکە ناوازەن و بە رۆحێکی رەخنەگرانە و ئەمەکدارانە نووسراون، بارگاوین بە هەناسە و هەوای لاواندنەوە و دڵنەوایی و گەرمە شین و تازییەباری خۆی نواندووە، زمانێکی ئاسان بۆ تێگەیشتن. لە ناوئاخن و دوتوێی چێرۆکە غەمناکەکان؛ هەست بەوە دەکەین نووسەرەکەمان زێدە وروژاوە، بەڵام بەدەر لە تێکچوونی ریتم و سەبک و داڕشتنی کۆی کتێبەکان، بەدەر لە هەڵچوون و داچوون و جۆش و خرۆشی نمایشکارانە؛ هاوکات بزرنەکردنی ئەو رۆحەی بتوانین کتێبەکان بە دیوە ئاوەز - هەژێن و عەقڵزەدەکەی بیخوێنینەوە، بەڵکو واشیکردووە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بکەوینە دوای رووداوە جەرگبڕەکان؛ لە باری تەکنیکییەوە ئێمەی خستۆتە نێو گرێچنی و و تانوپۆی رێکچنراوی شاکارەکەی کە وایکردووە بە خۆیانەوە هەڵمانبواسن؛ بە مەرجی دابڕنەبوون لە کۆی ئەو زیندەگییە دراماتیکییەی کە دادگاییکردنێکی تێدایە بۆ کۆی دامودەزگای دەوڵەتداری و خودی کەلتووری ناسراو بە کەلتووری ژنکوژی، چ لێرە و چ لە ئاوروپا و چ وڵاتانی دیکەی «خۆرئاوا».
بۆ من خوێندنەوەی چیرۆکەکانی نێو کتێبی « چاوەکانی تابان»› هەر وەک کتێبی «مەرگی وەنەوشە» کوشندە و جەرگبڕ بووە، بە تایبەتی کە دیسانەوە کۆی قوربانییەکان کچگەل و ژنگەلی ئەم وڵاتە خاکەسارە بوون، ئەو بوونەوەرانەی لەبەردەم هەر هەموو ستەم و هێرش و پەلامار و جۆرەکانی چەوساندنەوە بەبێ چەک و قەڵغان وەستاون، ئەم چیرۆکانە چەندین ئەشکەوتی تاریکی نێو رۆحی هەزارەهای بە من ئاشنا کرد کە سەیر نییە لە دونیایەکدا دەژین دوچاری «فێمی فۆبیا» بووە و ژنان و کچان و کۆی رەگەزی مێێنە بە سەرچاوەی فسق و فیتنە و فاحیشە و فجور و فەساد دەزانن، گەر بەرەهاییش وا نەبێت، ئەوە خودی کوشتارگەکەی نێو «رۆژهەڵاتی ناوەراست» بەڵگە و گەواهی دەدات؛ کە من ساڵانێکە ناوم ناوە «رەشهەڵاتی ناوەراست».
لە میانەی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانەوە پتر بۆم دەرکەوت و زانیم چ بکوژێک لە ناو هەر یەکێکماندا هەیە و دەژی و دەکرێت خەوتبێت بۆ ماوەیەک، بەڵام هەر کات گوێی لە وشەی «شەرەف» بوو؛ یەکاندەردوو دەمارگیرانە خوێنخۆرانە بێدار دەبێتەوە و خوێن بەری چاوەکانی دەگرێت و تەنها بە خوێنڕشتن هێور دەبێتەوە.
دواندنی چاوەکانی تابان
- هێلانەی یەکەمین
لێرە بە دواوە هەوڵدەدەم بکەومە پشکنینی ئەو کانگە و سەرچاوە و پاشخانی فیکری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەی کە زادەی کەلتوورێکە دنیای نێرینەی ئێمەی تەنیوەتەوە لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە، کە بێ رەگوڕیشە نییە، مەرجە بزانین پێویستیمان بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئاکادیمی و نائەکادیمی هەیە تا ئەو بنج و بنەوانە بدۆزینەوە کە وایکردووە ئەم قەسابخانە و کوشتارگەیە بەردەوام بێت و خوێنبارانیش نەوەستاوە و ناشوەستێت!
هیچ گومانێکی تێدا نییە بۆ ئێمە؛ خۆشەویستی و هەم نائومێدبوون لە خۆشەویستیی، هێز و ویست و هەم ناسکی و میهرەبانی لە رێگەی ژنەکانەوە دەناسین، بە تایبەتیش لە دایکانمانەوە، هەر یەکێک لە ئێمە دوو جار لە دایک دەبێت: یەکێکیان لە دامێنی دایکی خۆمانەوە دەکەوینە خوارەوە و مامانێک کە ئەویش هەر ژنە و هەم دایکە ناوکمان دەبڕێت، لە دایکبوونی دووەمیان لەو ژنە لەدایک دەبینەوە کە خۆشەویستی و میهری بە ئێمەی نێر بەخشیوە، مەبەستم هاوژینێکە تەمەنێک پێکەوە بەش دەکەین، یانژی ئەو ژنانەی کە خۆشمانویستوون و خۆشیانویستووین، لەژێر ناو و تایتڵی جیاوازدا، بەڵام هاوکات ژیان و مەرگمان بە تەنها وابەستەی دایکمانە، دایک تاکە هێلانەیە دوای فڕین بە ناو هەر هەموو ئاسمانەکان و گەیشتن بە هەر حەوت چینەکانی و عەرشی فەلەک، دوا جار هەر ناچارین بگەڕێینەوە ناو هێڵانە گەرم و بۆنخۆش و گوڵڕێژەکەی ئەوان، بەڵام زۆر درەنگ بەو راستییە دەگەین، ئەوەندە ملهوڕ و بێباکین، تا ئەو ساتەی پەڕ و باڵەکانمان هەڵدەوەرێن، بەفر و باران و هەتاوی بە تین و تاوی ئاسمانەکان بڕستمان لێدەبڕن و شەکەتمان دەکەن، ئەوسا دەگەڕێینەوە ناو هێلانەکانی دایکانمان، دیارە زۆر جارانیش فریا ناکەوین لە باری واقیعی و بە کۆنکریتی بگەڕێینەوە ناو باوەشی ئەوان، بەڵام وەک مەزەندە و بە زەبر و هێزی لەبن نەهاتووی فانتازیا و خەیاڵەوە، بە نۆستالژیا بۆ هەمیشە دەمانبانەوە ناو منداڵدان و ئامێزی خۆیان.