كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێک بە دەریای فەلسەفەدا

12:41 - 2024-08-01
ئەدەب و هونەر
1172 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(6)

سۆکراتی شێت

 
ئیمڕۆ باسی دایۆجینێسی سینیک (گاڵتەجاڕ)تان بۆ دەکەم. ئەگەر سەیری بەرواری ژیان و مردنی بکەین (421 – 332 پ.س) دەبینین لەکاتی ژەهرخواردکردنی سۆکراتدا هەشت ساڵێک لە ئەفلاتون منداڵتر بووە و دە ساڵێکیش پێش ئەرەستۆ مردووە. ئەمە یانی چی؟ ئەم پیاوە نەوەد ساڵێک ژیاوە و هاوچەرخی هەرسێ فەیلەسوفە مەزنەکە بووە. پێناچێت هیچ کەسێکی دیکە ئەمەی بۆ رەخسابێت.
کاتێك دایۆجینێس (421 – 323) لەدایک دەبێت سۆکرات تەمەنی پەنجا ساڵان دەبێت، بەمجۆرە لەکاتی ژەهرخواردکردنی سۆکراتدا بیست ساڵ تەمەنی بووە، واتە نزیکەی هەشت ساڵێک لە ئەفلاتون منداڵتر بووە. وەک لە بەرواری لەدایکبوون و مردنییەوە دەردەکەوێت، دایۆجینێس هاوچەرخی سۆکرات و ئەفلاتون و ئەرەستۆش بووە. ساڵی مردنیشی هەر هەمان ساڵی مردنی ئەرەستۆیە. لێرەدا زۆر گرنگی بە وردەکارییەکانی ژیانی نادەم و هەوڵ دەدەم ژمارەیەک لەو چیرۆک و گیڕانەوە سەمەرانە بگێڕمەوە کە لەبارەیەوە تۆمارکراون

یەکێک لەو کارانەی لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتوندا ئەنجامدەدرا، هەوڵدان بوو بۆ دۆزینەوەی پێناسەی گشتگیر بۆ چەمکەکان

 

 

(1)
لەناو گڵێنەیەکدا (کووپەی زۆر گەورە) دەژیا، هەستی نەدەکرد پێویستی بە ماڵێک بێت تێیدا بژی، گاڵتەشی بەوانە دەکرد کە هەوڵیان دەدا ماڵی رازاوە و پڕ لە کەلوپەلیان هەبێت. جگە لە کوپەڵەکە و جلەکانی بەری، تەنها جامێکی ئاوخواردنەوەی هەبوو. بەپێی پەتی دەگەڕا، سواڵی خواردنی دەکرد، هاوینان دنیا زۆر گەرم دەبوو، زۆرجار دەیانبینی لەسەر لمە داخەکە تەپاوتل دەکات. زۆرجاریش زستان کاتێک پەیکەرەکانی ئەسینا بەفر دایدەپۆشین، دەچوو  باوەشی پێدا دەکردن و ماچی دەکردن.دەتوانن ئەندێشە بکەن کە زۆرجار بینراوە لەناو بەرمیلەکەیدا و بەرامبەر خەڵک خەریکی ئەو کارە بوو کە لە سایکۆلۆجیادا پێی دەڵێن 'خووی نهێنی'. من ئەندێشە دەکەم ئەگەر یەکێک بیوتایە: 'هێی دایۆجینێس، شار پڕە لە ئافرەتی جوان و رازیکردنیشیان زەحمەت نیە، لەوانەشە هەر بۆ شانازیکردن بە نووستن لەگەڵ دایۆجینێسدا، زوو سازببن، ئیتر بۆچی وادەکەیت؟" ئەویش دەستی بەرزدەکردەوە و دەیووت: "ئەی ئەم دەستانەم بۆچیە؟"

(2)
لە لاویدا زۆر بە ئەنتیسینێسی قوتابی سۆکرات سەرسام بووە، هەوڵی دەدا لای ئەو بخوێنێت، بەڵام ئەو فەرامۆشی دەکرد، چەند جارێک داواکەی دووبارە کردەوە، تا رۆژێکیان ئەنتیسینێس پەست بوو، دارێکی گرت بە دەستەوە و کەوتە لێدانی. دایۆجینیسیش وتی: لێدە، دامپڵۆسە؛ هیچ تەختەیەک لە دنیادا نیە ئەوەندە رەق بێت بتوانێت من لە تۆ دوور بخاتەوە؛ من دەزانم زۆر شتت هەیە بە منی بڵێیت، تا ئەوەشم دەستگیر نەبێت لێت دوورناکەومەوە.'
لەکۆتاییدا لەپاڵ ئەنتیسینێسدا دایۆجینێسیش بە یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی قورتابخانەی سینیسیزم دادەنرێت. قوتابخانەیەکی رەشبین، متمانەی بەوە نەبوو کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی چاک بێت. یەکێک لەوانەی زۆر بەم قوتابخانەیە سەرسام بووە، شۆپینهاوەر بووە.

(3)
رۆژێکیان منداڵێک دەبینێت راکشاوە و دەمی ناوە بە ئاوی کانییەکەوە و ئاو دەخواتەوە، یەکسەر جامەکەی دەشکێنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: چەند گەوجم! ئەو هەموو ماوەیە شتێکی زیادەم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرتووە." هەرخۆی ئەمە فەلسەفەکەی کورت دەکاتەوە: چەند پێت دەکرێت با کەمترین کەلوپەلت هەبێت، کاتی تۆ زۆر لەوە گرنگترە لە پێناوی پەیداکردنی کەلوپەلی زۆردا بەفیڕۆی بدەیت. ئەمەش ئاماژەیەکمان پێدەدات کە دیدێکی سۆفییانەی بەرامبەری ژیان هەبووە. هەر لێرەشەوەیە کە شەهرەستانی لە کتێبەکەیدا (میلەل و نیحەل) دەربارەی دەڵێت: 'دانایەکی بەشەوکەت و بەهیمەت بوو، خۆی لە دنیا دابڕیبوو، خاوەنی هیچ نەبوو، تەنانەت ماڵێکی نەبوو لێی بخەوێت.'

(4)
زۆرجار بە رۆژی رووناک بەناو شاردا دەگەڕا و چرایەکیش بە دەستییەوە بوو. لێیان دەپرسی: 'بۆچی وادەکەیت؟' ئەویش وەڵامی دەدایەوە: 'بەدوای مرۆڤدا دەگەڕێم' تۆ بڕوانە! لەناو ئەسینای شاری فەیلەسوف و سیاسەتمەدار و زانا و پزیشک و ئەدیب و وەرزشوانە مەزنەکاندا، بە چرایەکەوە بەدوای مرۆڤدا بگەڕێیت و دەستت نەکەوێت! بێشک پێویست ناکات بۆتان روون بکەمەوە ئەو مەبەستی مرۆڤی کامڵ بوو، ئەوەی نزیکەی 24 سەدە دواتر نیچە پێی دەڵێت مرۆڤی باڵا. بەڕاست! ئەگەر لە شارەکەی خۆماندا هاوشێوەی دایۆجینێس بەدوای ئەو مرۆڤەدا بگەڕێین، دەیدۆزینەوە؟ شتێکی تر: ئەگەر سبەینێ چرایەک بگریت بە دەستەوە و بچیت بۆ بازاڕ، کاردانەوەی خەڵکەکە چی دەبێت؟ دەبینیت! مرۆڤی ئەسینای ئەو کاتە، چەند سنگفراوانتر بووە لەمانەی لای خۆمان!

(5)
یەکێک لەو کارانەی لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتوندا ئەنجامدەدرا، هەوڵدان بوو بۆ دۆزینەوەی پێناسەی گشتگیر بۆ چەمکەکان. لەکاتی پێناسەکردنی مرۆڤدا دەگەنە ئەمە: "بوونەوەرێکە لەسەر دوو قاچ دەڕوات و پەڕیشی پێوە نیە." کە دایۆجینێس ئەم قسەیە دەبیستێتەوە، دەڕوات مریشکێک دەهێنێت و هەموو پەڕەکانی هەڵدەکێشێت و فڕێی دەداتە بەردەم ئەفلاتون و قوتابییەکانی و دەڵێت: ئەمە مرۆڤەکەی ئەفلاتونە." پێدەچێت هەر لەو ماوەیەدا بووبێت کە ئەفلاتون دایۆجینێسی بە سۆکراتی شێت ناوبردبێت."

(6)
ڕۆژێکیان لەناو گڵێنەکەیدا پاڵی دابۆوە، لەپڕ دنیا دەبێت بە سێبەر، دەبینێت ئەلەکساندەری پادشای ماسیدۆن، کە گەلێک چیرۆکی دەربارەی بیستبوو، لەگەڵ چەند پاسەوانێکیدا لەبەردەمیدا وەستاوە. دەپرسێت: "تۆ کێیت؟" وەڵامی دەداتەوە: 'من ئەلەکساندەری مەزنم. ئەیش دەڵێت 'منیش دایۆجینێسی سەگم'. بەهۆی شێوازە سەیرەکەی ژیانییەوە خەڵک نازناوی 'دایۆجینێسی سەگانی'شیان پێبەخشیبوو، خۆشی زۆر دڵی پێی خۆش بوو. 
پادشا لێی دەچێتە پێشەوە و دەڵێت: 'دەبینم شتێکی ئەوتۆت نیە، من چیت بۆ بکەم؟'، دایۆجینێس وەڵامی دەداتەوە: 'شتێکم بۆ بکە، بەری هەتاوەکەم لێ مەگرە.' ئەم وەڵامە زۆر سەرسامی دەکات، ئاوڕێک بۆ ئەوانەی لەگەڵیدان دەداتەوەو دەڵێت: 'بڕوانن، ئەم بەرمیلە پڕێتی لە دانایی. من ئەگەر ئەلەکساندەر نەبوومایە، دایۆجینێس دەببووم' دەڵێن دایۆجینێسیش لەبەرامبەردا وتوویەتی: 'منیش ئەگەر دایۆجینێس نەبوومایە، دایۆجینێس دەبووم.' یاخود لە گێڕانەوەیەکی تردا وتوویەتی: 'ئەگەر دایۆیجینێس نەبوومایە، ئەوە هەرکەسی دیکە بوومایە گرنگ نەبوو جگە لە ئەلەکساندەر.'
ڕۆژێکی تر دایۆجینێس لەبەردەمی گۆڕستانی شاهانەدا ڕاوەستابوو خەیاڵی دەکردەوە، ئەلەکساندەر لەوێوە دەڕوات، گالیسکەکەی ڕادەگرێت و دەچێتە لای و دەپرسێت: 'سەیری چی دەکەیت' ئەویش دەڵێت: 'دەمەوێت ئێسکەکانی باوکت بناسمەوە، بەڵام لەگەڵ ئێسکی کۆیلەیەکەیدا بۆم لە یەک جیاناکرێنەوە.' ئەلەکساندەر ئەم قسانەی بەلاوە سەیر بوو، دیۆجینیش کە درکی بەمە کرد، وتی: 'دەزانی بۆ؟ چونکە مەرگی ستەمکار جیاوازییەکی ئەوتۆی لە مەرگی سەگ نیە.'

(7)

ڕۆژێکیان لە ئاگۆرا دانیشتبوو نسکێنەی دەخوارد. بەپێی یاساکانی شار، قەدەغە بوو کەسێک لەسەر شەقامی ناو شار دابنیشێت و شت بخوات. بەڵام دایۆجینێس کەسێکی یاخیبوو، گاڵتەی بە بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئاکاری باوی خەڵکی سەردەمەکەی دەهات، جگە لەوەش لای خەڵک خۆشەویست بوو، بۆیە لێگەڕابوون بە ئارەزووی خۆی رەفتار بکات.
پاروویەک لەدەمیدا بوو، یەکێک لەوێوە رۆیشت و بە گاڵتەوە پێی وت: 'ئەگەر خۆت لە پادشا و پیاوە گەورەکان نزیک بکردایەتەوە، ئەوە نسکێنەت نەدەخوارد، ' دایۆجینێس بە پەلە پارووەکەی قووت دەدات و دەڵێت: 'ئەگەر تۆش نسکێنەت بخواردایە، ماستاوت بۆ نەدەکردن.'
جارێکیان کەسێک پرسیاری لێدەکات: 'بۆچی لەناو ئاگۆرا و لەسەر شەقامەکان نان دەخۆیت، ئەمە شتێکی نابەجێیە!' دایۆجینیسیش دەڵێت: 'بەڕاست! هەر نانخواردنەکەی من؟ دەتوانیت شتێکی ئێرەم پێ بڵێیت بەجێ بێت؟'

(8)
قسەی جیاجیا دەربارەی مردنی هەیە، هەندێک دەڵێن ئۆکتاپوس (ئەختەبووت)ێکی بە کاڵێ خواردووە و ئەوە بۆتە هۆی مردنی. دەشوترێت لە کۆتاییدا سەگێکی هار گازی لێگرتووە و بەهۆیەوە مردووە. لەکاتی سەرەمەرگدا پرسیاری لێدەکەن لەکوێ بینێژن، ئەویش داوا دەکات تەرمەکەی لە دەرەوی شووراکانی شار فڕێ بدەن. بەڵام یەکێک لە قوتابییەکانی ئەمەی پێخۆش نابێت و دەڵێت: 'لەو دەشتە قەل و داڵ لاشەکەت دەخۆن، ئەمە زۆر خراپە.' ئەویش بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت: "دەی کەواتە دارێکم بدەنێ با پێم بێت.' قوتابییەکە دەڵێت: "جا مردوو، داری بۆ چیە؟' دیۆجینیش پێدەکەنێت و دەڵێت: 'ئەی لاشەی بۆ چیە؟'
لەگەڵ ئەوشدا، وەسێتەکەی جێبەجێ نەکرا، دۆستەکانی بە باشترین شێوە ئەسپەردەی خاکیان کرد و مەزارێکی جوانیشیان لە مەڕمەڕ بۆ دروست کرد و ستونێکی گەورەیان لەسەر دانا و لەسەر ستوونەکە پەیکەری سەگێکیان دانا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان