دۆسێی خانەنشینیی هێزەكانی 70 دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی

01:12 - 2024-08-01
کوردستان
191 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
لەچوارچێوەی یەكخستنی دۆسێی سەرجەم خانەنشینانی سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی هێزەكانی 70 هەنگاوەكانی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردووە و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت: گواستنەوەی دۆسێی خانەنشینیی هێزەكانی 70 بۆ سەر وەزارەتی دارایی وادەكات هەمان مافی خانەنشینەكانی دیكەیان هەبێت.
فەتحوڵڵا عومەر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەموو ئەو خانەنشینانەی لەسەر هێزەكانی 70 بوون بە نووسراوی رەسمی رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە كران، بڕیارە دوای وردبینی لە ناوەكانیان و لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدا ژمارە دووی ساڵی 2020 سەرجەم دۆسێكانیان ئاراستەی وەزارەتی دارایی بكرێت، وتیشی: گواستنەوەی دۆسێی خانەنشینیی هێزەكانی 70 بۆ سەر وەزارەتی دارایی وادەكات ئەو خانەنشینانە هەمان مافی خانەنشینانی سەر بە وەزارەتیان هەبێت، بەتایبەتی لە مووچەدا و بەگوێرەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش مووچەی سەرجەم خانەنشینی هەرێم هاوشێوەی عیراق دەبێت، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی دەرچوونی رێنمایی دەكەین لەوبارەیەوە، تا جارێكی تر پێداچوونەوە بە دۆسێكانیاندا بكرێت.
جێگری بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە رەتیدەكاتەوە فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بە خانەنشینانی هێزەكانی 70 نەدرێت و رایگەیاند: گواستنەوەی دۆسێی ئەو خانەنشینانە پەیوەندیی بە پرسی وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوونەوە نییە وەك باس دەكرێت، چونكە بڕیاری دابەشكردنی زەوی سەرجەم مووچەخۆران دەگرێتەوە و جیاوازی ناكرێت.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان