تابلۆی ژنبوون...

02:22 - 2024-08-01
ئەدەب و هونەر
207 جار خوێندراوەتەوە


ئەم تابلۆیانە دەشکێنم
‎توڕەبوونم بە باڵای لە دایکبوونما هەڵدەواسم،
‎دەرگای باخچەکان دەردێنم،
‎شار بەرد باران دەکەم.
‎بە خوێنی رژاوی ژنێک
‎لە سەر دوا دیواری شار دەنوسم 
ئێوە نابینین ژن بوون لەم جەهەنمەی ئێوەدا
 چەندە سەختە!
‎یەک بە یەکی نۆتەی مۆزیکەکان
‎زیندەبەچاڵ دەکەم،
‎لێو و پرچ و لەنجە و لار و چاوی جوان
‎لە گۆرانییەکان دەسێنمەوە،
‎عاشق بوون بە پەتی سێدارەدا هەڵدەواسم
‎پێتان دەڵێم:
‎تا رەشوەی ئەسپی گەردەلولم بەرنەداوە
‎تا دەرگام لەسەر ڕەشەبا نەکردووەتەوە،
‎تا بە مانگم نەوتووە تریفەی خۆی دابشارێت،
‎فریاکەون و بە هانای ژنبوونەوە بێن.
‎بهێڵن با هەناسە بدەین،
‎کە پرچمان با بیشەکێنێ
‎بهێڵن با بەسەر
‎لاشەی شیعردا رێبکەین...
‎نامانەوێ کەوشەکانمان لەسەرچاوتان دابنێین.
‎چی تر بوەستن و ئاوڕبدەنەوە
‎مێژوویەک لە خوێنی ژن
‎دەریایەک لە خنکاندنی ژن
‎لەسێبەری شیعرە رۆمانسییەکاندا هاوار دەکات
‎دەرگای شار دابخەن
‎هاتنەدەرەوە لە ماڵ رابگەیەنن
‎تا ئەو کاتەی ژن،
‎دایکایەتی بە خوێنی میهرەبانی
‎ لەسەر ئاڵای وڵات دەنوسێتەوە.
‎تا ئەو کاتانەی دایک دەبێ بە خۆی
‎ژیان لە ئینجانەی ژنبووندا سەوزتر دەڕوێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان